پێشەکی

لە کتێبی:
فرمێسک و زەردەخەنە
بەرهەمی:
أ. ب. هەوری
 2 خولەک  936 بینین

خوێندەواری بەڕێز: ئەم دەستە هەڵبەستەی کاک دڵشاد مەریوانیکەس کە لە بەردەستدایە، چونکە نۆبەرەی بەری باخێکە، باخەوانە لاوەکەی بە هەڵسوکەوتێکی پڕ ئەشکەنجە و ئازار لە شەوانی تاریک و ڕۆژانی پڕ تەمومژدا بە زەحمەتێکی زۆر هێناویەتە بەرهەم، لەم ڕۆژەدا لەجیاتی ئەوەی خوو بداتە بەزم و ڕەزم و ڕابواردن، ڕووی کردووەتە ئەم ئاقارە بەرز و پیرۆزە، بۆیە وا دەزانم هەر لەبەر ئەوە لەلای خوێندەواری تێگەیشتووی پێگەیشتووی دڵسۆز بە جوان تەماشا دەکرێ و جێگەی شیاو بە خۆی بۆ تەرخان دەکرێت لە کاروانسەرای وێژەدا و لەگەڵ ئەمەشدا و لەسەر داواکردنی خۆی کە بەوردی خوێندمەوە، ئەوەندەی لە توانای مندا بێ بۆم دەرکەوت بە چاوپۆشین لە ناتەواوییەکی زۆر کەم لە نووسیار و بەکارهێنانی وشە و کێش و قافیەدا باخەوان توانایەکی نهێنیی وێژەییی ئەوتۆی هەیە، ئەگەر پەڕاوی باخچەکەی بە گاسنی خوێندەواری و پەند وەرگرتن بکێڵرێت و وەربدرێتەوە و کشتەکەی بە ئاوی ڕەوشتی جوان پاراو بکرێت و بۆ هەمیشە ئاو بدرێت، دواڕۆژ دەبێتە یەکێک لە وێژەوانە ناودارە دیارەکان، چونکە هەر لەم هەڵبەستانەدا کە نۆبەرەی هەڵبەستیەتی، لە ناوەرەی (معنيعەرەبی) جوانی تازە بەکارهێنراودا دەستێکی باڵای هەیە، خۆ لە هەندێ لە چوارینەکانیدا زۆر سەرکەوتوو دیارە، بۆیە منیش هیوادارم هەر سەرکەوتوو بێت و لاوە تازە پێگەیشتووەکانیشمان ئەم جۆرە ڕێگەیە بگرنە بەر لە ژیانی دواڕۆژیاندا و ئەویش لەمەودوا لە هەڵبەستەکانیدا ئاوڕێک بداتەوە بۆ ناوچەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕەوشتی و تەندروستی، چونکە لەم بەشەیدا ئەوەندەی هەڵبەستی دڵداری هەیە ئەگەر ئیتر وازیش لەم جۆرە هەڵبەستە بێنێت، دواڕۆژ لەم ڕووەوە بەدواکەوتوو ناژمێردرێت.