سێ قەسیدەی باڵ بەستراوی سەربەست

لە کتێبی:
سەمای نێرگز
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  586 بینین
زوقم یەخەی شەقامەکانی شوباتی دادەدڕی
مێژووی شیعر، خەنجەرێکی ژەنگگرتوو بوو
خۆی لە هەسانی کازیوەی بەغدا دەسوو.
سێ قەسیدەی باڵ بەستراوی سەربەست
هەنگاویان نا.
«هەنگاوەکان/ ڕیزێک دەرزیی پۆڵایین بوون
لە چوونیاندا.. بەرەو مەرگێکی ون نەبوو
نەخشەی زەوی و ئاسمانیان
بە بەرۆکی خەڵکدا دەدروو»
هەنگاویان نا
پێستی گۆڕەپان گرژ بوو
قاچی سێدارەکان لەرزین
بینەرانی دەوروبەریان/ سام چاندبوونی و
تەنیا بوون
پێڵوویان نەدەترووکان
سووتووی سیغارەکانیان نەدەوەران
سێ قەسیدە بێ شریخە
وەک برووسکەی پەلک سپی
لە هەوری ئەڵقەی پەتەوە
شۆڕبوونەوە بەرەو زەوی
زوقم لەیەخە و ژەنگیان لە خەنجەر کردەوە
بەرەبەیان بوو
خۆر و نمەی بارانێکی خەمناک بارین
بارین.. بارین
خوێنی لێوی جوانێکی سیل گرتوویان
لە «حەیدەرخانە» شتەوە
نوستوویەکی شۆستەکەی
«غەوسی گەیلانی»یان خەبەر کردەوە
قوڕی پەیکەرێکی نوێیان
بۆ «جەواد سەلیم» گرتەوە
فرمێسکەکانی «حسێن مەردان»یان
لە «ئەبونەواس» شتەوە
عەکسی قەمەری گۆمە لیخنەکەی
«گۆران»یان ڕۆشن کردەوە
خۆر و نمەی بارانێکی خەمناک بارین
ئەوانەی «سام» چاندبوونی و لە هاتنیاندا تەنیا بوون
گەڕانەوە و هەریەکەیان ببوو بە چوار.