سەمفۆنیای وەنەوشە

لە کتێبی:
سەمفۆنیای وەنەوشە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 14 خولەک  1174 بینین
1
نەمامێکم.. ڕەگی ملێونەها درەختی پێش خۆم پێوەیە.
گەڵا و گوڵم لەم زەوییە خواستووە.
پاوانەی زەردەخەنە دەدەم بە ساوای خۆزگەکان.
هەنگاو.. هەنگاو
سەما سەما سەما.
***
من عاشقی ئەم سەمایەم، بەڵام زستان
هەر پایزێکی ناردە لام
گەڵا و گوڵە خوازراوەکان دەدەمەوە
دەستی زەوی.
ماڵئاواییم گۆرانییە
هەنگاو.. هەنگاو
سەما سەما س س س
2
کە بووم چەوساندنەوەیش هەبوو
بەڵام.... نامرم
هەتا پێکەوە نەمرین.
ئەوسا ئەی ئینسان
ڕۆژە ڕەشەکانی ژیانی من
هەر باس مەکە
با سەمفۆنیاکەت خەمناک نەبێ و
ئاسوودە بژی.
3
باڵەکانتم پێ ببەخشە
زەوی بچکۆلەیە و بەشی
ئەم خۆشەویستییەم ناکا.
4
ڕێگاکان تێکەڵ دەبن
ڕووبارێک هەنگاو
خۆی دەکا بە دڵی خۆردا.
ئەم بێدەنگییەت هەڵی گرتووم
دامنێ زەوی..
لە هەنگاوەکانم دڵنیام
دامنێ زەوی..
گوڵە گەنم
لە دەمی داسی
برسی
ناترسێ
دامنێ زەوی.
5
ئەستێرەکان لە نێوانی..
«تێری»یە ئاوریشمینییەکەی ئەوان و
«برسێتی»ی ژوورەکەی مندا.. چرپە چرپیانە.
لەم بەر پەنجەرەیەدا کۆدەبنەوە
سەرەتاتکێم لێ دەکەن.
چاوەکانم بانگیان دەکەنە ژوورێ
دەست دەکەنە ملیان و پێکەوە
هەناسەکانم دەگرنە کۆڵ
لە دیواری ژوورەکەمدا
بەشوێن جێگا دەستەکانتا دەگەڕێن.
لەسەر شۆستەی برسییەکان
بەشوێن خەونەکانتا دەگەڕێن
نازانم دەتدۆزنەوە یان نا؟.. بەڵام
دەزانم هەرگیز تۆ جێ ناهێڵن.
6
دەزانم ئەسپەکەت سەرکێشە، بەڵام
بەرەو هەر تاریکییەک.. هەر ڕووناکییەک
مل دەنێی.. دڵی منە.
دەزانم ئەسپەکەت سەرکێشە، بەڵام
لە هەر شوێنێک لێی دابەزی و دانەبەزی
دڵی منە.
تۆ دەزانی ئەسپەکەی تۆ
دڵی
کێیە؟!
7
بازووەکانم بە ڕۆژ کار و
بە شەو ئاوێزانتن
لە نێوان شەو و ڕۆژادا
دوو ڕووباری ئەسمەرن
لەوەتەی هەین، بۆرژوواکان تێر دەکەن و
خۆمان هەر برسیمانە.
وەرە گیانە لە بەرچاویان
یەکتر لە ئامێزگرین بەو دەستانەی..
کرێکار پەروەردە دەکەن نەک شەهەنشا.
وەرە گیانە ڕووبارەکان بدەین لەیەک
ئێمە قەت ئاسوودە نابین
هەتاکو نەبینە دەریا.
8
ئەم سەفەرەی تەمەنم کرد بە دیاری
بۆ بەهاری چاوەکانت
باڵەکانتم بۆ بکەوە
جەنتاکەم ماندووە و پڕە لە باران
زستان وڕکی لێ گرتووە و
دەرگاکەتم بۆ بکەوە.
9
چاوەکانت نیشتمانە و پەنابەر نیم
تیایاندا.
غەمبار مەبە
با هەست بەنامۆیی نەکەم.
10
ببوورە لێم نازانم شیعری ڕەش دانێم.
