ڕۆزا

لە کتێبی:
خەونی سەما دژەکان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  620 بینین
کە دێمەوە، بەرەو ڕووم دێی
دوو باڵانت بە ئەسپاردەی ئاسمان دەکەی
من هەور نیم، دەنا دەمنایتە سەر شانم
ئاسمانم ڕێ تەی دەکردی
هەتا بارانت لێ ببێ بۆ دۆستانم
هەتا زریانت لێ ببێ دژی هەموو دوژمنانم
- کچم ڕۆزا.. چی کچۆڵەی هاوڕێیانی من
هەیە، کە بەناوی تۆوە باوکت ناوی ناون
«بابە»ی هەر هیچیان نەماون.
- کچم ڕۆزا.. قەدری ئەم ژیانە بگرە، بەس
نییە باوکێک «دڵشاد»ی ناوە
بۆ تۆ ماوە!
- کچەکەی خۆم، تۆ منداڵی و لە نەمانی باوکی
ڕۆزایان تێ ناگەی
لەم هەموو خوێنبارینە گەشە، سەر دەرناکەی
بەردەوام بەو دوو باڵانت بە ئەسپاردەی ئاسمان بکە
باڵەکانت ئاوەڵا کە
هەزار هێندە، باوکە سەر جەنجاڵەکەی خۆت
عاشق و شێت و شەیدا کە
من دڵشادێک، تۆ هەزارەها ڕۆزا بە
گەر پێویست بوو، منی بابەت ڕەتکەرەوە و تۆز و
خۆڵیشم بە «با» کە.
بەس کچەکەم، لەبۆ گەلە دواکەوتووەکەت
تۆ ڕۆزا بە.
دژی ئاخوندی کۆنە و نوێ، چقڵی چاوی
ڕەشەبا بە.