لە دەوری حکوومەتی کۆڵەمنی میسردا (عەسری هەشتەم)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 9 خولەک  800 بینین

موئەلیفی «صبح الاعشی» بە گوێرەی «مسالک الابصار» و «التثقیف» ئەڵێ: عەشائیری کوردی «جیبال ئەلئەکراد» بیست و چوار مەنتیقەیان داگیر کردبوو. ئەم «جیبال ئەلئەکراد»ە، ئەو چیایانەیە کە وڵاتی عەجەم و عەرەبیان لێک جوێ کردۆتەوە، لە چیاکانی هەمەدان و شەهرەزوورەوە دەس پێئەکا تا حدوودی وڵاتی تەکفوور کە مەملەکەتی «سیس» و مولحەقاتیەتی و بە دەس خانەدانی «لاون»ەوەیە دەوام ئەکا.

١. دیاوشت. لە چیاکانی هەمەدان و شارەزوورە و جێگەی عەشیرەتێکی کوردە و ئەمیرێکی مەخسووسیان هەیە.

٢. درانتک. ئەم مەنتیقەیە جێگەی عەشیرەتێکی تری گۆرانە. ئەم دوو عەشیرەتە ٥٠٠٠ پیاوێکیان ئەبێ.

٣. لە دانترک و نەهاوەندەوە تا نزیک شارەزوور، مەسکەنی عەشائیری «گەڵاڵیە = گەڵاڵی»یە، زۆر موحاربن و هەزار موحاربێکیان هەیە و بە سەر خێڵاتی کوردی ئەو ناوەدا حاکمن.

٤. وڵاتێکە لە چیاکانی هەمەداندا و نزیک مەنتیقەی گەڵاڵییە و جێ و ڕێگەی عەشیرەتی زەنگلیە (زەنگەنە؟)ی کوردە. دووهەزار پیاوێکیان ئەبێ و زۆر ئازا و مەزبووتن. ڕەئیسی تایبەتیان هەیە و بە سەر وڵاتی کیکور و ئەتڕافیدا حاکمن.

٥. نەواحیی شەهرەزوور: «مسالک الابصار» ئەڵێ لەم وڵاتەدا دوو عەشیرەتی کورد بووە، لووسە، باسریە . زۆر ئازا و بەغیرەت بوون. لە دوای حادیسەی بەغدا ڕۆیشتن بۆ میسر و شام، قەومێکی تر هاتە جێگەیان کە «حەوسە»یان پێ ئەگوت و خالیس کورد نەبوون.

٦. وڵاتی بەینی شەهرەزوور و ئاشنەی ئازەربایجان، عەشیرەتی «سولیە»ی کوردی تیا بوو. دووهەزار پیاوێکیان بووە و بە شەڕکەری مەشهوور بوون و دوو فرقە بوون و دوو ڕەئیسیان بووە.

٧. وڵاتی بسقاد، مەسکەنی عەشائیری قریاویە بووە و بەعزێ نەواحی وڵاتی ئاوزبەک (ئازەربایجان) و ئی تریشیان بە دەسەوە بوو. چوارهەزار پیاوێکیان بوو.

٨. وڵاتی کرکار. مەسکەنی عەشائیری حەسنانیە (حەسانانلوو؟) بوو، سێ فرقە بوون. بەرەی عیسا کوڕی شەهابەددین، فرقەی تلیە و فرقەی جاکیە، هەزار پیاوێکیان بووە و هەر فرقەیەکیشی ڕەئیسێکی بووە.

٩. دەربەندی قەرایر. ئەم مەنتیقەیەش عەشیرەتی قریاویەی تیا بوو و موحافیزی دەربەند بوون. ڕەئیسەکەی لەگەڵ سوڵتانی میسردا موخابەرەی بوو و ناوی سەیفەددین کوڕی سیر حەسنانی بوو.

١٠. بیلادی کرچین و دەقوق ئەلناقە. عەشیرەتێکی کوردی تیا بوو . ٧٠٠ پیاوێکی بوو.

١١. بەینولجەبەلەین (تابعی هەولێر). مەسکەنی عەشیرەتێکی کورد بووە و بە قەد گەڵاڵیە ئەبوو. لە دەوری حکوومەتی مەنسووریەی قلاوندا ئەمیرێکیان بوو ناوی خزر و کوڕی سولێمان بوو. شاعیر و شەجیع بووە. زیارەتی مەلیکی میسری کرد و زۆر تەقدیر گیرا.