هەموو شەوێ تا بەیانی
گیانم پڕی ئەندێشەیە و
شیعری سپیت بۆ ڕێک دەخەم
بەرەبەیانیان کە دەمەوێ بیخوێنمەوە
تێکەڵی تیشکی خۆر دەبێ و نایبینمەوە.
گوێم لەجریوەی پاسارییە و لەوە دەچێ
شیعرەکەم بێ و نەیناسمەوە.
هەرهەموویان باسی خۆشەویستیم دەکەن
گۆرانی بۆ چاوت دەڵێن
دەڵێی پاساری..!
شیعری سپی..!
وەکو گەنم هەڵدەچنن؟!
11
بۆ دەستگیرانێک سەوداسەر بووم
بەقەد دایکم «خۆشی بوێم»
نەمدەزانی کە تووشت دێم
بەقەد دایکم «خۆشم دەوێی»
***
شەیدای دەستگیرانێک بووم
بە هەموو زمانەکانی «ئەم جیهانە»
«خۆشی بوێم»
نەمدەزانی کە تووشت دێم
بە هەموو زمانەکانی «ئەم گەردوونە»
«خۆشم دەوێی»
12
خۆشەویستیت مەدارێکە..
ناسکە خەوی بچووکترین نێرگز و
گەورەترین خۆری گەرمی
ئەم گەردوونەی پێوە بەندە.
***
دەستبەردارم مەبە جوانێ
پێ بکەنە و دام گیرسێنە
زەردەخەنەی تۆ نێرگزە و
لە چاویا من
خۆری گیانم هەر زۆر کزە.
13
بەرگی گەرم شک نابەم
کەچی حەز لە بەفر دەکەم.
***
حەزم لە دەریایە و مەلە نازانم
تۆم نەناسیبوو
ئێستا پڕ بە دڵ
حەزت لێ دەکەم
***
ڕووباری غەمی و.. غەمم خۆش ناوێ
بەڵام کاتێک
لە گیانمدا شەپۆل دەدەی
هەر زۆر زۆر زۆرم
خۆشدەوێی.
14
هەتا نەبووم بە ڕەشەبا
شیعرەکانم بە ڕوانگەی نیگاکانتا
سەردەکەون.
چاو دامەخە با نەکەون
چاو دامەخە با ڕەشەبا
هەڵیان نەگرێت و نەیانبا.
15
دەنووک مەکەن بۆ قوڕقوشم
ئەو دوو کۆترە خرپنە
حەزیان لە چینەی
سەر سنگی منە.
16
کە شەوگاران
لە دۆزەخی ژوورەکەمدا شیعری
بەهەشتیی دەنووسم
گڵۆپە ڕەنگ زەردەکەم
شان دەنێتە سەر بێدەنگیی ژوورەکەم و
چاو لە چاوم ناترووکێنێ.
مەگەر
هەر ئەو بزانێ
مەگەر
هەر ئەو.
17
ماندووم..
لە عەرەقی ناوچەوان و لاملمدا
خۆر نوقمی ڕووباری سوورە و
بە هەزار پەل مەلە دەکا.
دەستم برد و
داوای دۆستایەتیمی کرد.
کە ڕوانیمە هەر دەستێکی
جێگا دەستی تۆم پێوە دی
حەسامەوە و
تێر تێر دەستەکانیم گووشی
18
«بێدەنگی»ی ئەمشەو لە هەناسەکانما پاڵکەوتووە
دەڕوانێتە گڕی ئەو مۆمەی «بالێ»
بۆ ویسەی پەروانە دەکا.
***
ئەمشەو تەمەنم لەسەر لەپی دەستەکانت
نیشتووەتەوە
میلەکانی سەعاتەکەت دەمیان خستووەتە دڵییەوە.
***
ویسەی پەروانە و بالێی گڕەکە
دەوەستن و تەواو دەبن
بەڵام میلی سەعاتەکەی تۆ..!
ئاخ لە میلی سەعاتەکەی تۆ.
19
ئەو گەمیانەی
چاوەکانت لە ماچیاندا نوقم بووە
دەستوپەنجەی ڕووبارە ئەرخەوانییەکانی
منیان تێدایە
ئەو گەمیانە سەرهەڵگرتوون
لە تیشکی خۆر دەخۆنەوە
بە شیعر دەڕۆن.
