پێنجەم: ڕوو وەرمەگێڕە
لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
2 خولەک
963 بینین
خانمەکەم دوێنێ وێنە و نامەکانمت نیشانی دەستەخوشکەکانت نەدایە، تا ئەمڕۆ باوەڕیان بکردایە کە ڕاست ئەکەیت و نامناسی.
ڕوو وەرمەگێڕە و خۆت لێم لامەیە
کە ناویان هێنام، مەڵێ: کامەیە؟!
وەکو پێکەوە سەردەمی جاران
شار نەگەڕابین کۆڵان بە کۆڵان!
کاتێک کە نامەی دڵداریم بۆت نارد
دڵم مەیلی خۆی هەر بە تۆ سپارد
ئەو کاتەی وتم: گیانە تۆم ئەوێ
هەر دڵ پێی وتم: کە تۆم خۆشبووێ
خەندە و نازەکەت زۆر بەئاشکرا
ڕازی دڵداری بەگوێما ئەیا
پێت ئەسەلماندم «دەستخەڕۆت ناکەم»
بە گووشینی دەست، بە مژینی دەم
کەچی بەو نازە تۆ دەستت بڕیم
بۆ مێشکی کاسم، شێتیت پێ کڕیم
بەڕاستی ویستم تۆ بکەم بەیار
بۆت پێک بهێنم: ژینێکی بەختیار
دواڕۆژی ژینم بە تۆوە بەستم
هەر خۆشم بوێی هەر بتپەرستم
کەچی نەتزانی: ئەم دڵپەرستە
شادی و بەختیاری بۆ تۆ مەبەستە
منت فریو دا، بە: قسەی شیرین
بەناز و مەکر و خەندە و پێکەنین
نامە و تەماشا و قسە و پەیمانت
باسی دواڕۆژ و بەڵێنی گیانت
دیارە هەموویان هەر سەرزارییە
هەتاکو ئێستا کردارت نییە
تۆ ئەوە نەبووی من تێتگەیشتم!
کاتێک پێم زانی، کە پێت گەیشتم
کەسێکم نەدی وەک من تۆی بووێ
یاخود بە نیوەی من تۆی خۆشبووێ
وا جیابوومەوە، لێت بووم بێبەری
قیروسیا لە دڵ، با کەمێک بگری
ئیتر لەمەولا، خەمت بۆ ناخۆم
شەوگاریش بێدار ناسووتێم وەک مۆم
وات لە دڵم کرد هەتاکو ماوم
نەڵێ: تۆم ئەوێ.. یا بۆت سووتاوم
لەمەولا من و خۆشویستنی تۆ
ئاسمان و ڕێسمان، دوورین، بێ درۆ
کە واتە گیانە خۆت لێم لامەیە
کە ناویان هێنام مەڵێ کامەیە؟!