لە حەسرەت لێوی لەعلت ئەشکی چاوم ئێستە گوڵ ڕەنگە

لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 1 خولەک  722 بینین
لە حەسرەت لێوی لەعلت ئەشکی چاوم ئێستە گوڵ ڕەنگە
بە یادی چاوی مەستت دڵ هەمیشە مایلی بەنگە
تەماشاکە کە دێمە باسی تەعریفی دەمت جانا
شوکور هەرزان ئەکا شیعرم ئەگەر چی قافیە تەنگە
بە سورمە ئاوی داوە ئەو نیگارە خەنجەری ئەبرۆی
شەهیدی غەمزەیی خوێنڕێژی بۆیە مات و بێ دەنگە
هەزار هاوار و داد ناگاتە گوێی، تەئسیری لێ ناکا
دڵی ئەو شۆخە بێ ڕەحمە لەڕاستی من وەکوو سەنگە
لەوەی خەڵکی ئەڵێن پێم عاشق و ڕیسوای نییە پەروام
نەسیبی عاشقی بێچارە دایم لۆمە و نەنگە
موسەللەح بوو بە شمشێری برۆ و پەیکانی موژگانی
موحەققەق تورکی مەستی چاوی یارم مایلی جەنگە
بنازم چەندە خۆشە تەعزیەی عاشق لەسەر قەبری
لەجێی شیوەن، زڕەی فنجان و دەنگی بەربوت و چەنگە
دەخیلم بێرە سەیری مەجلیسی ڕەندان دەمێ زاهید
تەماشاکە سەفایە، سەیرە، بەزمە، ڕەزمە، ئاهەنگە
تەواو نابێ بە ئەحمەدناسناوی ئەدەبی ئەی کەماڵی مەدحی ڕووی دڵبەر
لە عەرسەی وەسفی یارا پێی خەیاڵم ئێستەکە لەنگە