ئەرنستی کورد

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 3 خولەک  157 بینین
ئەرنست: ئەرنست ئیڤەر هارد - پاڵەوانی ڕۆمانی «پاژنە پۆڵایینەکان» (العقب الحدیدیة)ی جاک لەندەن.
بۆ شەهید «ئەکرەمی حەبسە»
گیانە ئەکرەم
تۆ لە کارگەی شۆڕشاندا
کرێکارێکی جەسوور بووی
لە ناو کۆمەڵی ئینساندا
باوەڕێکی پڕ لە نوور بووی
لە ململانێی دوژمناندا
توانایەکی بێ سنوور بووی
لە دیوانی کۆڵنەداندا
لاپەڕەیەک شیعری سوور بووی
گیانە ئەکرەم
تۆ ئەمەندە ساکار نەبووی
تۆ کۆترێکی سپی بووی
بەڵام ڕۆژگار
تا پڕ بە دەستت ڕاو دەکرد
لە بەیانی تا ئێوارە
تۆ گیانێکی خێرنەدیو بووی
لەو ئاقارە
خێرت بۆ هاوڕێیان دەبرد
لە عێراقی کپ و ماتی بە خوێنی سوور شەتەکدا
لە کوردستان بەناچار- خەڵک فێری کوتەکدا
دڵدارێکی بەرگ سپی بووی
ڕێگەی خەنجەرت هەڵبژارد
لەسەر دیوی ڕاستی نووستی
بەرگە سپییەکەت ژەنگ گرتی
لەسەر دیوی چەپی نووستی
دیسانەوە هەر ژەنگ گرتی
ئەوسا زانیت، کانزای خەنجەر
هەر بەڕواڵەت.. جەوهەردار و شۆخ و شەنگە
دەنا هەتا بینەقاقای مشتووەکەشی هەموو ژەنگە
ئەوسا زانیت، تۆ دڵدارێکی بێ چەکی
بەڵام هیوا بڕاو نەبووی
نەخێر گیانە ناهوشیار و بێ چاو نەبووی
هەرگیز ئومێدبڕاو نەبووی
بێ ئەدرێس و بێ ناو نەبووی
بۆیە لە نوێ دڵدارانە
دڵدارێکی خاوەن ئەزموون و دیوانە
بەپەیژەی سووری خەباتی کرێکاراندا هەڵزنای
بۆ خۆری ژان ڕەوێنەری کوردان
گەڕای
بۆ شاری بێ چەوساندنەوەی ئینسان
گەڕای
کووچە و شەقامت
بۆ هاوڕێیانت
کردە ئاگردان
«دە مەگری مەگری چاوانت ئێشێ» گۆرانییەکی فۆلکلۆرییە، لە کاتی خواردنەوەدا حەزی لێ دەکرد و دەیوت، پێش خنکاندنیشی وتی. هەموو جار خۆشناوی برام و هەمزەی عەلی دەدە بەنەرمی دەیانوت و ئەویش دەجووڵا.
بووە دروشمی هیوا نەبڕان
ئاوازت کردە هاوسەر و ئاواز: ناوی هاوسەرەکەیەتی.
ڕۆزات بۆ کورد پەروەردە کرد ڕۆزا: ناوی کچەکەیەتی.
سەنگەرت بۆ دواڕۆژ لێ دا و سەنگەر: ناوی کوڕەکەیەتی.
هانات بۆ لای گشت کارگەران برد
تا ژەنگ لە خەنجەر بکەنەوە
تا - توولەڕێ بیر بەرنەوە
سیستمێکی نوێ بۆ خەبات دانێنەوە
زۆر لە جاران مەردانەتر
تین بە شۆڕش بدەنەوە
بەڵام سەد داخ
هاوڕێ ئەکرەم
لە وڵاتی ژێر پۆستاڵی ئاسنیندا
ڕاکشا و
تۆی ئەرنستی ناو کوردستان
وەک دیوانێک شیعری دڕاو
لە ئەڵقەی پەتی موسڵەوە لە موسڵ لەسێدارە درا.
شۆڕ بوویتەوە
هەتا باڵات گەیشتە فاو فاو: خوارووی عێراق- ئەوێ و هۆڕەکانی سەردەمێک شوێنی بزووتنەوەی چەکدارانەی حزبەکەی شەهید بوو.
هەتا گیانت چووە کۆڕی شەهیدانی هاوڕێمان و
بوونە هەتاو
ئەی هەتاوە پیرۆزەکە
خەمت نەبێ ئەم کاروانە
ڕاناگیرێ بە گێلەپیاو
هەردەم دەژی
هەردەم دەژی
هەردەم دەژی و بەردەوامە