8

لە کتێبی:
ئەڵوەن
بەرهەمی:
ئەحلام مەنسوور (1951-2013)
 34 خولەک  1319 بینین

«مەلیحە» یەکێ لە ناوە کڵۆڵەکانی گەڕەکەکەمان بوو... هەرکاتێ کەسێ بۆ هەر مەبەستێ ناوی کەسانی کڵۆڵ و بەدبەخت و ئاوارەی گەڕەکەکەمانی هێنایە، ئەوا ناوی مەلیحە لە سەرەوەی لیستەکەدا دەهات...

ئەگەر چی زۆربەی زۆری گەڕەکەکەمان لە ئاستی کڵۆڵی مەلیحەدا بوون بەڵام جیاوازیان تەنیا ئەمە بوو: مەلیحە تەمەنی دە بۆ یانزە ساڵان دەچوو، چاو و برۆیەکی قەیتانیی ڕەش، دەم و لووتێکی باریک، دو کەزی خورمایی، بەژن و باڵایەکی ڕێک و پێک... لە جوانیدا هەموو کچی دەوڵەمەندەکانی گەڕەک حەسوودییان پێ دەبرد، سەرەڕای ئەمە جل و بەرگە ساکار و کۆنەکەی بەریشی جوانیەکی زۆر تایبەتی دەخستە سەر جوانیی ئەو دەموچاوەی کە ڕەنگە ساڵی جارێک تەنیا بۆ ساتێک پێکەنین و زەردەخەنە نەیتوانیوە ئارامی تیا بگرێ... غەمباری و بێدەنگییەکەی چاوە خەواڵوەکانی و ووردە فرمێسکە قەتیسماوەکانی ماندوویەتی و سەرنجە تیژ و قووڵەکانی، دەموچاوی ئارایشت دەکرد و جوانییەکەی خواوەندانە و بێ گەردیەکی فریشتانەی پێ دەبەخشی... هەموو خەڵکی گەڕەک دەیانزانی چ کڵۆڵیکە و بەدەستی باوە ژنەکەیەوە تووشی چ دەردەسەرییەک هاتووە... بەڵام کەس ئەوەندەی «ئامە ڕەش» ئاگاداری برینەکانی ناخی مەلیحە نەبوو...

نەک هەر دەیزانی و گوێی لێ دەبوو کە باوەژنەکەی مەلیحە دەینەڕاند بە سەریا و پێی دەوت:

- مەلیحە بچوو ئەی قووماتە بشوور... گیس بڕیای، وە پەن کریای، ئەرا قابەگان نەوردیدەسە بان ئەڵوەن؟ مەلیحە بێشکەگە بووە سەربان و بچوو شیر مانگا بار ئەرا مڵاڵەگە.

جگە لەوەی چەند جارێ ئامە گوێی لەوە بوو باوەژنەکەی مەلیحە بە مەلیحەی دەوت:

- ئەگەر گەورا بید خۆم زانم چوین ڕسوا بووید؟ هەر لە ئیسەوە ڕسوا دکەم... ئەگەر ڕیسوا نەوید لەی دویا ڕوژە من ژن نیم و ناوم گوڵچین نێیە خاس ناسمەد، هە... هەر وەدایگەگەد هاتیدە! خۆم هەر لە حەقد تێم... د بچوو دی تەشتەگە هەڵگر و بخەرەی ژیر ترومپەگە...

کەچی ئامە ڕەش لەگەڵ ئەو جورئەت و بێ دەربەستییەی، نەیدەتوانی جارێک بە باوەژنەکەی مەلیحە بڵێ: کچێ خوا قەبوڵ ناکات ئەوەندە ئەزیەتی ئەو مناڵە کڵۆڵە و بەستەزمانە مەدە.

چونکە دەیزانی گەر ئەم قسەیەی لە دەم بێتەدەرێ نەک تەنیا شەڕێکی گەورە گەڕەک ئەوروژێنێ... بەڵکو ئاگری ئەو شەڕە دەبێ لە جەرگی مەلیحەوە هەڵسێ و تا مەلیحە ماوە نەکوژێتەوە، بۆیە ئامە هەر بێ دەنگ دەبوو ناخی خۆی دەکردە گۆڕستان و خەم و پەژارەی ئەو کچە بەستەزمانەی تیا دەشاردەوە... تا ڕۆژێ بە ڕێکەوت بە بەر ماڵەکەیاندا تێپەڕی گوێی لێ بوو باوەژنەکەی مەلیحە دەیقیژاند:

- گیس بڕیای مەلیحە... هەی وە پەن کریای بەیانی ماڵ براگەم تێنە ئەیرا. وەتمە پید بچوو لە بازاڕ گووشت بسین... سەندید؟ نە لە فکرد چی... ئەرا ترساید؟ قەساوەگان قورنجگ لەلید بگرن؟ ئەوەنە قورسید؟... چەند کوچگ هەس لە گیرفاند؟ دەی هەڵس دەی...هەی حیز... هەی قەحپە...حوجرگە گزی بدە... شامی سەندید؟ نە... نانەگە خستیدە ناو قەزانەگە؟ نە... وە پەن کریای مەگەر شارەوەدەر بکریەید پەڕو پیسەگەم شوردید؟ ئەرا نەچیدە سەر ئەڵوەن؟ ها... بیژ ئەرا نەچید؟ ترسیای لە چایلغ بڕفننەد؟ هەڵس قەیچییەگە بار... بزان لە کوورەس؟ لەبن دوونیایش بوود هەر پەیای بکە ئەرام... چەوەسیایدە؟ ئەرا وە سیایدە تەماشام کەید؟ لە دایگە گاندەرەگەدیش کەمترم؟... ها... بیژ ئەرا وسکت بیدە؟ بیژ وە جوانیی خۆدە و ناز کەید وە بانم؟ دایگە گەدیش جوان بی بەس فایدەی چەپی؟... هە...

بۆ یەکەم جار ئامە لە تەمەنی خۆیدا هەستی بە ترسنۆکی و بێ دەسەڵاتی دەکرد، ترسنۆکییەک هەرچی ئازایەتی لەوە بەری نواندبوو لە ئاستیدا بووە سفر... ناچار بوو بۆ یەکەم جار بەترسەوە پەنا بباتە بەر تلیاک و جگەرەیەکی پڕ لە تلیاک داگیرسان... لەوە بەر ئەگەر دڵخۆشیەکی بۆ بڕەخسابایە ئەوجا پەنای بۆ تلیاک دەبرد بیری لەو دڵخۆشییە کاتییە دەکردەوە و دەیزانی ئەمە چارە نییە... بەقەد ئەوەیە بەنجێکی کاتییە... ووردە ووردە ڕێی خۆی گرتە بەر و مەلیحەی بە دەردەکانی خۆی سپارد کە وەک ئامێرێ لەژێر دەستی باوەژنەکەیدا بجووڵێتەوە و هەموو پێویستییەکانی بۆ بەجێ بهێنێ... هەستی بەماندووبوون و شەکەتی بکردایە ئەوا سووتەمەنی جەستە ئامێر ئاساکەی زیاتر وزەی پێ دەدا و چاکتر دەجووڵایەوە... سوتەمەنی ئەو جەستەی ئامێر ئاسایەی مەلیحەی تەنیا «تانە لێدان بوو» بە پێچەوانەی هەموو کەسێکی ئاسایی کە «تانە لێدان» پەکیان دەخات و بەرچاویان تاریک دەبێ... کەچی مەلیحە تانە دەیجوڵانەوە، تانە نانی دەرخوارد دەدا...

