غەم شیرینە
لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
1 خولەک
1150 بینین
هونەرمەند محەمەد قەدری کاتێ ئەم هەڵبەستەی کرد بە گۆرانی و گوێم لێ بوو بە نازی ئاوازەکەیدا زانیم کە تێم گەیشتووە
غەم لەلای من زۆر شیرینە
غەم هەوێنە بۆ ئەم ژینە
چونکە بۆ دڵ پێکەنینە
شادی و بەزم و هەڵپەڕینە
غەم شیرینە... غەم شیرینە
گەرچی پەڕەی دڵم کونە
دەریای غەمم قووڵ بێ بنە
هێشتا هەر غەم لام شیرینە
نایگۆڕمەوە بەم زەمینە
غەم شیرینە... غەم شیرینە
هەموو دەم بەشم ناڵینە
چاوم پڕی لە ئەسرینە
لە چاڵی غەمدا بمبینە
ئینجا ئەڵێم غەم ڕەنگینە
غەم شیرینە... غەم شیرینە
غەم لەلای من پێکەنینە
شادی و بەزم و هەڵپەڕینە
ئەرگەچی پڕ دڵ برینە
بەڵام زامی دڵ نەخشینە
غەم شیرینە... غەم شیرینە
لە شاری دڵی من شینە
قوڕ پێوان و سنگ دڕینە
غەم و ئەشکەنجە بارینە
لای من وایە گوڵ چنینە
غەم شیرینە... غەم شیرینە