لە ئەوائیلی ئیسلامەتیدا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 6 خولەک  887 بینین

لە چەند عەسرێکی دەوری ئیسلامدا وەتەنی قەومی کورد لە ژێر عینوانێکی مەخسووسدا نیشان نەدراوە، پارچە پارچە لە ناو تەقسیماتی ئیدارییەی خیلافەتدا وەکوو «زۆزان»، «خەیلات»، «ئەرمینییە»، «ئازەربایجان»، «جیبال»، «فارس»، «جەزیرە»، «عێراق» «بیلاد ئەلڕوم» و ... الخدا بووە.

بەم سەبەبەوە بەتایبەتی باسێکی کورد و کوردستان لە ئاساری سەیاحین و موئەریخینی عەرەبدا نابینرێ. نیهایەت لە دەوری سەلجووقییەکانا بەشێکی وەتەنی کورد (کرماشان و شارەزوور) لە ژێر عینوانی کوردستاندا ناسرا و جارجار بەتایبەتی باس کرا.

موئەریخینی عەرەب بە بەعزێ موناسەبەتی تاریخی و جوغرافییەوە کەمێ زۆر دەرحەق بە کورد دواون، مەسەلەن مەسعوودی (٣٣٢ی هیجری) و ئیستەخری (١٤٠ی هیجری) دەرحەقی کورد لە هەموو زیاتر، بەعزێ مەعلووماتی ڕێکوپێکیان داوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام). مەسعوودی لە «مروج الذهب»دا باسی ئەم عەشائیرە ئەکا: لە مەنتیقەی دینەوەر و هەمەداندا عەشیرەتی «شەهجان»؛ لە مەنتیقەی کەنگاوەردا «ماجوردان»؛ لە مەنتیقەی ئازەربایجاندا عەشائیری «هەزبەنی»، «سارات»؛ لە مەنتیقەی جیبالدا عەشائیری «شادانجان»، «لازبا»، «مادنجان»، «مزدانگان»، «باریسیان»، «خالی» (جەلالی)، «جەبارکی»، «جوانی»، «موستاکان»؛ لە مەنتیقەی سووریادا عەشیرەتی «دابابیلا» ... و الخ. لە مەنتیقەی مووسڵ و شاخی جوودیدا عەشائیری گاوری کورد وەکوو یەعقووبی، جوزکان. هەر ئەم موئەریخە لە ئەسەری «التنبیه»دا باسی عەشیرەتی «بازینجان»یش ئەکا.

موئەریخ ئیستەخریش (لاپەڕە ١١٥) باسی «ناشاویرا»، «بوزیکان»، «کیکان» (ئێستاکە لە نزیک مەرعەشە) ئەکا و جەدوەلێکی مەسکەن و مەئوای عەشائیری کوردیش نیشان ئەدا کە ئەم جێگایانە بووە: فارس، کرمان، سەجستان، خۆراسان، ئەسفەهان، جیبال، ماهـ‌کوفا، ماهـ‌بەسرە، ماسابازان، هەمەدان، شارەزوور، داراباد، سمغان، ئازەربایجان، ئەرمینیا، ئارران، بایلاکان، باب ئەلئەبواب، جەزیرە، سووریە، ئەلسوغوور (خەتی تەحکیماتی حدوودی کلکیا).

خولاسە ئەتوانین بڵێین کە لە هەموو وڵاتانی ئیسلامدا بە گوێرەی ئەم مەعلووماتە عەشائیر و ئەهالیی کورد هەبووە، مەسەلەن یەکێک لە دەرگاکانی قەڵای «برزعە» (لە سەر چەمی کوڕی لە شەرقی تفلیس بوو) بە «باب ئەلئەکراد» مەشهوور بوو. ئیبنی میسکوەیهیش ئەمە تەئیید ئەکا و ئەڵێ: لە وەقتی ئیستیلای ڕووس بە سەر ئەم شارەدا لە مەعییەتی حاکمی قەڵاکەدا کورد هەبوو، یەعقووبی و ئیستەخری هەردووکیان ئەڵێن لە وڵاتی ئەسفەهاندا فرقەیەکی عەشیرەتی کوردی بازینجان هەبوو و شارێکی باشیان هەبوو. مەقدسی (لاپەڕە ٢٢٧) ئەڵێ: «دوین» (شارێک بوو لە سەر ئاوی ئاراس) لە خانووی بە لم دروستکراودا ئەژیان. ئیستەخری لە جێگایەکی تریشدا (لاپەڕە ٩٨) بەتایبەتی باسی پێنج «ڕموم»ی فارس ئەکا ئەڵێ: ئەم ناوی «ڕموم»ە بۆ مەنتیقەیەکی کورد دانرابوو. هەموو «ڕام» (جەمعەکەی ڕموم)ێک شارێکی مەرکەزی بوو، گەورەی کوردی ئەو ناوە مەئمووری کۆکردنەوەی خەراج بوو و تەماشای ئەمنیەت و ئاسایشی ئەکرد.