تانە دەیخەواند... تانە خەونی پێ دەبینی... تانە... تانە... بەڵام هەندێ جار وەک بڵێی لە ماناکانی ئەو تانانە تێ نەدەگەیشت پەنای دەبردە بەر باوکی، کە باوکیشی نەک تەنیا باوک نەبوو، بەڵکو هیچ ڕەفتارێکی لە ڕەفتاری جانەوەری دڕندە جیا نەدەکرایەوە، ئەم چیرۆکە ئاڵۆز و سەیر سەیرانەی دەربارەی دایکی دەگێڕدرانەوە دەبوونە مایەی تاقە پرسیارێ و بە ترسەوە لە باوکی دەپرسی: باوە... دایک... دایگم...چ.... چەهاتە پێ.؟

- مرد.

- ئەرا مرد؟.

- نەخۆش بی و خودا کوشتەی... گشتمان مریمن؟... ئەویش نەخۆش بی...

- بەس هاوساگامان ئیژد باوگد کوشتەی. ڕاسە؟.

- نە درووکەد.

- دایگ «لەیلا» ئیژد شوی کردیە و چێسە شاریگ تر.

- ئەویش درووکەد. و توو باوەڕ وە قسەی باوگد بکە و حەقد نەوود. وەتمە پید نەخۆش بی و مرد. یەعنی نەخۆش بی و مرد... خەڵاس فرە مەپرس.

- بەس دایگ عەدنان وەت پیاویگ تر خۆش تواست و باوگد وەپی زانست و تەڵاقی دا.

- من چ وەتمە پید؟ جارێگ تر ئەگەر پرسید سەرت بڕم.

لە هەموو شتێ سەیرتر ئەوە بوو مەلیحە دەیتوانی لەگەڵ باوکیدا بەمجۆرە پرسیارانە بدوێ... ئەگەرچی هەمیشە هەڕەشەی لێ دەکرد و پێی دەوت ئەگەر جارێکی تر بپرسی ئەوا سەری دەبڕێ... بەڵام هەر ئەوەندەی مەپرسە و بەس... کەچی هیچیشی لێ نەدەکرد...

بەڵام جگە لەو جۆرە پرسیارانە... مەلیحە حەقی قسەکردنی نەبوو... دەمی بۆ هەر شتێ بکردایەتەوە بێجگە لەم پرسیارانە، ئەوا شەقا زللەیەکی باوکی بێدەنگی دەکرد... لەمەش سەیرتر ئەوە بوو باوەژنەکەیشی زۆر زۆر حەزی بەوە دەکرد مەلیحە ئەم پرسیارانە لە باوکی بپرسێت... بەزەردەخەنەوە سەیری گۆڕانکاریەکانی دەموچاوی مێردەکەی دەکرد کە چۆن لە ڕووی ئەم پرسیارانەدا ڕەنگێ دەهێنێ و ڕەنگێ دەبات و دەشڵەژێ... حەزی باوەژنەکەیشی بۆ ئەم پرسیارانە وای لێ کردبوو لەم ڕووەوە... تەنیا لەم ڕووەوە مەلیحە بە پشتی خۆی بزانێ بۆ ئەوەی برینی مێردەکەی بکولێنێتەوە و تانەی لێ بدات... دووریش نییە هۆی بێدەنگی باوکی مەلیحە لە ڕووی ئەم پرسیارانەیدا ئەو هەستەی پێ دابێ کە ژنەکەیشی پشتگیری مەلیحە بکات ئەگەر لێی بدات و سەر کوێری کات... بەڵام مەلیحە دەرکی بەم هێڵە بەیەکا چووانەی نێوان باوکی و باوەژنەکەی نەدەکرد... ئەگەر ڕۆژێک لە بەجێهێنانی پێویستییەکانی باوەژنەکەی دوا کەوتبایە، ئەوا هەر ئەوەبوو کەوڵ نەدەکرا... ناچار دەبوو بە هاوار کردنەوە خۆی بخاتە کونجە حەسیرەکەی ئەو پیرێژنە قەڵەوەی تەنیشتی ماڵیانەوە کە هەموو کەسێ ناوی «میمی» یان لێ نابوو... پەنای دەبردە بەر پشتی و لەبەر کونجەکەیدا دەپاڕایەوە:

- میمی میمی بوومە قورباند بیلا لە پشتدد خۆم بشارمەو تا باوەژنم نەدویندەم، کەفتێسە شوینم وەدار دەدە لێم، سەرم شکان، نێزانم لە کوورە خۆم بشارمەو بچمە کوورە؟.؟. مردم ڕوحم دەرچی...میمی لە توو زیاتر کەسم نییە... میممی میممی بوومە قورباند... پشتد پشتد... ها...هاخۆیە... قاپی یەگە وەسان!؟... دارەگە ها لە دەسی؟... توو توو ڕوی بکە پی بیلا نەدویندەم... نەنە خۆد کەمی بەرز بکە تا شەوییەگەم نەدویند...

تەماشام کەد؟... جواوم مەدە... میمی خوێن فرە لەسەرم تێدە خوار. چاوم نێد ویند... ترسم وە دەسم چاوم بسڕم...میمی وەسیایەس؟ تەماشای ئەی لا ئەو لاکەد... چییە ماڵ دایگ عەدنان؟.

- نە چییە ماڵ خۆدان.

میمی، ئەگەر بڵێم لە هەموو دونیادا شتێ نەبوو دڵی خۆش کات جگە لە مەلیحە، ئەوا وا دەزانم موبالەغەم نەکردووە، میمی هەمیشە تاقە کراسێکی کودەری لەبەردا بوو، پشتی کراسەکەی دڕیبوو، چونکە ئەوەندە مەلیحە لە پاڵیدا خۆی مات دەدا و دەگریا و سەر و چاوی تێ هەڵدەساوی... تەنانەت پشتی میمی جێ چنگەکانی مەلیحەی پێوە دیار بوو کە لە ترسا خۆی پێوە دەبەستەوە.

ئەم پیرێژنە تەمەنی لە شەست ساڵ زیاتر بوو... زۆر زۆر قەڵەو، ورگی لە پێشی خۆیەوە دەڕۆیشت، لە هاوین و زستاندا لەو کونجەیدا بوو کە بە دەستی خۆی دروستی کردبوو.

زۆر بێ پەروا بوو. نەک تەنیا شەرمی نەدەکرد بەڵکو کەسی بە پیاو نەدەزانی! مناڵانی گەڕەکی زۆر خۆش دەویست و مناڵانیش ئەویان خۆش دەویست و ڕۆژانەکەیان لای ئەو خەرج دەکرد. مناڵان و هەرزەکارەکان پێیان ڕادەبوارد و بەردی زلیان دەخستە سەر کەپرەکەی و لەکاتی نووستنیدا ئاغزە جگەرەیان دەخستە گوێی و کاغەزیان لوول دەدا و لە نێوان پەنجەکانی پێیدا دەیانسووتاند... ڕادەپەڕی و بەخەبەر دەهاتەوە، وەک ئەوەی هیچ شتێک نەبووبێ بێدەنگ دەبوو، دەربەس نەبوو گللەیشی لە کەس نەدەکرد، تڕ و قڕقێنە بەلایەوە یەک شت بوو مناڵە هەرزەکارەکان لێی کۆدەبوونەوە و دەیانوت:

- میمی ئەرا ئەوەنە قەڵەوید؟ قنگد قەڵەوە، گوشت حوشتر خواردیدە؟.

