ساڵی چلەم

لە کتێبی:
خەونی سەما دژەکان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  582 بینین
قەڵەم و نامەی ژێر دەستم
لە ماچێکی بێ پشوودان..
خۆ بەقوربانی یەک دەکەن.
قیڕەی بۆقێک
قووقەی کەڵەشێرێک
لە پەنجەرەی ژوورم دەدەن
دەستی ساڵی سی و نۆیەمی
لە گەردنم دەترازێنێ و
جێ بۆ ژووانی «چلەم» ساڵەم جێ دەهێڵی
ساڵی چلەم، وەک مێوێکی، باوەش پڕ لە
هێشووی ئەزموون، بە باڵامدا..
هەڵدەگەڕێ.. هەڵدەگەڕێ
ژیان سەرلەنوێ دەگڕێ
گڕانی ئەفسووس و هودە
گڕانی کێشەی ژینێکی بۆ خەمانی هەر جار
ئالوودە!
لەولایشەوە، سۆزانییە بەستەزمانەکەی دراوسێم
دۆستەکەی خۆی بەڕێ دەکا و
ئەویش وەک من تەنیا دەبێ!
دوابەرنامەی ڕادیۆکەی بەرامبەرم، ماڵئاوایی
لە دوا ئیسگەی ئەمشەو دەکا و
ئەویش وەک من تەنیا دەبێ!
لانەی جووتە کۆترە شینەکەی ژوورەکەم
گمەی شینیان تێ دەکەوێ.. تێ دەکەوێ وەک دڵەکەم
ئەوانیش بێ ئارام دەبن
گەرچی چەپۆکی پشیلەی، ڕەشە تاوان
دەستی ناگاتە.. ناگاتە، دەستی ناگاتە هەردووکیان
وەلێ دوو هێلکەی ڕۆژەها لەسەر نیشتوویان
دەشکێنێ
تاریک و ڕوون، دوگمەی خەمی.. ڕۆژێکی نوێی
پڕ لە تەمی.. ژیانەکەم دەترازێنێ.
گوێم
لە ترپەی
پێی
دوو مرۆڤی تەنیایە
هەنگاوی یەکەمیان
لە دووی
هەنگاوی دووەم هەڵنایە.
لە هۆڵەکەن
ئاگام لێیە، ئێستێک دەکەن
هەردووک، هانا، بۆ یەک دەبەن.
ئاهەنگی هەنگاو نامێنێ
خرمەی خواردنی سێوێک
ئەوی تریان دەهەژێنێ
دیمەنی دواپێکی ساردی بێ مەزەم دەست
دەوەشێنێ
لێوم دەگرێ و ماچێکی بێهوودەم دەکا
وەلێ- خرمە سێو- تێکەڵی قومم دەبێ و
سەرنجەکەی مەستیم دەبا
تەنیا ساتێ.. ساتێ ساتێ.. نا.. زۆرتر.. نا
گوێم لە ئنگای ساوایەکە
لە هۆڵەکە!
هەڵدەستم و دەسکی دەرگا دەترازێنم:
مارمێلکەیەکی دان تیژە پیرۆزبایی ساڵی چلەمم
لێ دەکا.
ئەی مارمێلکە، لیکنەکە خەونی دوو کۆتری شینکەکە
لە ناو ناچێ و ڕۆژێک بە مەرامیان دەگەن
قەینا.. ئەمشەو.. هەوار لە بارگەی سام دەخەن
وەلێ سبەی.. دوو هێلکەی تری نوێ دەکەن