سی و چوار: چەتوون

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  589 بینین
لە بەردەممەوە ناز دەڕژێ
عەتر دەپژێ
وەک مانی پێک تیشکی هیوا
نازدارێتی پێی گرتووە و
دەڕوا و دەڕوا
بەگومانم ئەمە تۆ بیت!
گەر تۆی خاتوون
لە کەناری لاڕێ لادە
ئەوا دڵدارێکی چەتوون
لەسەر نووکی پەنجەی پێی دڵ
نەرم دەڕوا بە دواتەوە
لە خۆشی دیدەنیی باڵات
هێندە مەستە
بەڕێوە خەو دەیباتەوە،
بەڵام نەکەی!
نەکەی ئاوڕ بدەیتەوە
کانی ئاوڕ ناداتەوە
نەکەی ئاوڕ بدەیتەوە!
نەکەی، نەکەی
خەیاڵەکەم تێک دەیتەوە!
***
هەر خەیاڵە!
بەڵێ خاتوون
بەگومانم لەوەی مەیلت
کانی بێ و ڕوون!
وەکو مەیلی دڵدارێکی وەک من
چەتوون
بڕۆ و بڕۆ
لە بەردەمما وەک تیشکی نازێک بڕژێ
نازدارێتیت با پێ بگرێ
تەنیا بە لەنجەی ڕێگاکەت
با تینوێتی حەزم بشکێ
***
نەکەی ئاوڕ بدەیتەوە و
خەیاڵەکەم تێک دەیتەوە!
با، چلچراکەی دڵداری چەتوون
نەشکێ
ئاخۆ ئەقڵت بەوە دەشکێ؟!
بەگومانم
گەر ئەقڵت پێ بشکایە!
نەک هەر ئاوڕ،
بەڵکە هەرگیز وەکو نازێک
نەدەڕژایتە ئەم ڕێگایە!
مەگەر خاتوون!!
تۆ ڕووداوی ئەم ڕێگایەت
بەبیرنایە!؟
کارەساتی ئەم ڕێگایە
وەک پەتایە
تووشی بووین و
پێشی مردین
سەرسام مەبە!
من و تۆ ئەو ڕۆژە مردین
کە ترس
کڕنووشی پێ بردین
کە یاسای ئەم کۆمەڵگایە
فێری
دووفاقێتی
کردین!