نووستوو

لە کتێبی:
سەمای نێرگز
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  533 بینین
لە خولیامدا پاڵکەوتبووی
بە من وایە نووستووی
کەچی سەرم هەڵدایتەوە
وەک کانییەکی کوێستانی بەخەبەر بووی،
ترپەی پێی ئەو کیژانەی خۆشم ویستوون
لە ناو شەپۆلەکانتا بوو.
بۆنی عەتری یەکەم ماچی
کچەکەی داروسێمانت لێ دەهات.
فڕکە بەردی پێچی کۆڵانەکانی گەڕەکم
تێدا دەبیستی.
تامی خەونەکانی شەوی عارفە و جەژنت دەدا
ناسیمیتەوە.. ئای کوردستان!!
ئەمە تۆیت و منیش دڵدارە شێتەکەت!!
ئەمە تۆیت و وەک کانییەکی کوێستانی
سەدەهایە لە خولیامدا پاڵکەوتوویت
سەدەهایە بەخەبەری و
بە من وایە هێشتا نووستوویت
ئەمە تۆیت و منیش قۆچەقانی بە دەستە عەجوولەکەی
سەرکارێز و کانێسکان و مەڵکەندی.
ئەی کوردستانی قۆچەقانی
ئەی کانییە کوێستانییەکە
دەستت دەگرم/ بۆ دڵی ڕووبارت دەبەم
دەستم بگرە/ هاوڕێکەم بۆ بدۆزەوە
ئەو هاوڕێیەی
سەری یەکترمان دەشکاند
بەڵام دڵمان وەکو خۆی بوو
لەم سەردەمە گەلێک تووڕەم
سەرم ساغە و دڵیان وەک بلوور شکاندووم
دڵم وەک بلوور شکاوە
هاوڕێکەم بۆ بدۆزەوە
بیدۆزەوە تا بزانێ
گەر
پارچەکان بدا لەیەک
بەدرزی شکان دەنووسرێ
چەندم کوردستان خۆشدەوێ