***
خانمەکەم
گرنگ نییە بۆ کوێ دەچن
بەڵام
ئایا منی شاعیر
لەگەڵ خۆتان هەڵدەگرن؟
20
پەپوولەی وەنەوشەیی پەنجەکانت
بەدەم سەماوە
خۆ دەهاونە باوەشی پەنجەکانمەوە.
تێکەڵ دەبن
هەرچی دەکەن
بێ پرس دەیکەن
***
- وا تێکەڵن.. نە لەیەکتر تێر دەخۆن و
نە بۆمان جوێ دەکرێنەوە.
- چارمان نییە.. هەستە گیانە جێیان بهێڵین.
21
ئەم ئاوازە و ئەم سەمایە و خۆشەویستیت دەمخۆنەوە.
لەشم ونە و هەر ئەوەندەی هەست پێ دەکەم
کە گووشیوتە بە خۆتەوە.
چرپەکانت/ بە گەردنما هەڵدەگەڕێن
چاوەکانم/ لەسەر گۆنات دەخلیسکێن.
بیناییم/ لێ کەتووەتە ناو خەوی..
عەتری لاملتەوە و نایدۆزمەوە.
-دڵە ئەمشەو چی شک دەبەی؟ چیم بۆ دەکەی؟!
-بۆ.. چی ماوە شکی نەبەم؟!!
ئەم گۆرانییەت بۆ ڕادەخەم
تۆیش بەرگەکانت فڕێدە و تیشکی ئەم مۆمە لەبەرکە
گەر چاویشم نەدۆزییەوە
بە پەنجەکانم دەتبینم
22
لەبەر ئەو بارانەدا بەڕووتی وەستاوی و بارانم
دەبارێم و بەلەشی بلوورینتا دێمە خوارێ
کە نزیکە بچۆڕێمەوە سەر زەوی
هەڵدەزنێمەوە و پەشیمانم لەبارینم.
کە نزیکە بچمەوە هەورەکان
دەبارێمەوە و پەشیمانم لە هەڵزنانم.
دەبارێم و هەڵدەزنێمەوە
هەڵدەزنێم و دەبارێمەوە
ئەرێ ئەوە تۆ بۆ
لەبەر ئەو بارانەدا
وا بەڕووتی وەستاوی؟!!
23
لقی ئەو دارانە مەشکێنن
دەستگیرانەکەمیان پێ دەگرمە باوەش.
کانیاوەکان پڕ مەکەنەوە
خۆشەویستەکەمیان پێ دەبینم.
ئەو چەکوشانە مەکەن بەچەک
شیرینەکەم کەوێکی خرپنی دەنووک ئاڵە.
نەکەن
هەوری شیعرەکانم تووڕە بکەن
دڵدارەکان برسییانە
دەنا هەور
وەک گەنم گۆش دەکا.. برووسکەیش
شک دەبا.
24
کاتێک گۆرانیت بۆ دەڵێم
لێوەکانم وا ناسک دەبن.. شیری مەمکی دایکایەتیش
دەیانڕووشێنن.
***
کە دێم بۆ لای تۆ
شەقامی دەمی تیغ.. گلەیی لە هەنگاوی تیژی من
دەکا.
کە «لەسەرخۆ» لە ئامێزت دەگرم
مێژووی دڵداری
بە «پەلە» بە خۆیدا دەچێتەوە.
25
ئەم ئەستێرانە زۆر لاسارن
گوێ نادەنە ئیسراحەتی من
داوای گۆرانیم لێ دەکەن.
***
ئەم ئەستێرانە چەقاوەسوون و خۆشم دەوێن
هەر گۆرانییەک بۆ تۆ دەڵێم.. خێرا دەبن بە
کۆرسم.
26
ئەو کابرایە جووتیار نییە ڕووتی بکەنەوە
گیرفانەکانی پڕن لە حەبی نەزۆکاندن.
گیانە زانیت؟ بۆ ئەم زەوییەی ساڵەهایە
ئەو دەیکێڵێ..
هەموو جۆگەکان لە باخەڵی خۆیدا دەخەوێنێ و
چڵە گەنمێکی لێ نازێ؟
27
سەرمای شەوان..
من خەبەر دەکاتەوە و خۆی لە جێیەکەمدا دەنوێ.
