سێیەم: نامناسی؟!
لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
1 خولەک
963 بینین
توخوا چەن کەڕەت شەونمی شەرمم
بە ماچ و مژین لە کوڵمت کڕی؟!
چەند جاریش ئاهـ و هەنسکی گەرمم
بە گازی بەتین لە لێوت سڕی؟!
چەند جار بەبێ دەنگ لە ژێر سوخمەوە
مەمی نووستووتم، خەبەر کردەوە؟!
یا، لەسەر ڕانی نەرم و پەمەیی
چەندەها خەوی خۆش خۆشم ئەدی؟!
لەبەر خاتری ماچێکی ناوشان
چەند جار زریزەی پشتتم کردەوە؟!
یا، لەبەر نازی زەڕڕەیەک گریان
چەند جار بە نوقورچ شینم کردەوە؟!
کە چی ئێستاکە، مەیلت نەماوە!
تاڤگەی بەزەییت وشک و بێ ئاوە!
ئەو عیشق و سۆزەت هیچ نییە باسی!
بە یادم ناکەی! وەکوو نەمناسی!
لە ڕێگەوبانا، کاتێک ئەمبینی
تەماشام ناکەی! هیچ نامدوێنی!
دێیت و وەکو کەو خۆت ئەلەنجێنی
کە چی هیچ نەبێ پێم ناڵێی: چۆنی؟!