فریشتەی دڵم

لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  1434 بینین
پێشکێشە بەو فریشتەیەی کە لەبەر خۆشەویستی کوێر بووم و کوێریش ئەبم لە ئاستی هەموو گوناهێکی (ئەو جوانەیە کە لە باوەشیا فێری خۆشەویستی و مانای بەزەیی و ژیان، دووری، نزیکی بووم)
لە دەریای بێبنی عەشقام مانای مان و نەمانی چی
لەبەر هەستی خۆشەویستی هۆش و بیری فەرمانی چی
لە بیست و دووی حوزەیرانا بە تیری خەمزە پێکامی
دڵم بۆ تیری قەڵغانە زرێ و خوودە و کەوانی چی
بە تیغی دوو تاقی ئەبرۆی جگەرمی ئەنجن ئەنجن کرد
لە جووڵان و هاتوچۆدا.. خەنجەری تیژ دەبانی چی
بە پرشنگ و بزەی ڕوومەت درێژەی دا بە ئاهی من
لە تین و کاری فرمانی چ چەرخێکە و زەمانی چی
نەما شەوێ کە پێخەفم بە ئاوی چاوم تەڕ نەبێ
لەخوڕی ئاوی چاومدا زرێبار و زێی سیروانی چی
فریشتەی پەیکەری جوانی پەرستگامە هەتا ماوم
دڵە بێ ئەو مەلی شادم بەبێ جوانی ژیانی چی؟!