هەمووی هیچە

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  771 بینین
خەپان گیان.. باسی چی بکەم!!
جا چی ماوە؟ چیت بۆ باس کەم!
هەتا ئێستاش.. دڵنیا نیت لە مەیلەکەم؟!
خۆ بەجۆرێ.. حەزم لە چاوت کردووە
ئەسڵەن خۆشم حسابەکەم لێ تێکچووە
ئەرێ چۆنم لێ تێک نەچێ!
خۆ ئەم دڵە نەگبەتەی من، بەجۆرێ دڵی تۆی ئەوێ و
وەها حەزی لێ کردووە
من خۆم هەتاوەکو ئێستا... شتی وەهام نەبیستووە
ئەوە حسابەکەی منە و حەزم لێتە
چەتیو نەبی.. دڵم تەقی.. حەزم لێتە
نازانم.. باسی چی بکەم.. هەتا ئێستا دڵداری وام نەکردووە
گوایە.. زۆرە
کچێ تۆ جارێ چیت دیوە! چیت بیستووە!
باوەڕ بکە.. لە چاو ئەوەی لە دڵمایە
حەز و خۆشەویستی هیچە
ئەم قسانەش هەمووی هیچە
چەتیو نەبی.. حەز حەزی چی؟!
لە چاو ئەوەی لە دڵمایە
ئەم دنیایەش هەمووی هیچە