ئەم پێنج «ڕام»ی ویلایەتی فارس ئەمەیە:

١. «جلویا» یاخود «رمیجان» کە هاوحدوودی ئەسفەهان و خووزستان بوو.

٢. «لاوالی جان» کە لە بەینی شیراز و خەلیجی فارسدا بوو.

٣. «دیوان» کە لە کورەی شاپوور بوو.

٤. «کاریان» لە جیهەتی کرمانەوە بوو.

٥. «شەهریار» لە لای ئەسفەهانەوە بوو. لە تەڕەفی عەشیرەتەکەیەوە «بازنجان»یان پێ ئەگوت و شەعبەکەشی برا بۆ وڵاتی ئەسفەهان.

ئیستەخری لە دوای ئەم «ڕموم»ە باسی ٣٣ عەشیرەتی کوردی «فارس»یش ئەکا کە ئیبنی حەوقەل بە گوێرەی دیوان (الصداقة، لاپەڕە ١٨٥، ١٨٧) ئەڵێ ئەمانە بووە و مەقدسیش تەئییدی ئەکا: کرمانی، رامانی، مدثر، محەمەدی کوڕی پاشا، یان کێلی موقەدەسی سالایی ئەلی، بەندادی مەهدی، محەمەدی کوڕی ئیسحاق، سەباحی (سەباهی)، ئیسحاقی، ئەدزرگانی، شەهراکی، تاهماداهی، زایادی، شەهراوی، بەندەداکی، خەسراوی، زایخی، سفاری، شەهیاری، میهراکی، موبارەکی، ئیجتماهاری، شاهۆنی، هیراتی، سالمۆنی، سیری، ئازاددوختی، بارازدوختی، مەتلەبی، ماحالی، شاهکانی، کاچتی، جەلیلی. عەدەدی دەوار (ماڵ)یانی ٥٠٠٠٠٠ تەقدیر کردووە.

فارسنامە (لە ٥٠٠ی هیجریدا نووسراوە) ئەڵێ کوردانی «جولیا» و «دیوان» و «لاوانی خان»، «کاریان» و «بازنجان» کە بەشی هەرە مەشهووری ئۆردووی فارسی قەدیم لەوانە بوو، لە شەڕ و دەعوای دخوولی ئیسلامەتیدا بە تەواوی مەحو بوونەوە، لەمانە تەنیا عەشیرەتی «ئەلاک» قوتار بوو و دینی ئیسلامی قەبووڵ کرد. کوردانی ئەسفەهان لە دواییدا لە تەڕەف عەزدودەولەی بوەیهییەوە نەقڵ کرانە وڵاتی فارس.

ئەم ئیفادەی فارسنامەیە بەڕاستی موحتاجی لێکدانەوەیە، چونکە مەحوبوونەوەی ٥٠٠هەزار ماڵ زەحمەتە عەقڵ قەبووڵی بکا و ئەمانە ڕەنگە تێکەڵ عەشائیری فارس بووبن و لە دواییدا کۆ بووبنەوە و قەومییەتی خۆیان موحافەزە کردبێ.

لە «ڕام»ی قەدیمی «جلویا = کوکلۆ»دا ئێستاکە لوڕ ئەژی. ئیستەخری لە دوای جەدوەلی عەشائیری فارس باسی عەشیرەتێکی «ئەللوریا»ش ئەکا. فارسنامە عەشیرەتە گەورەکەی «شەبانکارە»ی فارس لە کورد جوێ ئەکاتەوە. واقیعەن «ئەلعەمەری»ش لە «مسالک الابصار»یدا بە جوێ باسی عەشیرەتی شوانکارە ناکا و شەرەفنامەش لە ناو حکووماتی کورددا باسی ناکا. لەگەڵ ئەمەشدا یەکێ لە فیرقەکانی «ڕامان»ە کە لە تەرەف ئیستەخرییەوە لە عەشائیری کورددا نیشان دراوە و بەدوور نییە کە موشابەهەتێکی ناو بێ. خولاسە وا دیارە کە لە بەینی کوردی فارس و کوردی کوردستاندا بەعزێ فەرق هەیە.

لە مەنتیقەی «ئەلزۆزان»دا کە بە گوێرەی «معجم البلدان» لە بەینی مووسڵ و خەیلات و سەڵماسدا بووە، عەشائیری «باشناوی» و «بۆختی» (بۆتان) بووە و گەلێ قەڵایان هەبووە.

خولاسە لە ئاساری مەوجوودە وا دەرئەکەوێ کە کوردستانی مەرکەزیی ئیمڕۆ ئەو وەقتەش وەتەنی کورد بووە.