حەنیلە گلەییم لێ ناکا

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  633 بینین
حەنیلە
وەیلێ.. وایی.. سەحەرە
لە تاریک و ڕوونی ئەم سەحەرەدا
دەبمە چیایەک بەردی مەڕمەڕ
دەبمە ڕووبارێک گڕی بەفەڕ
لە قەندیلی «توور»ی کورددا
دەبمە ئاشنا و خەریکە ڕاوێژ..
نا.. نا.
کاروانی ئەم دەنگە
هەزار و یەک قاترسواری لەگەڵە
هەزار و یەک خەنجەری دەبانیان
پێیە
لەم سەحەرەدا دەمکوژن!
چییە ئەم دەنگەی
مەرهەمی ساڕێژبوونی
هەزار و یەک زامی خەنجەرە؟!!
چییە ئەم دەنگەی
وەک گەنم دەمهاڕێ و
دەمکا بە نان بۆ «حەنیلە»؟!!
ئای.. ئای ئای یای
چ دەنگێکە
ئەمەی سۆزی داپڵۆسینی
ناهێڵی تێی بگەم؟!!
***
سەد حەیف و مەخابن
کاشکا لەم تەنیایییەدا
لە باخەڵیدا
نەنووستمایە.
کاشکا
دوگمەی بەرۆکی
ئەم دەنگەم
نەترازاندایە.
گەلی برادەرینە
ئەمە دەنگی سێوەیە
یان تاڤگەی خوێنێکی گەرمە و
بەسەر بەفری گیانمدا
دەڕژێ!!