١٢. وڵاتی مازنجان و بیروە و سەحمە و بیلادی برانیە. مەسکەنی فیرقەیەکی مازنجانی بوو کە ٥٠٠ ماڵێک بوو. ئەم فیرقەیە مەنسووبی عەشیرەتی محەمەدییە بوو و بە فیرقەی «موبارز کاک» مەشهوور بوو. عەشیرەتی حەمیدییەی کوردیش تێکەڵی ئەمانە بوون کە ١٠٠٠ کەسێک زیاتر شەڕکەریان بوو. ئەمیری موبارز کاک لە ئومەرای دەوڵەتی عەباسی بوو و عینوانی موبارزەددینی لە تەڕەف خەلیفەوە درابوویە. ئەسڵی ناوی، «کک = کاک» بوو. لە دوای خیلافەتی عەباسی لە حکوومەتی هۆلاکۆشدا مەقامێکی بڵندی بوو و کرابوو بە حاکمی هەولێر و تەوابعی. لە پاشدا عەقر، شووش، هەرات و تەل‌هەفتوونیشی درابوویە. ئەمیری ٥٠٠ سوار بوو و بیست ساڵێک مەوقعی خۆی موحافەزە کرد و لە عومرێکی نەوەد ساڵی زیاتردا وەفاتی کرد. لە دوای ئەو، عیززەدینی کوڕی بوو بە ئەمیر و ئەم زاتەش لە سەر شوێنی باوکی ڕۆیشت و شۆرەتی پەیا کرد. لە دوای عیززەدین، نەجمەدین خزری برای بوو بە ئەمیر و تابعی حکوومەتی میسر بوو.

١٣. وڵاتی شوعلاباد تا خفتیان . لەم مەنتیقەیە عەشیرەتێکی دڕ هەبوو کە ناوی شوهریە و بە خراپەکاری و جەردەیی مەشهوور بوون. نزیک هەزار ماڵێک بوون و لە شاخان و دەربەندانی زێی گەورە بوون.

١٤. وڵاتی مەلازگرد و ڕوستاق و مرت و جەبەل‌جنجرین کە بە سەر ئۆشنۆدا ئەڕوانێ. لەم مەنتیقەیەدا عەشیرەتی زەرزاری هەبوو، ٥٠٠٠ ماڵێک بوو. وڵاتەکەیان زۆر سەخت و سارد بوو. ئەمیرەکەیان ناوی نەجمەددین باشاک بوو، بەعزێ ئیمارەتیشیان بوو. عەشیرەتی تریش لە ناو زرزاریدا بوو کە بە ناوی گوندەکەیانەوە «بالکان»یان پێ ئەگوتن، سێ‌سەد ماڵێکیان بوو و عەقەبە ئەلحان لە ژێر نەزارەتی ئەم بالکانەدا بوو. ئەمیری مەلازگرد کە حەنەشی کوڕی ئیسماعیل بوو، تابعی میسر بوو.

١٥. جووڵەمێرگ. ئەم وڵاتە مەنزڵی عەشیرەتێک بوو بەم ناوەوە، لە ٣٥٠٠ ماڵێک زیاتر بوون. لە ئەوائیلی دەوری تاتاردا حوکمداریان ئەسعەد کوڕی مەکلان بوو، لە دوای ئەو، عیمادەدینی کوڕی و لە دوای عیمادەدینیش ئەسەدەدینی کوڕی بووە حوکمدار. وڵاتەکەی دەوڵەمەند بوو و ئەنواعی مەعدەنی تیا بوو. وڵاتێکی زۆر سەخت [بوو] و کەس بۆی زەوت نەئەکرا. ڕێگەی تەورێز و خۆی و نەخچەوان لە ژێر نەزارەتیانا بوو و تابعی حکوومەتی میسر بوون.

١٦. بیلادی مەرکوان. نزیک جووڵەمێرگ و مەسکەنی عەشیرەتێکی سێ‌هەزار ماڵی کورد بوو و دراوسێی ورمێ بوو و لەگەڵ عەشائیری جووڵەمێرگدا موتتەفیق بوون.

١٧. بیلادی کواردات . ئەم مەنتیقەیەش غەربی جووڵەمێرگ کەوتبوو و زۆر بە بەرەکەت بوو. ٣٠٠٠ ماڵێکی کوردی تیا بوو و ڕەئیسێکی مەخسووسیان بوو.

