شۆڕشی خۆکرد

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1642 بینین
بەهۆی جێژنی نەورۆزەوە بە نهێنی لە ماڵە دۆستێک بانگ کرابووم، ئەمانەم نووسیوە:
تا دوێنێ دنیا پڕ لە سەرما و سۆڵ
بەفر گرتبووی دەشت و چیا و دۆڵ
ڕەنگی گوڵ، دەنگی بولبول دڵخۆشی
پێی دادرابوو پەردەی خامۆشی
ژینی هەزاران نەمامی ئازاد
بە زۆری سەختی شەختە چوو بەرباد
حوکمی پۆلیسی چلەی ناهەموار
قەل و کوندەبووی هێنایە سەرکار
دەقڕین بۆ قڕبوون، بۆ ماڵ وێرانی
بۆ درێژبوونی ژیانی زستانی
کێ ناوی کۆتر و سورگوڵی دەبرد
بە چنگ و دندووک چاویان دەرئەکرد
بەڵام مەنشوورە بەفر ئەچێتەوە
ڕووی ڕەش بۆ خەڵووز ئەمێنێتەوە
وا بای وادە هات سەرما تەواو بوو
گوڵزار پڕتاو بوو، قەل بێ کڵاو بوو
شۆڕشە ئەمڕۆ هەور ئەگرمێنێ
باران دەڕژێنێ، بەفر دەمرێنێ
کوند وێرانەماڵ، قەل قڕەی بڕا
سەرماداواکەر دەهۆڵی دڕا
نیشانگەی سەرما و شەختەی دنیاگر
نەماوە غەیرەز دوو کێلی قەبر
***
شۆڕشە شۆڕش، کۆتر ئەگمێنێ
گیا سەر دەردێنێ، گوڵ خۆی دەنوێنێ
ئەرخەوان ئاڵای شۆڕش لەسەر شان
سوپای مێلاقە و سوێسن گرتی سان
بولبول و قومری سروود ئەخوێنن
پیردار لە خۆشیان سەر ڕادەژێنن
قاسپەی کەو لە کێو، تەقڵەی باز لە دەشت
تا کوردستان بێ لەکوێیە بەهەشت؟
ساز و ئاوازی «سێروو» هەزار دەنگ
سەد هەزاران گوڵ بە هەزاران ڕەنگ
وەنەوشە مل کز نەرگز دیدە مەست
لاسایی دەکەن ژێردەست و سەربەست
***
پاشای نەوبەهار لەسەر تەختی گوڵ
ئەمڕۆ ڕووی کردە بولبولی سەرچڵ
وتی: «کوردستان وا ژیایەوە
زیندوو بوونەوەی کوردان مایەوە
هەروەک نەورۆزی کوردەکان هەیە
ئاخۆ نەورۆزی ئازادییان کەیە!»