پەلکە زێڕینەش نامۆ دەبێ

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 4 خولەک  820 بینین
یەکەم
تیشکێ
تۆ دەتزانی
پەلکەزێڕینەش نامۆ و بێدار دەبێ
تۆ دەتزانی
دەشت و چیا
هاوڕێیەتی دەفامن و
شەقام و کۆڵانیش، دڵدار دەبێ
تۆ دەتزانی
ڕێگاش بە پێچ و بەرد و درەختی
کەنارییەوە
هۆگری ڕێبوار دەبێ.
بۆیە دەبوویتە
پەلکەزێڕینە و
بریندار دەبووی
***
تۆش دڵداری
لەگەڵ ناخ و دیوی دەری
هەموو بووەکانمان دەکەی
تۆش شەنە برژانگی نیگات
لە خەرمانی حەزمان دەدەی
تۆش شانە هەنگوینی دەستکەوت
بۆ هەنگی کارگەکان دەبەی
تۆش وەکو من
گۆرانی بۆ کوڕ و کیژی
دەستلەملانی، جێژووان دەڵێی
تۆش وەکو من
بەرەو چاوی عیشقی پیرۆز
هەنگاو دەنێی
***
ئەی تیشکە بریندارەکە
ئاوا نابم.. ئاوا مەبە
گۆرانی
باڵی خۆی هەیە و
نمە بارانی پایزەش
تەڕی دەکا
سەما
لق و پۆپی هەیە و
کلووە بەفری زستانەشی
لەسەر دەڕوێ
گریان
کەزییەی خۆی هەیە و
شنە بای وەشتی بەهاران
بۆی دادێنێ
خەندە
ساباتی خۆی هەیە و
شیعر دێت و هاوینان لە ژێریا
دەنوێ
نیشتمان
هەنگی خۆی هەیە و
بە هەنگوین دزەوە، دەدا
گەرچی دەیشزانێ
دەمرێ
***
دوای کازیوەی خەونەکانم
تیشکی برینداریت و
من ڕازیم پێت
با تیشکێکی بریندار بی و
ئاوا نەبی
چونکە بێ تۆ:
بەفر لەسەر گیای سەر سنگ و سەروسیمام
دەبارێت و ناچێتەوە
چونکە بێ تۆ
ڕەشەبا لە بن نینۆکی پەنجەکانم
دەزێ و دەژی و گەورە دەبێ
ئەی تیشکە بریندارەکە
خۆشمان دەوێی.. ئاوا مەبە
گیانی من بێ تۆ:
داری بێ گەڵا و
خوشکی بێ برا و
زەوی بێ گیایە
لێوی من بێ گۆرانی تۆ
هوزاری بێ دەنووک و
کۆتری بێ باڵ و
سۆفی بێ خوایە
ڕازیم پێت و ئاوا مەبە
چونکە بێ تۆ:
باڵام هێشووی خەم دەگرێ
باڵایشتم لێ نزیک نییە
پەل و لاسک و لقەکانم
خۆی پێ بگرێ
***
دەست و پەنجەکانت نەڕزێ
ئەم گوڵە مێخەکەم بۆ بدە
لە ڕەزی قژە خاوەکەی
ئەم شیعرەم بۆ بپرژێنە
لە گەردنە هەتاوەکەی
ئەم شیفۆنی سۆزەم بکە
بە پەردەی سەر کەژاوەکەی
دەست و پەنجەکانت
نەڕزێ
چەندە ناسک و نەرم و نیانن
کە باڵەفڕەی ئاشتییە!
چەندە بەهێز و پڕ وزەی گیانن
کە بەستەڵەکی
هەقە وەسێنی
دۆستی دۆستییە!
من لە بەردەم کەژاوەکەی
گلام و
چاوی پڕ نازی
شیرینەکەی
خۆمم
نەدی.
دەست و پەنجەکانت نەڕزێ
بەو قەڵەمەی تیشکی دەستت
لەسەر چیاکان بنووسە:
تا- سەگی هەوشار ڕاو نەکەی
ناگەیتە لای
شەمی ڕازاوەی ژێر دەوار
تا- لە ڕێی قەتاری شیرین
هەموو عەمرت، بەبا نەدەی
ناگەیتە لای کەژاوەکەی
چاو ناڕێژی
بە دیدەنی
پەلکەزێڕینەی
باڵا لاوەکەی
***
کێ دەڵێ: چیا دڵی نییە!
کێ دەڵێ: چیا سنگی گەرم نییە!
کێ دەڵێ: بەیتی دڵداریی
دێهاتییەکانی بیر نییە!
کێ دەڵێ: ئەو پیر دەبێت و
عیشقی لە بیر دەچێتەوە!
من خۆم
پیرەمەگروونم دی
کۆڕەکم دی
قەندیلم دی
بووکی بەفریان لە ئامێز ناو
هێندەیان ماچ کرد و گووشی
هێندە چیڕۆکی
عیشق و سووتانیان بۆ گێڕانەوە
هەتاوەکو توانەوە
هەتاوەکو بوونە ڕووبار
من خۆم دەمدی
من خۆم دەمبیست
گەرای ماسیی نوێیان دەبرد
بۆ ئەو گوندەی
خراوەتە ئەودیو دیواری
سەدەی بیست
***
کاتێک بەرەو هەوار دەچی و
لە زمانی باران دەگەی
تیژڕەو دەبی
خەم.. جارێ تر
بە تۆزی پێی ئەسپەکەتدا
ناگاتەوە
قەڵبەزەی جۆگە خوڕەکانی ڕێ
لاسایی چوستیی
سواری پێکەی تۆ
دەکاتەوە
دارکاژی کەنار ڕێگاکان
کڕنووش دەبەن
بۆ یاڵی هەڵچوو
کڵافەی کلکی
ئەسپە سپییەکەت
دەگەیتە کەنار چیاکە
کۆشکە زەوتکراوەکەت
لە لووتکەیە
تاڤگەیەکی
چوڕی سپیت
سەر بەرەو ژوور
بەرەو لووتکە
هەڵدەقوڵێت
تاوێرە بەرد
لێت دەدات و
دەگلێیە خوار
بەرەو بەندەن
بەڵام
تۆ پشتی ئەسپ و
لۆقی ئەسپت پشتی زەوی بەر نادەن
دەبیتەوە:
تاڤگە چوڕە سپییەکە
هەڵدەقوڵێتەوە
سەرلەنوێ
بەرەو لووتکە