پاڵەوانێک
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
3 خولەک
1562 بینین
لە بەغدا جێژنی یادی یەکەم ساڵی شۆڕشی ١٤ تەمووز و دامەزرانی کۆماری کورد و عەرەب ئەکرا. لە مۆسکۆڕا ئەم پیرۆزبایییەم نارد و لە ڕۆژنامەی خەباتدا چاپ و بڵاوکرایەوە:
شەوێ ڕەش وەک دڵی زۆردار
مات، بێهەست، وەک بەختی هەژار
سەرخۆش و بێهوشن پیاوکوژ
لە خەودان زگزل و خوێنمژ
لە نێوان خانەقین و فاو
سوور و تەڕن ملیۆنها چاو
بێخەو، خوێنیان تێ چڕژاوە
چاوی دایکی دڵ برژاوە
دیدەی ساوای نیوەمردوو
بێ دایک و باب پێوەندکردوو
گەلێک چاوی لاوی گەفان
لە باقووبەشوێن و نوگرەسەلمانشوێن
پڕخوێنن غەزەب دەبارن
خوێنەخۆڕی ئیستیعمارن
کزەی شەماڵ، سۆزەی زریان
دڵگەرمن بە ئاهـ و گریان
ئەو بۆ شیمال، بۆ جەنووب ئەم
دەم بە ناڵە، دڵ پڕ لە خەم
دەجلە و فورات بەیەک دەگەن
دەردەدڵ لای یەکتر دەکەن
ئەو لەسوێی کورد وێڵ و شلوێ
ئەم لە دەردی عەرەب دەدوێ
یەکتری دەگرنە هامێز
بە یەک بوون دەبنە خاوەنهێز
***
لە جەرگەی ئەو شەوی ڕەشا
ڕەشی چی! لەو ڕۆژەی گەشا
پێ بە عەرزا کوتانێک دێ
نەعرەتەی پاڵەوانێک دێ
عەبدولکریم دەگوڕڕێنێ
قەڵای بەدکار دەلەرزێنێ
سەرخۆشان ئەغیار دەبنەوە
بێهۆشان هوشیار دەبنەوە
ئەوانە خوێنمژی گەلن
چی زگزل و تەوەزەلن
ئەوانەی ئێمەیان دەخوارد
خۆیان لە مافی گەل دەبوارد
وا کونە مشکیان پێ تەنگە
لاقی هەڵاتنیان لەنگە
گشتی دزەو گای خۆی دەوێ
چارشێوی ژن بەر ناکەوێ
یەک لەسەر هێلکان کەوت کڕ
یەک کەوتە سەر پرزەی ئاخوڕ
تەزین هەموو دز و قزە
ڕێگەی بڕا فێڵ و گزە
با بڕووخێ کۆشکی پاشا
هەنگاو بنێن بەسەر لاشا
لاشەی سەگەلی ئیستیعمار
زۆر لەبارن بۆ پەت و دار
پاڵەوان عەبدولکەریمە
دوژمن پڕ لە ترس و بیمە
***
ڕۆژی چاردەی تەمووز، شۆڕش
لە سێ چوار وشەدایە گش
بەڵام مانای گەلێک زۆرە
پادشاخۆرە، زۆری شۆرە
بۆ داگیرکەر ژەقنەمووتە
نانی برسی و بەرگی ڕووتە
بۆ خوێنمژان ژەهری مارە
یاری گەلانی ڕزگارە
بۆ نان پێزە، بۆ کز هێزە
شەڕکوژە و ئاشتی پارێزە
لە نەدار پیشە و هونەرە
لە نەیار شیر و خەنجەرە
بۆ بێکاران پارە و کارە
بۆ جوتیاران زەوی و زارە
لەشساغیە بۆ نەخۆشان
مەرگە بۆ گێچەڵ فرۆشان
ئازادیی پێنووس و دەمە
تا بێژی و بنووسی کەمە
پاڵەوان عەبدولکەریمە
قایم دادەڕژێ ئەو هیمە
***
شۆڕشی گەل لە گەلاوێژ
وشەی کورت و مانای درێژ
یەکبوونی عەرەب و کوردە
ڕێکبوونی درشت و وردە
نەمانی کۆنەپەرستان
بەرگیری لە بەرهەڵستان
گەڕانەوەی بارزانییە
خێرە و خۆشی و هەرزانییە
مرداربوونی شەووافانە
بەشداربوونی بێ مافانە
ئامریکا ڕووگرژ و مۆنە
با بمرێ ئەمری کای کۆنە
نەخۆش کەوتنی ئینگلیسە
لە ترسی دواڕۆژمان سیسە
فڕێمان دا لەمپەر و کۆست
مۆسکۆ و پەکینمان بوونە دۆست
عێراق کە ئازادە و شادە
جێی دادە قیبلەی مرادە
بۆ کوردی دیکەش لە لاوە
موژدەی ئازادیی هێناوە
بەرەو خۆشبەختی چوون هەلە
شۆڕشە و شۆڕشی گەلە
پاڵەوان عەبدولکەریمە
چینی هەژار نەڵێ: نیمە