١٨. بیلادی دینار. ئەولای جووڵەمێرگ کەوتبوو و عەشائیرەکەشی هەر بەم ناوەوە ناو برابوون بە دیناری . ٥٠٠ ماڵێک ئەبوو و دوو فیرقە بوون. فیرقەی میر ئیبراهیمی کوڕی میر محەمەد و میر شەهاب کوڕی بەدرەدین. لە بەینی ئەم عەشیرەتە و مازنجانیدا دوژمنایەتی هەبوو.

١٩. وڵاتی عەممادیە و قەڵای هاروون. ئەم وڵاتەش نزیکی وڵاتی جووڵەمێرگ و مەسکەنی عەشیرەتی هەکاری و ٤٠٠٠ ماڵێک ئەبوو. ئیدارەیەکی مەخسووسیان بوو، حاکمی قەڵای هاروون تابعی حکوومەتی میسر بوو.

٢٠. قەمرانیە و کەهفی داود. مەسکەنی عەشیرەتی «تبتکی» بوو، عەشیرەتێکی پچووک و دڕ بوو.

«مسالک الابصار» لە دوای باسکردنی [ئەم] بیست وڵاتەی مەسکەنی عەشائیری کوردە، باسی بەعزێ عەشائیر و کۆمەڵی کوردی تر ئەکا کە بە هەموو لایەکا بڵاو بوونەوە کە بەعزێکیان ئەمانەیە:

ـ «تحتیە» (بختیە = بوختی)، ئەم عەشیرەتە دراوسێی «حەمیدییە» بوو کە بە مرووری زەمان لە ناو چووە و تێکەڵ بە عەشائیری تری کورد بوو. چەند فرقەیەکی بوو، یەکێکیان سندی بوو کە ٣٠٠٠ موحاربی دەرهێنا. دووەمیان محەمەدی بوو و ٦٠٠ موحاربێکی بوو. سێیەمیان داسنی بوو و بەقووەت بوو. ڕەئیسەکەی میر عەلائەددین کوڕەک بوو و لە عەقرە دائەنیشت. هەزار ماڵێکی لە مووسڵدا جێگیر بوو. ٥٠٠ ماڵێکی لە عەقرە بوو، باقیشی بە ناو عەشائیردا بڵاو بوونەوە. چوارەمی، «دنیکی» بوو و هەزار ماڵێک ئەبوو.

«ئەلتەسقیف» بێجگە لەمانە باسی بیست و پێنج ناحیەی تر ئەکا کە مەسکەنی کورد و هەر بەشێکی ڕەئیسێکی جوێیان بووە. ئەم بیست و پێنج مەوقیعە ئەمانەیە: بەرجو، بلهینە، کرملیس، ئیندشت، حردقیل، سکراک، سونج، ئەکریسا، یزارکرد، ئەلزاب، زیتیە، دەربەندات ئەلعرابیلە، قەلعەتولجەبەلەین، سیدکان، ساحێب رمادان، شەعبانیە، نەمریە، محەمەدیە، کزلیک.

ساحێبی «ئەلتەسقیف» ئەڵێ ناوی ئەم جێگا و عەشائیری کوردەی لە سەر وەسائیقی ڕەسمییەی حکوومەتی میسر دۆزیوەتەوە و ئەمانە هەموو عائید بە کوردستانی مەرکزییە و حەتا هەمووشی پێ زەبت نەکراوە. چەند باش ئەبوو کە ئەم زاتە وەیا یەکێکی تریش دەرحەق بە کوردی وڵاتانی تریش مەعلووماتێکی وای بداینایە. ئینسقلۆپەدیای ئیسلام لە مادەی «کورد، جڵدی ٢»دا و لە بەحسی عەشائیری کوردی شەرقی ئێراندا ئەڵێ: لە مەنتیقەی قەرەباغی قەفقاسیادا ٢٤ عەشیرەتی کورد بووە و نفووسیان ٣٠٠٠٠ کەسێک بووە. بێجگە لەمانە لە خۆراسانیشدا عەشیرەتی گل و زەنگەنە هەبوو و عەشیرەتی «جێگان»ی کوردیش هیجرەتی کردبووە گورجستان.

ئیبنی خەلدوون لە تاریخی «بەربەر»دا باسی عەشائیری «لاوین» و «بادین»ی کورد لە جەزائیر ئەکا کە ڕەنگە لە وەقتی ئیستیلای مەغۆلدا لە شارەزوورەوە بۆ جەزائیر هیجرەتیان کردبێ.