...............- - میمی وەڕاسی ئەرا سەر نێوە سید؟ علمۆدە بیدە؟ ئەرا قژد فرە جاوانە خستیدەسەی دەشت؟.

................- - ها ها ها... میمی ئەی کەپرە ئیژید قەسر مەلک فەیسەلە....توو خودا ئاڵشتی کەیدەووەپی؟

- نە وەدەس خۆم کردمە سەی وەختێک ئیوە گەورا بوون ڕووڵە ئەرا خۆدان قەسر بکەن، حەقدان چەس لەمن و کە پرەگەم؟

- دەروشی وە دڵخۆشی بەسەدی سەر نە نە سەرم وەخودا دڵم وە پیدان سوزیەد.

- ها ها ها ی توو دڵدوە ئیمە سوزیەد؟.

- ئا... ئیوە جاهڵ و جوانن... ئیسە جاری دونیا نەدیدەن، دونیا نەدیەدەش ئەی قسەیلە کەد.

- ئێ توو چەی؟ نەتڕیگید دەنگد باد و نە تسیگید بووند باد.

- ها ها ها... میمی تڕیگ بدە ئەرامان کەمێک دڵمان خۆش بکە... میمی ئەی زگە چەکەیدە پی بێسە دەوڵ؟.

مناڵەکان هەموو خواستەکانیانی بەجێ دەهێنا... ئەوەندە هەڵگژابوونە سەر جەستەیەوە لەبەر دەمیشەوە کراسەکەی دڕا بوو، ئەو خاڵە شینە کوتراوانەی سەر زگی و سنگی دەرکەوتبوو مناڵانیش پێیان دەوت:

- میمی دیارە لە وەخت خۆی فری جوان بیدەو ئەی خاڵەیلە کووتانەسە سەر سینگد...

- هە... جوانی چەس؟ ڕوڵە وەکار نێتیەد...

- ها ها ها... دڵیشی خۆشە... دیارە فرە جوان بییە وەها باس خاڵەگانی کەد... بێسە فەیلەسوف. وەڵڵا باوە نەسیحەتیشمان کەد...

لە هاوینانیشدا خۆی تەڕ دەکرد و ئەمانیش لێیان دەپرسی:

- میمی ئەرا ئەوەنە خۆد تەڕ کەید؟ گەرمە؟.

- ڕوڵە ئەرا لە ئاو ئەڵوەن خۆم مەحرووم بکەم؟ بەیانی دوو بەیانی مرم و خەنەمە ناو چاڵ... حەسرەت کیشم ئەرا قەترەییگ ئاو.

لەناو هەموو مناڵ و هەرزەکاراندا تەنیا مەلیحە گاڵتەی بە میمی نەدەکرد و بە جۆرێکی تر ڕەفتاری لەگەڵ دەکرد و ڕێزی لێ دەگرت، ئەشێ بەرژەوەندیشی لەم کاتەدا دەوری خۆی بۆ هەردوولا بینیبێ و هەمیشە میمی پەنای مەلیحە بوو و پێی دەوت:

- هەرکە تواست بدەدە لید بەو پشتم بگر و حەقد نەوود.

- میمی دویاخر زاند لە پشتد خۆم شاردمە سەو.

بەم چەشنە میمی قەڵای مەلیحە بوو تا ئەو ڕۆژە شوومەی باوە ژنەکەی پێی وت:

- «دوێتم» مەلیحە پێخەفەگەمان حازر بکە، بەیانەی دوو بەیانی ماڵ براگەم تێنە خوازوەنید و دەینەدە «حسین» وە براگەم...

لە راستیدا مەلیحە تێ نەدەگەیشت، لە دوو شت نەگەیشت.

یەکەمیان: بۆ یەکەم جار لە باوەژنەکەی وشەی «دوێتم» دەبیستێ.

دووەمیش: مەسەلەی خوازبێنی... هەر بە ئەقڵە مناڵانەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی لە نهێنی ئەم دوو وشەیە بگات پەنای بردە بەر میمی و پێی وت:

- میمی... میمی بوومە قورباند... میمی میمی... ئیمڕو ئیمڕو چە چە... باوەژنم وەتە پیم «دوێتم» ئینجا وەتە پیم بیخەفەگان دەر بکە سوود سوو ماڵ براگەم تێنە خوازوەنید...

خوازوەنی یەعنی چە؟

- یەعنی شوی کەید.

- یەعنی چە میمی؟

- نازانم... ڕووڵە توو جاری مڵاڵید ئەوانە گوێ وە ڕوح خاوەنیان توان بدەنەدە حوسە قەچاغچی. ئەی کارە خوداش قەبووڵی نێکەد بەس دونیا نەوە حەز منەو نەوە حەز تنە ئەی سەگ باوگە وە عومر بابادە.

- ئاخر ئەرا کوورە هەڕا بکەم خودا لە کوورەس تا بچمە لای؟ توو جاری ئەرام پەیای بکە... لە کوورە خۆم بشارمەو؟ بچمە پشت تەنویرەگەمان یا بچمە ناو کولانەگە؟

- هە هە فەرقی نییە لە دەسدگرن و خەنەدە ناو تەنویر.

- چە میمی سوزننەم؟

- بەیانی دوو بەیانی کراسیگ چەرمی ئەراد تێرن و خنە لە دەس و پاد گرن و بەنەدو چید.

- ئەرا کوورە؟ ماڵ براگەی؟ ئەرا فرە حەز لە لی یان کردمە؟

وەختیگ چاوم وە حوسکە کەفد لە سێوڵەگەی ترسم... لە چاوە زەقەگانی... ئەوەنە پیسە دگانە ڕەشەگانی ئیژید قیرن قیر چە بکەم؟ میمی عەزیزەگەم؟ جاریک هاتە ماڵمان باوە ژنم و باوگم چیبینە میوانی... لە قاپیدا و منیش وەبان ڕووی خۆم قاپییەگە کردمەو هاتە ماڵ و تەماشای ئەی لاو ئەو لای کرد و وەت:

- باوگد چێسە کوورە؟

منیش جواوی دام و وتم:

- خۆی و دایە چینە سە ئەرای میوانی.

دوینم چییە لای قاپییەگە و کلیلی دا و هاتە لام، هەم خاسی بێ من لەلای پارچینەگە وەسیابیم، تواست بگردەم و دەس ئەرام دریژ بکەد، من زوی دەقڵە دام و نێزانم چوین ڕەسیمە بان و کەفتە شوێنم، منیش هەم خاس بی دیوارەگەی بەین ماڵمان و ماڵ دایگ مچە فرە نزم بی، زوی بازم دام و چیمە بانەگەیان.

- کەفتە شویند؟

- ئا میمی.

- ئێ؟

- هەڕەشە لە لیم کرد، منیش دام لە قاپی و هاوار کردم و دایگ مچە نەهات قاپییەگە بکەدە و منیش دەڵە کیگ دام و پام بڕیاو کەفتمە خوار.

- دەس و پاد نەشکیا؟

- لە پرووک چیم... هاوار کردم وای دایە بوومە قورباند... لە کوروەن؟

بڕە سنە دادم.

- ئێ...

- مچە...

- چەکرد؟

- کەفتە شوێنم...تواست... تواست... وەتمە پێ چەتوای؟ مچەش وەتە پیم:

- ساڵیگە، چاوەڕیی فرسەتیگ وەها کەم.

