سوێندێکی گەورە

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  1484 بینین
بەهۆی جێژنی یەکەمی مانگی مایۆی ساڵی ٥٤ گوتراوە
لە خەو ڕاپەڕن کێ کرێکارە
مەچنە کار ئەمڕۆ یەکی ئەیارە
خەبەر بنێرن بۆ نزیک و دوور
کۆوەبن، هەڵکەن ئاڵایەکی سوور
ئاسنگەرێ بێ کوتکی لەسەر شان
ڕەنجبەرێ خۆی و داسێکی دەم پان
لە دەوری ئاڵا سروودی جێژن
بە ئاهەنگی بەرز تێکڕا ببێژن:
***
ئەی سەرمایەدار پیسی پارە زۆر
سپی لەش، دڵڕەش، زگزلی خوێنخۆر
تەنبەڵ، تەوەزەل، ترسەنۆک، خوێڕی
بانبانکی نووستووی سەر کۆمای زێڕی
تاکەی تا کەنگێ دەکووژی، دەبڕی!
ئێمە بەو پارەت دەفرۆشی، دەکڕی!
چۆن من شەو و ڕۆژ ئارەق بڕێژم
قەت تامی چەوری و شیرنی نەچێژم!
چۆن گەنمچێن بم شک نەبەم نانێ
چ دینێک ئەمەی بەڕاست ئەزانێ!
دەسکاری من بێ کۆشک و سەرسەرات
کەچی جێخەوێ لە من ببێ قات!
حەریری بەرتان من ڕستم چنیم
ئێوەم پۆشتە کرد هەر خۆمم چ نیم!
تاکەی دارتاش بم بێ دەرک و کورسی
جۆڵا و جوتێر بم بێ دەرپێ و برسی؟
تاکەی فرمێسکی ژن و منداڵم
ئارەقی ڕژتووی ڕەنجی چەند ساڵم
دەدەی بە ئارەق خۆت سەرخۆش دەکەی!
من نەخۆش دەکەی خۆت بێهۆش دەکەی!
ئەی زاڵم دنیا بە پێچ و دەورە
بلەرزە و ببیە ئەم سوێندە گەورە:
***
سوێندم بە یەکەم جێژنەکەی ئەیار
سوێندم بە هێزی چینی کرێکار
سوێندم بە چرچ و لۆچی ناوچاوم
دەستی قەڵشاوم، لاقی سواوم
سوێندم بەو باسکە کوتک ئەوەشێنێ
سوێندم بەو پشتەی کۆڵ ئەڕفێنێ
بە گاسن، بە داس، بە شانی بەقوڕ
بە پەستەکی کۆن، بە چۆغەڵەی شڕ
سوێندم بە ڕەنگی زەردی بێ نانان
سوێندم بە نووستووی شەو لە کۆڵانان
***
بە شۆڕشگێڕی ئوکتۆبری مەزن
پاڵەوانانی هەرگیز نابەزن
پارێزگارانی ستالینگراد
گیانفیدایانی سۆڤیاتی ئازاد
سوێندم بە لاوی کۆریا بە چین
بە زەبر و زەنگی لاوانی ڤێتمین
بەو توونسیانەی لە بەندا ڕزاو
سوێندم بە زەنگی، بە ڕمبی ماوماو
بەو خوێنەی پردی بەغدای کرد ڕەنگین
بە ڕاپەڕینی کانوون و تەشرین
بەو توودەی ناوی کرد لە دنیادا
بەوانەی کوژران لە مهابادا
سوێند بە بارزانی چۆڵکراو، سووتاو
بە قودسی و عیززەت، خەیروڵڵا و خۆشناو
سوێند بە ئاشتی، بە کۆتری سەلام
بە ژین و خۆشیی گشتی و بەردەوام
هیچ سات و کاتێ دەس هەڵناگرم
یان هەق دەستێنم یان بۆی دەمرم
ماکارسیکەس، داڵاسکەس، دەویت زەناوێرکەس
بە مانگ وەڕینیان بێ سوودە، بێ خێر
تێم بەردەی هەزار کایکەس و سینگمان ڕیکەس
ئاواتی دواڕۆژ هەر دەهێنمە دی
بۆمبای میکرۆب و هێدرۆژین، ئاتۆم
دەیخەمە ملت و دەتهاوێمە گۆم
دە هێندەی دیکەش وەک زاهیدی و شات
نووری و بەیار و مەلای پیساوات
هاکا توانەوە بوونە بەفری پار
هەر پایەدارە هێزی کرێکار
لافاوی مێژوو بە گوڕ و تاوە
پیسی و پڕوپووش ئەخاتە لاوە
بەزم ئەگرین لەسەر گۆڕی زۆرداران
دنیا دەبێتە جێژنی هەژاران