ئاوارەی شەقامی جریوەی ئەستێرەکان دەبم
پاش چەند ساتێ..
دەنگ دەبەخشم بە هەنگەکان تا گۆرانیت بۆ بڵێن.
***
لە من وایە.. هێشتا تۆ گلەیی دەکەی؟
گەر وا نییە!
تا.. کەی..؟
خەبەرم بکەنەوە و لە ناو جێگەکەمدا بنوون؟!
28
بێدەنگیی ئەم گوندەی دڵم
چاوەڕوانی قریوەی گەرمی هەڵپەڕکێیەکە.
-ئەرخەوانە نازدارەکان فەقیانەی شۆڕ بەردەنەوە
وا باران هات.
ڕەنگەکانی ڕەشبەڵەکی لەبەردایە
29
سەرما گەوجە دڵدارکوژە.
بەرگی شەفەق لەبەر بکە
خۆت لە گمەی ئەم کۆترانەوە بپێچە
شان و قۆڵەکانت ڕووتن.
30
بەرەبەیانیان.. لە مەیدانی ئەم شارە
زوقم ماسوولکەکان دەجوێ
ئاسمان/ هەناسەی سوارە
زەوی/ وەختە لە سەرمادا.. ڕەقبێتەوە.
ئەی ئۆقیانووسە گەرمەکە.. تەوژم دە
لە سەرەتا..
بەردەکانی کەنارەکە
سەری شەپۆلت دەشکێنن
بەڵام ئەنجام
شەپۆل دڵی بەرد کون دەکا
تەوژم دە
تەوژم دە.
31
ئەم ڕووبارە.. بنێشت دەجوێ و بەردەکانی کەناری
دڵەکوتێیانە.
ئەم ڕووبارە.. کە خۆی لە تریفەی مانگدا دەشوا
شەو گۆگردییە و هەنسک دەدا.
ئەم ڕووبارە.. پڕکراوە لە پەنجە بڕراوەکانی من و
هێشتا
هەر بنێشت دەجوێ!
ئاخ لەدەست ئەم ڕووبارەی
ناتوانم ڕقم لێی بێ!
32
وەرە پێشێ.. دەستم کوندەپەپوو نییە..
بەڵام گەردوون لەمەداردا
کەلاوەیەکی کەوتووە..
تەنیا
مەمکەکانی تۆی
بەپێوە تیادا دەبینم.
وەرە ژێر ئەم درەختەوە
وەرە پێشێ
ئەم زەوییە تۆپەڵێ خڵتەخۆیە
تەنیا
باڵای تۆی
تیادا سەوز دەبینم.
33
برووسکە واچنگ لە زەوی گیر دەکا
دەڵێم هەر ئێستا... دەیگرێتە ڕۆژ
کەچی
پڕی دەکا
لە کانی.
وا دەمگووشی و لەشم لە ئامێز دەگری
دەڵێم هەر ئێستا ورد و خاش دەبم
کەچی
گیانم
پڕ دەکەی
لە خۆشەویستی.
34
لە ڕێوبانی عەرەق ڕشتنما ڕواوی
وەک ئەرخەوان باوەشت پڕی لە گوڵە.
بۆ پشوودان لا دەدەمە ژێر نسێ-کەت
بە پەلکی پڕ لە گورزە گوڵ
ناوچەوانی گەرمم بسڕە
***
ئەرخەوانەکەم
گەر سەرم کردە سەر ڕانت
بە سروودێک دام بپۆشە و
خەونەکانم
باوەشێن کە
گەلێک ماندووم.
35
سەما هەیە بەرگی نەوێ
سەفەرێک دابهێنە.. جانتای نەوێ.
***
دڵم جانتایەکە.. پڕە لە فرمێسک و هەنسک
زنجیرەکەی داناخرێ.. داناخرێ.. نا
36
دوایین زیندووی داستانەکەی «تەلزەعتەر»
پێنج ساڵانێکی برسی بوو
دەنکێ زەیتوون-ی شک دەبرد
دڕندەکان گەیشتنە لای
ئەویشی نەخوارد و
تێی گرتن.
37
گۆڕەکەت ئەمشەو لە «هایهید»
ببووە باخێکی ئەستێرە
دڵدارەکان ئاویان دەدا
ئەستێرەکان وەک پێکەنینی گەداکان
گەورە دەبوون.. گەورە دەبوون..