منیش هاوار کردم. خنکیام تواستم قیژە بدەم بەس مچە وەتە پیم:

- ئەیە چەنیگە ئەی دەردە لە دڵم مایەس، ئا دایگەگەد، وە شەو لەی بانە ئەخەفتم و فکرم هەر لەلای بی، بەس هەر چەکردم نەکەفتە دەسم. مرازم ئیسە حاسڵ بی، ئەگەر قیژە بدەی ئیژمە باوگد خۆی هاتیە و ئەویش وەک کاوڕ سەرد بڕد.

ئینجا وت: مەمگد فرە جوانە... شەو و ڕۆژ فکر لەلیدکەم. منیش هەر هاوار ئەکردم.

- دایە... میمی.؟...

مچەش ئەوت: هش حەیای خۆد چد هاوار نەکە وەمن چە؟

چاوەگانم کوور بین، هوش نەما لەسەرم لە دەرەقەتی نایەم خودا چە بکەم؟

هەر ئەوت: هاوار مەکە، دەنگد نا ڕەسد لای خوداش... ئەرا دایگد فرە لەتوو خاستر بی؟ خۆدیش وەک دایگدید وە ئەو نەڕەسیم بەس توو دی وەتوو ڕەسیم مرازەگەم حاسڵ بێ حەق خۆم لە دایگد نەسەندم.

ئینجا قیژەدام و تواست کوت کوتم بکەد، فرە ڵاڵکیامە پێ هەر وەتم:

- یەواش...نە و نەکەی مچە نەکەی، توو ئیمام عەباس، توو خدر زندە، توو باوە مەحمید، توو ئیمامەگان.

میمی، بومە قورباند... کەس نەڕەسییە دادم، هەتا تووش نەژنەفتید نەرەسیدە دادم.

ئەرا نەژنەفتید؟ دەم و چاوم کوت کوتکرد.

لە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوەدا بۆ میمی ڕوخساری و لەشی وا گۆڕا و دەلەرزی هەر وەک ئەو ساتە کە لە ژوورەکەی «مچە»دا بێ، داوێن پیسی مچە ئابڕوی برد و لەناو حەزێکی چەند ساڵەیدا کڵۆڵکرد... کە هاتە سەر دوا وشەی بە جۆرێ ڕاچەڵەکی هەر وەک ئەوەی لە ژێر دەستی مچەدا دەلەرزییەوە کە بێ بەزەیییانە تەکانی لێ دەدا... لەگەڵ دوا وشەیدا هاوارێ لە دەمی دەرپەڕی هەتا میمیشی ڕاچەڵەکاند. میمیش زۆر بە هێمنییەوە گوێی لێ دەگرت و لەگەڵ قسەکانی بۆ چل ساڵ لە مەوبەری تەمەنی خۆی دەگەڕایەوە، هەناسە بڕکێی «مەلیحە» وەکو قولاب سەرنجی یادەکانی میمیی پەلکێش کردە ناو دوکانی فەتاحە ورگ زلی قەساب کە چەند چەقۆیەکی دەنایە بەر پشتوێنەکەیەوە و بڕبنێکیشی بەزنجیرێکەوە هەڵواسیبوو، بە پشتوێنەکەیدا.

وشەکانی میمیی بردە دوکانەکەی فەتاحی قەساب کە هەزار درۆ و دەلەسەی بۆ کردبوو تا کێشایە ناو دوکانەکە و بردییە پشتی پەردەکەیەوە کاتێ کە بە هاوارێ لە قسەکانی بووەوە میمیش، هەر هەمان هاواری ئێشی کچێنییەکەی لەگەڵ هاواری مەلیحەدا تێکەڵ کرد... دوو هاوار: یەکێکیان تەمەنی چل ساڵ دەبێت و یەکێکی تریان چل ڕۆژ کەمتر، بۆ یەک شت و یەک مەبەستی کراوە کەچی پاش ئەم ماوە کورت و درێژە یەکیان گرت و بوونە تاقە هاوڕێ...

دەشێ ڕۆژێ هەموو ئەو هاوارانەی ئافرەتانەی میمی و مەلیحە ئاساکان لە یەک کات و شوێندا ببێتە دەنگی مرۆڤایەتی و خواستی ئافرەت و لە ڕووی زوڵم بوەستێ. ویژدان و کەرامەت و شەرەفی مچە و فەتاح قەساب ئاساکان بلەرزێنێ و وەکو هەورە تریشقە لە ساتێ کەمتردا بیانکاتە خۆڵەمێش.

مەلیحە ئەمجار بە جۆرێکی تر و بە ئاوازێکی ترەوە لەگەڵ میمێدا کەوتە قسەکردن و باسی ئەوەی بۆ کرد کە پاش ئەو ڕۆژە نە بەشەو نە بە ڕۆژ ناتوانێ بخەوێ، هەتا هاتە سەر ئەوەی کە ڕەنگە تەنیا مچە بتوانێ پاش ئەم تاوانەی چاری بکات و بیخوازێت کەچی ئەوەندە بە کڵۆڵییەوە بۆ میمی گێڕایەوە کە چۆن مچە دەرگای لێ دەگرت و پێی دەوت:

- جارێگ تر بایدە ئەی ماڵە هەردوو پاد بڕم. هەردوو چاود دەرکەم و بچوو و......وە هەر کورە چید بچوو.

- ئاخر نێزانم بچم ئەرا کوورە؟ نێزانم چە تێدە سەرم.

- بچوو چەبوود بیلا بوود... وە هەر کوورە چید بچوو حەیای خۆد چد. ئیسە عاڵەم ئیژن دوێت عازەو چوین چدە ماڵیگ کوڕ عازەو لەناوی بوود بچوو... بچوو.

میمی لەگەڵ ئەم قسانەی مەلیحەدا بەرەو هەمان دنیای دەست لە ڕوونان دەچوو و هەمان دەرکردنی فەتاحە قەسابی کەوتە یاد کە چل ساڵ بەر لە ئێستا میمی بەهەناسە سواریەوە بە فەتاحی قەسابی دەوت:

- ها فەتاح ئەرا کوورە بچم؟

- حەقم چەس.

- بچمە کورە؟

- هش... قسە نەکەی... من قەساوم، سەر مانگا بڕم... سەر بزن و کاوڕ بڕم و... گڕووژ سەر سەد مانگا و بزن بڕم... تووش بیخاوەنید... ها... ئیسە چەقووەگەم تیژ کەم و سەرد بڕم... ئەگەر قسە بکەید... من دەروەن نێوم وەختیگ سەر ئەیانە بڕم ئینجا سەر توو بڕم...

ئەگەر قسە بکەید خۆد زانید لای ماڵ و مناڵ و ژنەگەم خەسو و یرانم هیچ ئەی باسە نەکەید... ها... فامستی؟

- ئێ بچمە کوورە؟ ئەرا کوورە سەرم هەڵبگرم؟

- ئەرا گوورە سەرد هەڵگرید هەڵ بگر. بەس دی لەیەو دویا نزیکم نەوید... حەیام نەوەی لەناو قەساوەگان...

- چە بکەم ؟ ئەگەر منڵاڵم بی؟ حەیام بردی بچمە کوورە؟

- مڵاڵد بوود نێود وە جیڕ و جەحەنەم... بچوو کەپریگ شوینیگ بدوینە و ئەرا خۆد و زوڵەگەد. بچوودی ئەگەر فرە قسە بکەید دی چەقۆگەم حازرکەم.

