ئەڵێن جەژنە هەموو عالەم خەریکی بەزم و ئاهەنگە

لە کتێبی:
دیوانی ناتیق
بەرهەمی:
ناتیق (1886-1967)
 1 خولەک  624 بینین
ئەڵێن جەژنە هەموو عالەم خەریکی بەزم و ئاهەنگە
لە خەڵوەتخانەی خەمدا من نەبێ کە دڵم تەنگە
لە هەرلایەک ئەبینی نازەنینانی پەریزادە
لە هەر سەیر ئەکەی سیمین تەنانی شۆخان و شەنگە
لە لایە عیشوەیی ساقی زڕەی فنجانی زێڕینە
لە لایە نەغمەیی موتریب لە لایە بەربوت و چەنگە
لە لایە جەژنە پیرۆزە سەدای بەرزی حەریفانە
لە لایە بانگی نۆشانۆش لە لایە زەنگە
لە لایە دەستە دەستە دەست لە مل دەم لەناو دەما
بەناوی جەژنە پیرۆزە خشپەیی ماچی بێدەنگە
لە لایە ناز و عینوانی بوتانی ماهـ ڕوخسارە
هەڵەبجە بێ درۆ ئەڵێی مانی وو ئەرژەنگە
لە سایەی لەشکری خەت و خاڵ و حوسنی جیهانگیری
نیگاری نازەنینی من شەهێکی ساحێب ئەورەنگە
لە سیلکی مەهوەشانا سەیر ئەکەی ئەو شۆخە شیرینە
لە توغرای توڕەیی میشکینەوە سەلار و سەرهەنگە