دەبوون بە خۆر.
38
ناتوانم تەنیا بژیم
تەرمێکم بدەیێ، ئەمشەو لەلامەوە بێ.
کە هیچ نەبێ، تا سبەی بیر لەوە بکەمەوە
چۆن ژیاوە و.. چۆن دەنێژرێ؟
کە هیچ نەبێ
لەگەڵ تەرمێک
39
حەمە گیان
سەراب لە پێت ئاڵاوە
پارچەی یادگارەکانت وەک بلوورێکی شکاو
لە ژێر پێستما سەفەر دەکەن.
لە ناو تۆفی کەژەکاندا
ئافرەتێکی ڕەشپۆش وەک من چاوەڕێتە
شەمەندەفەرەکەت تیژڕەوە
سەری لارت لەسەر شانتە
هەموو درەختە سەوزەکان جێ دەهێڵی
لە تەمی پێچی چیاکاندا
نوقم دەبی و
ناگەڕێیتەوە باوەشمان.
40
گیانە.. تا خاوەنی ئەم پەنجانەم بم
پرچەکانت دادەهێنم
هەرکاتێک لێیان سەندم
بە دەستی خۆت ناوچەوانم بسڕە و
سەرم بخە سەر باڵی
لەبیرچوونەوە
ئەو خۆی دەزانێ
چۆنم ڕادەژێنێ
ئەو
خۆی
دەزانێ.
41
من پەپوولەیەکی ڕواوم
تۆ گوڵێکی باڵداری
هەڵدەفڕی
خۆت بە گەردنما هەڵدەواسی
توند دەست بگرە با نەکەوی
ئاگادار بە
ئاگادار بە
زەوییەکەی ژێرم کێڵگەی گوێزانە
توند دەست بگرە
با نەکەوی.
42
کارگەکە دەنگی دەنووسێ
چەرخەکانی باوێشک دەدەن
کەچی
تۆی مەزن
بەپێی کۆتەوە
بە شەریانەکانیاندا
ڕادەکەی و ناسرەوی
***
ئەم ماشێنە
دەغڵی بازووەکانت دروێنە دەکا
کەچی
تۆی شەکەت
پێدەکەنی و گۆرانی بۆ سبەی دەڵێی.
43
دارخورماکان ڕەنگ زەردیی منیان لەبەردایە و
لە چاوی دیجلەدا خۆیان دەشۆن.
دیجلە کراسی دوورێتیی تۆی لەبەردایە و
بە لەپی دەستی مندا گوزەر دەکا.
لەپی دەستەکانم هەڵدەفڕن و
لەسەر شانت دەنیشنەوە
شان هەڵمەتەکێنە
مێژوو گلەییت لێ دەکا.
44
ئەی دەریا..
خەوم دەدی ڕۆژێک لە ڕۆژان
سەرم بخەمە سەر ڕانی تەنیا شەپۆلێکت و بنووم
کەچی بووکێکی دەریایی وات پێ بەخشیم
ڕازی کردم: سەری هەموو
ئەستێرە و درەخت و شەپۆلەکان
بخەمە سەر ڕانم
لایلایەیان بۆ بکەم و ماندوو نەبم
لە باوەشما تێر تێر بنوون و من
نەنووم.
45
ژێ-یەکانی گیتارەکەت
شیعرێکی منە و نووستووە
هەستیم/ لەسەر سنگی گیتارەکەت
پاڵکەوتووە.
پەنجەکانت ببزوێنە...... بیخۆنەوە.
***
گارا
من شەیدای دەمودووی پەنجەکانتم.
ئێستا لە ناوەندی یاریگاکەم
پەنجەکانت ببزوێنە...
لە زمانی پەنجە دەگەم.
46
خۆر بەزەوی نەوتووە
وەرە لە دەورم بگەڕێ.
زەوی شنە بە کرێ ناگرێ
هەوری بۆ لا بڕەوێنێ.
ئەی تۆ گیانە هیچت لێم داوا کردووە؟!
47
ئەستێرەکان.. دەستیان لە ملمدایە.
دەریاکان.. خستوومیانە باوەشیان
باران.. گۆرانیم بۆ دەڵێ.
تۆ لێرە نیت و من تەنیا
دڵم خۆشە و هیچم نییە.
