بەچە

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  655 بینین
تۆ ئەو چوار مێخەی ئازارەی
کە بۆ عیسایان داچەقاند
تۆ ئەو مەنجەنیقە زلەی
بۆ ئیبراهیمیان داگیرساند
تۆ ئەو چەوە داخکراوەی
پشتی یارانی محەمەد بە تۆ سووتان.
منیش وەک هاوڕێیانی خۆم
لەسەر چوار مێخەکەی عیسا پەروەردە بووم
ژانی زامی چەوساوەی ئەم سەرزەمینەم
خواردۆتەوە.
خوێنی جێ قاچی زەبوونیم
لستۆتەوە
پوولی پۆستەی دەربەدەری و زەبوونیم
کۆکردۆتەوە.
بۆ ئاوی سەربەستی هاتووم
خاکم دەشتی کەربەلایە و خوێناوییە.
نەترساوم لە شمشێری بەچەکانی معاویە.