ڕازێک

لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  1000 بینین
پێشکێشە بەنازی چاوەکانت لەگەڵ ئەوەشدا کە نەمتوانی ڕازەکەی دڵم بەتەواوی دەربڕم
پێڵووی نازەنین هەڵهات لە چاوان
دەستی فریشتە لە ڕۆژ بووەوە
ڕووناکی و ورشەی ئەیدا لە دڵان
خەم و ئەشکەنجەی لە ڕوو چووەوە
***
ئەبرۆ هات و چوو لەسەر چاوی گەش
ترازووی تازی نازی ئەکێشێ
هەر دڵەی تۆزێ نازی بدا بەش
بەو نازەی گیانی گەلێ دەکێشێ
***
هەناسەی زاری ژێر دوو لێوی ئاڵ
هەنسکی گەرووی ڕێحانەی جوانە
کە لەگەڵ شنەی فێنکی شەماڵ
خەیاڵ و مەزەی بادەی مەستانە
***
تاڵی قژی ڕەش تەلی کەمانە
ژیان پڕ ئەکا لە نەغمە و ئاواز
دەنگێک پەخش ئەکا بە نووکی شانە
مردووی گۆڕستان ئەخاتە سەر ڕاز