تەنیاییم کڵۆیەک خوێیە و
لە چاوەکانما سەما دەکا
دڵم خۆشە و هیچم نییە.
48
ئەو بەردە بریندارە بنێ ژێر سەرت.
لەسەر ئەم شۆستە ژانگرتووە بنوو.
زریانی ئەم شەوە بدە بە خۆتا
بنوو
بنوو
سبەی تەنیا قەڵەمەکەم بۆت دەگری
سبەی تەنیا
گسکی کەناسەکانی ئەم شارە
بۆت دەگرین.
49
جەنگەڵێ ئافرەتی وەنەوشەیی
لەو سەرابەی ئەوبەرمەوە.. سەما دەکەن.
بەڵام من تۆ لە ناویاندا دەناسمەوە.
تۆ زۆر دووری وەنەوشەیی
لە ناو جەنگەڵێ ئافرەتی وەکو خۆتا
سەما دەکەی.
بەڵام من تۆ لە ناویاندا دەناسمەوە.
***
لە نێوانی من و تۆدا
بووکی باران کراسێکی قەنەووزی لەبەردایە.
دوگمەکانی دەترازێنم.. کراسەکەییت بۆ دێنم
باران لە من زویر نابێ
لەمێژەوە چاوەنواڕە
شاعیرێک بێ
دوگمەکانی کراسەکەی بترازێنێ.
50
لەوەتەی ڕۆییون زریانێک لە شەریانەکانی
من و شاردا سەفەر دەکا و ناگاتە جێ.
بوومە کەسێکی ئاسایی ناو شارێکی نائاسایی.
پێکەنینەکانم وەک پاساریی شەکر
پۆل پۆل.. لە ڕووباری چاوەکانیاندا.. دەتوێتەوە.
***
لەوەتەی ڕۆییون
شەقامەکان خۆیان پێچاوەتەوە و
هەموو گوڵ و درەختەکانیان لەبن دەست ناوە
تەڕاییی جۆگەکانیان خستووەتە جانتای
فرمێسکەکانمەوە و سەفەر دەکەن.
***
سەفەرەکەتان زۆری برد
بگەڕێنەوە و
درەخت و گوڵەکان بگەڕێننەوە باخەکان
شەقامەکان ڕابخەنەوە و ئاو بکەنەوە
جۆگەکان.
ئەم زریانەی گیانم دەرکەن
بگەڕێنەوە و بمکەنەوە
شاعیرە ئاسایییەکەی
ناو ئەم شارە نائاسایییە.
51
بەڕاکردن
بەرەو ڕووم هات
منداڵێک بوو.. لەبەر پێیدا
بەرز و نزمییەکان تەخت دەبوون.
بەردەکان خۆیان لادەدا.
چڵێک شیعر و چڵێک عەتری
لەمشت نابوو
تا لێم نزیکتر دەبووەوە گەورە دەبوو
گەورەتر بوو
گەورەترین
کاتێک گەییشتە ئاستی من
ببووە خاتوونێکی مەزن
باڵەکانم بۆ کردەوە و خۆی فڕێدایە باوەشم.
لێی گەڕێن ئەم ئەوینە
ڕاستییەکە
وەک ئۆقیانووس و دەریاکان
چاوی شینە.
دە لێی گەڕێن
ئەفسانە نییە.. ئەوینە.
***
بەڕاکردن
بەرەو ڕووم هات
خاتوونێک بوو.. لە تاو خرمەی بارانەکە
باڵەکانی دابووە دەست با.
مەمکەکانی دەلەرزین و بۆنی گیای تەڕ تێی ئاڵابوو
تا لێم نزیکتر دەبووەوە منداڵ دەبوو
منداڵتر بوو
منداڵترین
کاتێک گەییشتە ئاستی من
نەشمیلێک بوو- گەش و خرپن
باڵەکانم وەک دەرگای باخچەی ساوایان بۆ کردەوە
لێیانەوە هاتە ژوورێ
گەر سەربنێن بە سنگمەوە
گوێتان لە هەنسکەبڕکێی
ڕاکردنەکەی ئەو دەبێ.
لێی گەڕێن با لە سنگما تاوێک بنوێ.
لێی گەڕێن هێشتا ماندووە
سەدان ساڵە نەخەوتووە.