- ئاخر فەتاح بچمە کوورە؟

- هەڵسیام ئەراد، ئەیە چەقۆگەس، بەو بەوە نزیکم... بەو یاڵڵا... دەی... بەو مەچووە لای دیوارەگە خۆد نەشاریدەو... نە خۆد لە کوورە شاردید، لە دەسم دەرنێچید... بەو... بەو...

بەو...

- نە... نە... نە... بوومە قورباند...چم...چم... چم سەر خۆم هەڵگرم و چەبوود بیلا بوود...چم... چم...بەس سەرم نەوڕ.

- نە. عینادی کەی... ئیللا گەرەگ سەرد وەی چەقووە تیژە بووڕم...

- نە... نە... نە... ن. ه.

- هاوار نەکە... وە خۆدەو وەڕاسی وەتمە پید خوازمەد.

- نە نە... چەقووەگە دویر بخە لە ملم... چم... چم چە بوود بیلا بوود.

- قەسەم بخۆ.

- وە... وە... وەقەور دایگ و باوگم.

- گوی وە ڕووح دایگ و باوگد یارو توپینە و هیشتنە سەد و بیدە سە بەڵا وەبان سەرم. بیدە سەتەوق... ئیسە سەرد بڕم و لە دەسد قورتار بووم.

- نە...نە... چمەو... بەسە، بەس. نە، خودا دیرم... دی متمانە وە کەسیش نێکەم چەبوود بیلا بوود... چە بوود، بیلا بوود. نا. نا...

میمی لەم کاتەدا هاوارێکی کرد کە سەرەڕای ئەوەی چل ساڵ بەسەر ئەو هاوارەدا تێپەڕیوە کە لە ترسی چەقۆکەی فەتاحی قەساب و حەیای خۆی کردی، مەلیحە لەم هاوار و بیکردنەوەی میمییە نەدەگەیشت و بە جۆرێکی تر لێکی دەدایەوە، بۆیە لەسەر یەک و بە پەلە وتی:

- میمی میمی... چەدە؟... چەدە هاوار کەید؟... تووش حەیام بەید... ئیسە عاڵەم ئیژن ئەیانە چەیانە گیرن و هاوار کەن.

- ئهی ئهی - میمی... میمی... پشتم وەتوو قایم بی چەهاتە سەرد شیت بیدە؟.

- ئهی. ئهی.

- میمێ. میمی کەمی دەنگد نزم بگە... چەدە میمی؟ ها...! بەختە ڕەشەگەی من تووش هاوردە جواو؟... تووش شیتکرد؟ چەدە میمی؟ های خودا بچمە کوورە؟

- دایگ میمی، باوگ میمی... کەسە یلەگەم... چیدە کوورە؟... چەیژن بیلا بیژن...

ئیژن... های های...

- چوین میمی؟

- دایگ میمی... خۆم چارەد کەم بچیدە کوورە؟ بکەفیدە ژیر دەس گورگیگ تر، فایدەی نییە،، بچووە لای ئامە ڕەش و بانگی بکە ئارام... بچوو بچڕەی ئەرام.

- چە بیژمە پی؟ حەیام چد.

- حەقد نەوود، بچوو بچڕەی... بیژە پی میمی توادەد.

- لە ڕویم نێتیەد... شەرم کەم... عەیبم تێد... نێتوانم.

- بیژە میمی توا دەد عینادی مەکە.

مەلیحەی جوان و کڵۆڵ شەرمی دەکرد بچێتەی لای ئامەی دایەنم. ناچار بوو بەمنی وت... من هیچ تێ نەگەیشتم مەبەستی چییە بەڵام بە ئەمانەتەوە قسەکەم گەیاندە ئامە «ئەویش هەر ئەوەندە بوو وتم: میمی بانگد کەد...توادەد... کاری وە پید هەس... گەرەگ لەوەر خاتر مەلیحە بچید...» حاسەی دەیەمی ئامە کەوتە کار، یەکسەر زانی میمی بۆچی دەیەوێ بچێتە لای، بەتایبەتی ئیشەکەیشی بۆ مەلیحەیە... ئامە هەردوو دەستی کێشا بەسەر یەکدا و هەر ئەوەندەی لە دەم هاتە دەری وتی:

- هەی مەلیحە بەدبەخت!... تووش؟... هەی ئاخر شەڕ.

بەهەر حاڵ ئامە توانی پێش ئەوەی مەلیحە بدەن بە شوو بەیەک دوو ڕۆژی «سا بەهەر جۆرێ بێ» چارەی مەلیحە بکات.

مەلیحە درا بە «حوسەین» و کەوتە بەر بەزەیی نینۆک و پەنجە و سمێڵە زلەکەی «حوسێن» و گوێزرایەوە بۆ ئەو بەر، ئەو بەریش بە مانایەکەوە «ئەوبەر بوو» ئەو یەک دوو دار خورما بڕاوانەی کرابوون بە پرد زۆربەی دار خورماکانی پشت «کۆردەرە» یان بڕییەوە و لە تەنیشتی یەکتریدا ڕیزیان کردن و پردێکی قایمتریان دروست کرد ئیتر بە خواستی «حوسەین» نەک هەر تەنیا قاچاخچێیەکان هات و چۆی ئەو بەریان دەکرد، تەنانەت مچەش دەچووە لای مەلیحە... بەڵام نە هاوار و نە چرنۆک گرتن... نە قیژە و نە پاڕانەوە... بەڵکو پارچە مەڕمەڕێکی گیان لەبەر بەناوی مەلیحە... کە هەرگیز مەلیحەکەی جاران نەبوو لەویش نەدەچوو، ئارەزووی پیاوەکانی هەڵدەمژی و حوسەینیش نرخی ئازار و کڵۆڵی مەلیحەی لە گیرفانە پیسەکانی خۆی دەنا. هەر کاتێکیش کە مچە بەسەر پردەکەدا دەگەڕایەوە هەزار سەرزەنشت و تۆبەی دەکرد و گەلێ جار بەدەنگێکی بەرز بەتایبەتی ئەو کاتانەی حوسەین لە ماڵەکەی مەلیحەدا عارەقی بەدوو قیمەت پێ دەفرۆشتن و مچەش زۆری دەخواردەوە و لەسەر پردەکە دەینەڕاند.

- مچە سەگ باوگ... لە جیاتی ئەوە دارچین بکوتی بیدە دەڵاک حەمام... ئەرا نەویدە شویی مەلیحە؟ لە باتی ئەوە کیسەی حەمام گردیدە دەس و پشت قەچاغ چییەکان ساوید، لە جیاتی ئەو پەشتەماڵەکە وە خۆد پیچیدەی... لە جیاتی... لە جیاتی... ئەرا مەلیحە نەخوازید؟

ئەم قسە بەیەکا چوو و سەرخۆشانەی مچە ڕەنگیشە خۆی لێی نەگەیشتبێ... بەڵام بە چاکی لە شتێ دەگەیشت و ئازارێکی گەورەی دەدا و دەبووە مۆتەکەی سەر سنگی...

ئەویش ئەوە بوو کە مەلیحە بە هیچ جۆرێ هیچ قسەیەکی لەگەڵ نەدەکرد و هەر تەنیا بە «نەفەری» دەزانی و هیچی تر!!.

