شەماڵ پێی بڵێ

لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 2 خولەک  1065 بینین
ئەوە شێتە کە ڕازی دڵی بۆ شتێک ناکات کە یاری بە قژی هەموو جوانێک ئەکا
شنەی شەماڵی گەڕۆکی سەر عەرد
ڕاوەشێنەری گوڵاڵەی بێگەرد
بێ سەرو بێ شوێن وێڵی چیا و هەرد
تۆزێ بێرە لام ببینە حاڵم..!
ساتێ خەم نۆش و ساتێ ڕووتاڵم
هەمووی لە دووری گوڵمە ئەناڵم
من لەگەڵ خەمدا بەستوومە پەیمان
هەتا ئەو دووربێ پیشەم بێ گریان
لە جێی خەوتنیش بەسمە قوڕپێوان
شەماڵ گیان توخوا بڵێ بە یارم
من وا لە دووری پەست و خەمبارم
شین و شەپۆڕە سەیران و کارم
پێی بڵێ تەنیام با زوو بێتەوە
بەڵکە لاوازییم لە کۆڵ بێتەوە
ژیانم شەوە و با ڕۆژ بێتەوە
پێی بڵێ بێ ئەو ژین لێم بەقینە
دڵیش ڕووبەڕووی بێ هێز و تینە
خەمی تەنیاییش بە قەد زەمینە
شەماڵ گیان بڵێ دڵدارەکەت وا
لەگەڵ ئاسماندا کەوتۆتە سەودا
لە ئەستێرەی گەش ملوانکەت ئەکا
پێی بڵێ یارت وا لەگەڵ مانگدا
شەڕیانە لەسەر جوانی هەردوولا
مانگ ئەڵێ خۆم و ئەو ئەڵێ لەیلا
شەماڵ جوانی یار بە هەزار جۆرە
ئەگەرچی ڕازی دڵیشم زۆرە
تۆ نابێ تێکچی بیڵێ بە نۆرە
منیش چاوەنواڕ بەری بەیانم
تاکو هەواڵی گوڵی ژیانم
لە شنەی نەرمی تۆوە بزانم
بەشکو خوا بیکات گوڵم بێتەوە
ئازاری دووریم لە بیرچێتەوە
دڵەی ناشادم شادی بێتەوە