تۆپە سوورەکە

لە کتێبی:
سەمای نێرگز
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  557 بینین
- حەزم لەو تۆپە سوورەیە.
- برسیت نییە؟
- ئاخر حەزم لەو تۆپەیە
- مەگەر ئەمڕۆ سەوزە نەخۆین؟
- ئۆف دایە گیان.. سەوزەکە نا
سوورەکەیان
***
پاسەکە دواکەوت/ تۆپەکە خل بووەوە
کابرایەک جگەرەی داگیرساند/ منداڵەکە دوای کەوت
نەفەسێکی شپرزەی لێ دا/شۆفێرێک شێلای
دایکە قیژاندی/ شۆفێرەکە دابەزی.
***
مشتێکی پڕ
پڕێکی وەهای گورچک بڕ
دایکەکەی بێدەنگ کرد و ئۆتۆمبێل پێچی کردەوە
هەموو شت تەواو بوو
جگەرەی کابرا
هێشتا تەواو نەببوو
پاسەکە هێشتا نەگەیشتبوو.