تەنیا میمی و ئامە... کە پردەکەی ئەو بەر کۆردەرە دەڕوخا و تا بەلەدییە پردێکی قایم تری دروست دەکرد بۆ هاتوچۆ کردنی مەلیحە یادی مەلیحەیان دەکرد و سەد تف و هەزار لەعنەتیان لە حوسەین و مچە و بەلەدیە دەکرد دەیانوت:

- کۆپری کۆردەرە ئەی جارەش ڕمیا، نێزامم چوین پشت و گیان مەلیحە بەدبەخت نەڕمیا؟!

***

زستانێکی سەخت، با و بارانێکی بێ ئامان، وەک ئەوەی هەموو سەرمای ئەو وەرزە لەو شەوەدا کۆ بووبێتەوە کە دەرگا تەختەکەی ماڵی مچە نەیدەتوانی بەرگری ئەم با و بارانە بکات... جاری جارێ با و باران لە درزی دەرگاکەوە خۆی دەکرد بە ژووردا و هەندێ جار گڕی چرا کزەکەی دەکوژاندەوە، دەنگی ناڵەی پیرە مێردی وەک قامیشی وشک تێکەڵ بە هاژەی بایەکە دەبوو، مچە بەدیار باوکییەوە دانیشتبوو «سەرەڕای ئەوەی پانزە ساڵ زیاتر بوو ئەم ڕووداوە ڕووی دابوو کەچی تا ئەو کاتەش لە بیر و عەقڵی مچەدا نەخشی گرتبوو و هەمیشە لەبەر چاوی بوو... تەنانەت کە دەست درێژی کردە سەر مەلیحە وەسیەتەکەی باوکی لە مێشکیدا دەزرنگایەوە» وردە وردە فرمێسکی بێدەنگی تێکەڵ بە ناڵەکەی باوکی دەکرد و لە ئاستی ئەو دیمەنەدا دەسەوسان بە کڵۆڵیەوە دانیشتبوو، جگە لە گریان و خۆ خواردنەوە هیچی لە دەست نەدەهات و بەو پەڕی گوێ ڕایەڵییەوە گوێی بۆ قسەکانی باوکی هەڵدەخست.

- کوڕم وەسیەتەکەم لەبیر نەکەن، لە کەس مەترسە، دڵت هەر شتێکی ویست بیکە، بیکە و مەترسە... مەگری... مافی خۆت بەدەستی خۆت وەرگرە، هەرکەسێ تەعەدای لێ کردی قەبووڵی مەکە... هەرچی دەبێ با ببێ. دڵت قایم بێ هیچ کەسێ شایستەی ڕەحم نییە... کافرن... کافرن... من خۆم دەزانم ئەگەر بکەویتە بەر دەستیان چیت بەسەر دەهێنن.

- نە... باوە نە قار مەخۆ، بوومە قورباند... وە جی نەهیڵەم، تەنیام.

کوڕم دەبێ بڕۆم، لەناو چەوانم نووسراوە... بەم دەرد و مەینەتییەوە دەچمە ناو قەبر...

سینەم بوەتە قاسە و پڕە لە دەرد... کوڕم تۆ جارێ مڵاڵید ناتوانید لە سڕەگان قاسەی سینگم بفامید... خۆزگە ئێستا دەبوویتە ماسییەکی بچکۆلە و دەچوویتە ناو زەلکاوەکانی مێشکم تا بتزانیایە چی تیایە... چی بکەم؟... دەوڵەمەند نیم تا لە سەرە مەرگا دەست بۆ ژێر سەرینەکەم درێژ بکەن و کلیلی قاسەکە دەرکەن...قاسەکە کلیلەکەی لەو کلیلانە نییە، جۆرێکی ترە... تۆ جارێ منداڵی ئەزانم تێ ناگەیت.

گەلێ جار زمانی باوکی مچە تەتەڵەی دەکرد و هەندێ جاریش بۆ چەند ساتێک بێدەنگ دەبوو... باوکی مچە زۆر بێکەس بوو. خەڵکی خانەقین نەبوو... بێ دەرەتانی لە ناوچەی شارەزوورەوە هێنا بووی بۆ خانەقین.

ئەگەر چی هەموو ئیش و کاری ڕۆژانەی و نان پەیداکردنی لەگەڵ خانەقینییەکاندا بوو بەڵام زۆربەی زۆری تەمەنی لەناو باغەکاندا بەسەر دەبرد.

لەو شەوە ساردەدا هەر هەناسەی ساردی هەڵدەکێشا و هەندێ قسەی بێ سەروبەری دەکرد و ناوی ئەو تۆی لە زمان دەهاتە دەرێ کە هەرگیز مچە ئەو جۆرە باس و ناوانەی لە دەمی باوکێیەوە نەبیستبوو... بە تایبەتی کە بە پچڕ پچڕی دەیوت:

- ئا ئا... نا... نا... بە خوا بەخوا...

چاوەکانی باوکی مچە ئەبڵەق دەوەستان و سەیری بنمیچەکەی دەکرد و بێ ئەوەی چاو بتروکێنێ یا هەست بەبوونی بکات کە لە تەنیشتییەوە دانیشتووە... بەردەوام دەیوت:

- ئا. شیرین زۆر حەزی لێ دەکردم، هەردووکمان بڕیارمان دا سەری خۆمان هەڵگرین...

ترس ترس کوشتی ئیتر سەری خۆمم هەڵگرت... ئا... هاتمە ئێرەوە... ئا وەتم بێکەسم هەر شوانی دەزانم... کەسم نییە.

مچە لەگەڵ ئەوەی مناڵێکی نەفام بوو، بەڵام لەو ئا و نایەی باوکی و لەم وڕێنانەی تێگەیشت کە باوکی ئاوارەیە و لە کاتی خۆیدا ژنێکی هەڵگرتووە و لە ڕێدا ژنەکەی مردووە، ئنجا هاتووەتە ئێرە... مچە ئەوەنە بەوردیەوە گوێی گرتبوو لە هەموو وشە بەیەکا چووەکانی باوکی ورد دەبووەوە:

ئیتر باوکی مچە... کوت و پڕ وەک بڵێی نهێنییەکی گەورەی درکاندبێ وە ئاگاهاتەوە و سەیرێکی مچەی کردو وتی:

- ڕۆڵە.؟. دەستت بێنە و بیخەرە سەر سنگم... دەبێ زۆر شت بزانیت... زۆر زۆر...

کوڕم من تەواو ئەوا دەمرم... لە بیرت نەچێ گەورە بوویت بە دەستی خۆت هەقی خۆت وەرگری... هەموویان پەلکێش بکە... پیاوەتییان لا نەماوە... لە خوا ناترسن... پیاو نابێ بگریت... گریان بۆ پیاو نەهاتووە... وەرە نزیکمەوە... قەیناکە لەبەردەم من بگریت نەکەی بترسیت.

مچە هەر دەگریا و ناو بەناو دەیوت:

- کی دشداشە ئەرام بسیند؟ کی بۆ دەمە باوە مەحمید ئەرا عەید؟.

