لێم مەبوورە

لە کتێبی:
خەونی سەما دژەکان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  977 بینین
خانمەکەم من عاشقێکی نیمچە شێتی دەروێش حاڵم
جار جار پسپۆڕ و وەعز خوێن، جار نەجارەش وەک مناڵم
جاری وایە.. بەقەد دێوەکەی «سلێمان» کارم هەیە
جاری واشە، وێڵ و تەنیا، لە بێ ئیشیدا ڕەجاڵم
بە شەو کە عالەم خەوتووە، یادی ئازیزانم دەکەم
کە خۆر هەڵات، هەرهەموویان دەکوژێنەوە لە خەیاڵم
خاتوونەکەم لێم مەبوورە، من بە کەڵکی هیچ کەس نایەم
ئەگەر تۆزێک زەوقم بووایە، تۆی نازداری خونچە ئاڵم
وەک ورشەیەکی پڕ شکۆ، لە دڵی دڵما دام ئەنای
ئەمکردیتە بەهارێکی هەمیشەیی وەزری ساڵم
بەڵام خاتوون.. لە سەرێکی تریشەوە، خاوەن حەقم
بڕوام پێ بکە نەپەرژاوم، بژیم، بمرم، یا بناڵم!!
ئەم ژیانە گەلێک سەختە، ڕۆژەکانی مەرگەساتە
ئەگەر بێتو لێم نەبووری، زەفەرم پێ دێنێ.. زاڵم
چونکە من هەروەکو خۆمم، پەرێشانی نیگایەکتم
گەردی غوربەتی سەر گۆنات، بە برژانگ و لێو بماڵم
خاتوونەکەم لێم ببوورە.. من شاعیرێکی سەرقاڵم
کابرایەکی بەبێ پشووی، ماندوو، شەکەت و جەنجاڵم