کچۆڵەکان

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  612 بینین
بۆ ئەو منداڵانەی ماشێنە کەم ڕەوشتەکان دەیانشێلان
لەبەر دەرگای ماڵەوەدا
دەستوپەنجەی دایکایەتی
لە پرچەکانت دەخشێن.
لە دوای دایکت ڕەشەباکەی سلێمانی
گەمە لەگەڵ دوو قردێلەی پرچتا دەکەن
خۆری لاسار
سەرەتاتکێیەتی لەگەڵ
گیرفانەکانی جانتاکەت.
سووچی کتێب و دەفتەر و
نووکی قەڵەمە کۆڵەکەت
زمان لە خۆر دەردەهێنن.
لە ساتێکی پەڕینەوە
بۆ دەرگای قوتابخانەکەت
ماشێنێکی تیژڕەوی شل
دێ
دەتشێلێ و
جێت دەهێڵی.
***
سبەی دایکت
دوو پرچ نییە قردێلەیان لێ بدا
ڕەشەباکەی سلێمانی گەمە ناکا
خۆر زیزە و چاوشارکێ ناکا
هەموو زمانیان شکاوە
لە خوێنت خۆیان وەرداوە
***
بەڵام سبەی
قوتابخانە دەکرێتەوە
شەقامیش ڕادەخرێتەوە
شلەماشێنانی بێ خوو
دەشێ تاوانی تر بکەن
دەستانی تر بەبێ پرچ و
ڕەشەبای تر بەبێ قردێلە و
خۆریش لە چاوشارکێ بکەن