- خوا کەریمە، ڕۆڵە مەگری، دەزانم لەم سەرینە پیسە و ئەم ژوورە بۆ گەنە بەولاوە هیچت بۆ بەجێ ناهێڵم. چاوم بووەتە ئاسمان و فرمێسک دەبارێنێتەوە سەر ئەم سەرینە تینووە. ڕۆڵە ئەمە چەند ساڵە ئەم سەرینە هەر ئازار و خەمم هەڵدەمژی و فرمێسک لە چاوم دەبارێنێتەوە سەر خۆیەوە کەچی تێر نابێ... کوڕم مەگری عەزابم مەدە، چاکتر چاوەکانم کوێر بوون، تۆ و ئەم دنیایە نابینم... ئاخ و داخ... زۆر چاکتر کەوا کوێر بووم، کوڕم ئەمشەو بە چاکی سەیرم کە، پێیەکانم زۆر پیسن... بوونەتە قامیش، بۆنی میز کاسی کردووم، کوڕم دوور کەوە لێم با بۆنی میز و بۆگەنیم کوێرت نەکات... نەنە وەرە لای دەستی ڕاستم ئەوەندە تەڵاشەداری تێ چەقیوە بۆتە دار... نەنە خۆت دوور گرە دەستم بووەتە دار و ئەزیەتت دەدات... باغەوان بووم ئا ڕۆڵە باغەوان بووم... ئەوەندە دانەویمەوە پشتم قەمبوور بوو... ئەوەندە چاوم شۆڕ کردەوە تا «ئۆخەی» چاوەکانیشم کوێر بوون، مچە کوڕم چاوەکانت بکەرەوە سەیری دونیا بکە. سەیری ئاسمان بکە بزانە چێی بەسەرمان هێناوە من بۆ ڕێگەی هەق دەچم...

- نە باوە نە نە نەمر...

- ئا ڕۆڵە کەس نامێنێت هەموومان ئەمە ڕێمانە... هەموو لەم دونیایەدا میوانین...بەڵام دەبێ بە دەستی خۆت مافی خۆت وەرگریت و بسەنیت... دەبینی ئێستا میز دەکەم بە خۆمدا... من وا نەبووم... کەسێ تر بووم... دوێنێ نەمتوانی پیاڵە چایەکە و پارچە نانەکە بۆ دەمی خۆم ببەم... مێروولە بەربوونەتە گیانم... گەنیوم ڕزام... نازانم ئەمە چ ڕۆحێکە...

ڕەنگە تۆڵەی شیرین...

لەپڕ وەک ئەوەی ئاوی ساردی بەسەردا بکەن نیوەی ناوەکەی شیرینی قووتدا و بێدەنگ بوو و گوێی هەڵخست تا بزانێ کاردانەوەی ئەم ناوە لەلای مچە چۆن دەکەوێتەوە... وردە وردە سەرما و بارانەکە توندتر دەبوو، چەند جارێ دەرگا تەختەکەی دەگرت، مچەیش بەدیار باوکییەوە دادەنیشت تا باوکی وەک ئەوەی ڕایژەنن چەند جارێ لەرزێکی قورس دایدەگرت و لە جێی خۆیەوە هەڵبەز و دابەزی کرد و دەست و پێی دەهاویشت تا دوا وشەی دەمی بە نیوە چڵی دەربڕی و وتی:

- کو... ڕ...م... ڕ...ۆ...ڵە... م...م...م... چە...ئەو داسە... ها... هاوڕێی تە... تەمەنم...

بوو... ئەوەتا... لە...لە... ژوور سەرمەوە...هە...هەڵواسراوە...تۆ تۆڵەی خۆت... تانەی خۆت...

بەو... بەو... دەمە داسە...ب شۆرەوە...

مچە وڕ بوو، تف لە دەمیا وشک بوو...سەرەڕای ئەو باران و سەرمایە تا دایگرت، هەستی دەکرد خەریکە بخنکێ... دەیزانی دایکی وا لە ماڵی باوکی مەلیحەیە... ئێستا دێتەوە، ئەم هەواڵە دەیگەشێنێتەوە، وەک بڵێی لە چنگی مۆتەکەیەکی قورس ڕزگار بێ... پێکەنین دەنیشێتە سەر لێوەکانی... دەزانێ دایکی حەز بەمردنی باوکی دەکات، ئەگەر چی لەوەتەی باوکی لەم سێ ساڵەدا لەناو جێ کەوتووە و ئیفلیج و کوێر بووە....دایکی هەتا دەربەستی قسەی خەڵکیش نایەت و گەلێ شەو هەر لە ماڵی باوکی مەلیحەدا دەمێنێتەوە.

مچە... دۆش داما... سەری دنیای لێ هاتە یەک، نەیزانی چی بکات، لە ترسانا قیژەیەکی گەلێ گەورەی لە دەم هاتە دەر... ژوورەکەی جێهێشت چووە دوای دایکیا وەک چاوەڕێی دەکرد دایکی شەپازللەیەکی پیادا... بەزەردە خەنەیەکەوە ووتێ:

- الحمد للە نەجاتمان بی....قورتار بیمن.

***

- مچە، ها ئەیە دوو عانە بچوو جغارە ئەرام بار، گشت جاری عینادی کەید و نێچید...

فرە تەحەمولد کردمەس... بەس توو ئیمڕو ئەگەر نەچید شەقیگ وەپام دەم لەلید...تا ڕەسیدە مەیدان خاس...... یا بام وەک تەماتە بفلیقنمەد.

- نێچم.

- ئیژم...نا ناسیدەم... ئەگەر شەق بدەم دی کەون و کائینات لە ژیر پام دەرد نێکەد...

یاڵلا هەڵس گوی وە قەور باوگە قنگدەرەگەد عەجەلەمە و لە کار هاتمەو توام بچمە ماڵ کەمیگ ئسراحەت بکەم...

-..................

- مچە... ئەرا جواو نێدەی؟ تاقەتم نییە سەر بنەمە سەرد دویاخر وەک تەماتە گرمەدە دەسم و فلیقنمەد... فامستی؟

-..................

- مچە چەوە تید؟...ها؟.........نێچید؟.........نایژیدە پیم کی خاوەندە ؟... کەس؟. هە عینادی کەید؟. ئیسە ئەگەر بکوژمەد کی دیرید بادە جواو؟ کەس، عینادی مەکەو چاو قایمی مەکە، بەس چاود نەکەیدەو، بزان هەردوو چاوود دەرکەم، ها ئەیە دوو عانە گەس، بگر، ها بزان وەک سەگ باوگە قوپیایەگەی چاوی چەنی قایمە؟ بزان... تێردەی خوار؟ ئەرێ کوڕەگە توو ئەرا ئەوەنە چاود قایمە؟ گەوراو بیچگی نێزانید؟. کی فیکارەد بکەد؟ کەس باوگد؟ هە توپیاس... دایگد هە... هەر لەیراو لەوراس نێزانم چوین پینە و پەڕوو کەدو دشداشەیگ ئەراد سیند؟ دەی بچوو جغارە ئەرام بسین... ئەی لاو ئەو لا نەکەید... ئەرا عەید نەعلیگ و دشداشەییگ خەت دار ئەراد سینم... یاڵلا دی قەرز باوگد تواید نەعلیش حاسڵ کردید... هەی پا پەتی... ملد بشکن بکەفە ڕێ.

-...............

