چواردەیەم: بڕوا نەکەی

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  604 بینین
چیتە گیانەکەم بۆ دڵت پەستە؟
خۆ دڵەکەی من هەر تۆ پەرستە!
***
لێت زویر ئەبم، ئازارت ئەیەم
جار بەجارێکیش خۆم تووڕە ئەکەم
قەت دڵتەنگ نەبی لەوانە، گیانە
بڕوام پێ نەکەی، قسەی زمانە
قسەی دڵتەنگی هەزار ڕێک ئەخەم
کە گوایە ئیتر هاتوچۆت ناکەم
نەکەی دڵگیربی لەوانە، گیانە
قسەی دڵ نییە، هینی زمانە
***
ئیتر گیانەکەم، دڵت بۆ پەستە؟
خۆ دڵەکەی من، هەر تۆ پەرستە!