- دەی وەقەدەر دوو عانە، بزانە ئەگەر نەوەتامە پید ئەرا عەید دشداشە و نەعل ئەراد سینم هەی باوگ لە قنگ خواردی هەڵنەئە سیاید! نەعلەت لەو باوگە کە کوڕیگ چاو قایم وەک توو هاوردێسە دونیا... کوڕ قەحەت بی...؟ ئۆجاغی کور بیاتاد خاس تر نەوی؟ هە، دڵیشی خۆشە کوڕ هیشتێسە جی بوودە قایمقام...!! یاڵڵا بیلا ملد نەشکنم ئەرا تەماشام کەید؟

بەم شێوەیە، پاش مردنی باوکی مچە بەچەند ڕۆژێک «ڕەفەی» باوکی مەلیحەی هاوسێمان ئەم جۆرە جنێو قسەیەی بە مچە دەکرد. هەموو ڕۆژێ کە ڕەفە لە ئیش دەگەڕایەوە لە باتی ئەوەی بچێتەوە ماڵی خۆیان دەهاتە ماڵی مچە... مچە دەیزانی و نەدەیزانی بۆچی هەمو ڕۆژێک کە ڕەفە خۆی لە بازاڕ دەگەڕێتەوە جگەرە لەگەڵ خۆیدا ناهێنێ؟ گومانەکەی خۆی بەقەد جنێوەکانی ڕەفە وەک دوو ڕەگی ژەهراوی لە دڵیدا بەرەو خوار دەچوون و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەچەسپان... سەرباری ئەمانەیش نەک تەنیا ژن و پیاوەکانی گەڕەک بەڵکو ئێستا بەحەوت ئاو شۆردراوەتەوە لەگەڵ سەردەمی کچێنیدا، نەک هەر تەنیا ئەمە بەڵکو بە تایەفە... دایکی مچە... نەنکی مچە میمکی مچە... هەر ئەمە پیشەیان بووە و بەم شێوەیە لەسەر ئەم هێڵە ڕۆیشتوون. گومان دەروونی مچەی کلۆر کردبوو... بەقسەی کەس باوەڕی نەدەکرد، چونکە هەموو ڕۆژێ ژنانی گەڕەک کە دەبوو بە شەڕیان قسەی وایان بەیەکتری دەوت هەرگیز لەو قسانە کەمتر نەبوون کە لە دەمی گەورە و بچووکی گەڕەکی لە بارەی ڕەوشتی دایکی دەبیست، مچە دەیزانی دایکی شەڕانییەو بێ حەیایە، هیچ ئافرەتێ لە ڕوویدا ناتوانێت بکۆکێت... دایکی مچە کە هەردوو قۆڵی لە عەباکەیەوە دەردەهێنا و لەپەکانی دەستی ڕاست و چەپ دەنایە سەر یەک و شاتە شاتی ئەوتۆی دەکرد، گەورە و بچووکی گەڕەک خۆیان لە زمانی دایکی مچە دەپاراست... بۆیە مچە کەمتر باوەڕی بە قسەی خەڵکی دەکرد و کەچی ڕۆژ بە ڕۆژیش شتی سەیری لە ڕەفە و دایکی دەبینی تا ڕۆژێ مچە دووعانەکەی لە ڕەفە وەرگرت وا خۆی نواند کە بۆ جگەرە کڕین دەڕوات و لە پەنایەکی حەوشەکەدا خۆی ماتدا، ڕەفە و دایکی دەرگای ژوورەکەیان گرت و مچە خۆی لە دەرگاکە نزیک کردەوە و لە کونی دەرگاکەوە سەیری ژوورەکەی کرد.

زۆر شتی بینی و زۆری تریشی بیست... تێ گەیشت بۆچی هەموو شەوێ هەر سەر لە ئێوارە بەزۆر دایکی پێی دەڵێ بنوو و دەیخەوێنی و خۆیشی گوایە دەچێتە بەر دەرگا و لەگەڵ ژنەکاندا و لەسەر کۆڵانەکاندا دادەنیشتن... نەخێر تێگەیشت کەوا ڕەفەی باوکی مەلیحە چاوەڕێی دایکی مچە دەکات و بۆ کوێی دەبات و چۆن «کاسبی» پێوە دەکات...

ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر شتی تری بۆ ئاشکرا دەبوو... مچە هەر ساڵێ لە تەمەنی زیاد کردبا بەقەد ژمارەی ڕۆژەکانی ئەو ساڵە ڕووداوی سەیر سەیری دەبینێ... پاش یەک دوو ساڵ ژنەکەی ڕەفە خۆی بەتەڵاقدان دا و سەری خۆی هەڵگرت و ڕۆیشت... پاش چەند ساڵێکی تر ماڵی مچە سەر لە بەیانی هەموو ڕۆژێ جمەی دەهات. یەک دوو ئافرەتی جوان خۆیان بەعاباوە دەپێچایەوە و دەهاتنە ژورێ و پاش چەند دەقیقەیەک ڕەفەیش پەیدا دەبوو لەبەر قسەی خەڵک خۆی دوا دەخست و دایکی و ئافرەتەکانی دی وەپێش ڕەفە دەکەوتن و ڕەفەیش بەدوایانەوە تا سواری عارەبانە دەبوون و دەڕۆیشتن.

مچە تا گەورە بوو هەموو ئیشێکی دەکرد، هەر لە شەکەرات فرۆشتنەوە تا شاگردی چایخانە و عارەبانەچییەتی و فیتەری... تا بووە ناتری حەمام و... قسەکانی سەرە مەرگی باوکی لە مێشکیدا سەمای دەکرد. پاش ئەوەی «ئەو کارەی بەسەر مەلیحەی کچی ڕەفەی هێنا» چووە قەبرسان و مژدەی بە قەبرەکەی باوکی دا و چەند جارێ بە دەنگی بەرز و لەسەر یەک دەیوت:

- ئا... باوە... بوومە قورباند... دی من بیمە پیاو. خەڵاس ئەیە یەک... بەس دایگم دایگم... عەجەلە مەکە... باوە ڕاست کەید پیاو حەق خۆی وەدەس خۆی بسیند... ڕەفە ئەوەتە پیم: وەک تەماتە فلیقنمەد... ئیمڕۆ منیش مەمگ دوێتەگەی فلیقانم...و...و حەق خۆم سەندم......حەق خۆم سەندم.

مچە زۆر شتی لا ڕوون بووەوە، تەنیا شتێ نەبێ ئەویش چۆن ئەو باوکە بەستەزمانەی ئەو باوکە پیاوە و بەڕەحم و خواناسەی چۆن ڕازی بووە دایکی بخوازێت... هەمیشە مچە بەدوای ئەو نهێنییەدا دەگەڕا... کەچی نە دەیپرسی و نە لە ڕوویشی دەهات بڵێ فڵانە کەس دایکمە... ڕەنگە هیچ کەسێ ئەم نهێنییەی نەزانیبا ئەگەر ئامە بۆی ئاشکرا نەکردبا، کە پێی وت:

- مچە.؟. باوگد پیاو خاسیگ بی... فرە خاس بی... بێ کەس بی... دایگد فرە خەرا و نەوی بەڵام خودا ڕەفە کور بکەد. باوگد غەریب بی نەدیدە و نەناس. لە ماڵەگەی حەسەن ئاغا باغەوان بی... دایگدیش هەم لە ماڵ حەسەن ئاغا کارەکەر بی... حەسەن ئاغا....وەدایگد کرد... دویاخر وە زوور دانەی باوگد، باوگدیش غەریب بی فرە ئەترسیا...

ئیسە نەوود... لە شورتە فرە ئەترسیا... حەسەن هەڕەشە لەلی کرد.

ئەو ڕۆژەی ئەم قسەیەی لە ئامە ڕەش بیست بڕیارێکی سەیری دا، هەسانێکی چاکی کڕی و هەموو ڕۆژێ داسەکەی باوکی تیژ دەکرد.

***