4

لە کتێبی:
ئەڵوەن
بەرهەمی:
ئەحلام مەنسوور (1951-2013)
 24 خولەک  1600 بینین

ڕەنگە نەتوانرێت بە چەند ڕستە و لاپەڕەیەک باسی ڕۆژێک بکرێت... بەتایبەتی لە خانەقیدا، ئەو ڕۆژەی کە مانگێ لەوەبەر هەموو خەڵکی خۆیان بۆ ئامادە دەکەن، ڕاستە لە هەموو شاراندا وایە چەند ڕۆژێ پێش جەژن خەڵک خۆیان ئامادە دەکەن، بەڵام خانەقی نەک تەنیا جیاوازە بەڵکوو ئەوەندە جیاوازە، ئەو جیاوازییە بووەتە دەستوور.

ئێوارەی عەرەفات «کوشتار»، سەر قەبران دەبێتە ڕۆژی حەشر. هەر مەلا و حافزە هەر یەکە قورئانێکیان بە دەستەوەیە، بە پەنجا فلس «یاسین»ێک دەخوێنن... لەسەر قەبری دەوڵەمەندەکان بەجارێ لە یەک کاتدا دەنگی دە مەلا تێکەڵ دەبوو و هەر یەکە بە ئاوازێ دەنگی بەرز دەکردەوە. ژنانیش بە هەیوە شێرە و هەی ڕۆ و هەی ڕۆ و واوەیلا و شین و لاوانەوە دەبوونە کۆرسی ئەو «قورئان خوێنانە»... ئنجا ئەگەر کەسێ مردووەکەی «یەکەم جەژنی بووایە، ئەوا لەبەر قەرەباڵغی کەس بە کەسەوە نەدەبوو... هەر یەکە و بەپێی توانای لە موجامەلەدا سەر قەبرستانی دەکردە مێزی «مفاوزات»، بە دیپلۆماسییەتەوە دەهاتە مەیدان... گەلێ وێنەی جەرگبڕ لەو ئێوارەیەدا دەبووە سوژن و جەرگی زۆر کەسی کون کون دەکرد... ئەو وێنانەش لە ڕوخساری ئامەی دایەنمدا ڕەنگیان دەدایەوە... ئەویش ئامە، هەر لە نیوەڕۆوە دەکەوتە ڕێ... منیش هەر وەکوو ئەوەی کە ئەرکی سەرشانم بێ وەکوو سێبەری خۆی لێی جیا نەبمەوە دەکەوتمە دوای... ئامە نەک هەر لەسەر ئەو قەبرە تەنیا و غەریبانە دەوەستا کە کەسیان بۆ نەدەهات، بەڵکوو دڵی ئەو کەسانەشی دەدایەوە کە تەنیایی و بێکەسی ببووە سەرباری هەموو برسییەتی و غەم و دەربەدەرییان. ئەو قەبرە هەڵنەگیراوە خەریکە لەگەڵ زەویەکەدا تەخت دەبێ... کەسی بە سەرەوە نییە تەنیا «عەلیئەکبەر» و دوو سێ مناڵ نەبێ.

- ئامە چە بکەم... ئەی مڵاڵەیلمە کی ئیوەتیان بکەد؟ کەسیان نییە ؟!.

- خودا کەریمە.

- بەیانی عەیدە و جاری گەنیانەس.

- شەو بنیرەیان خۆم بەمەیانە حەمام...

- خاس ئامە خودا خێرد بنویسند.

ئەم وشانە ئەو ڕۆژە زۆر دووبارە دەبوونەوە... لەسەر قەبرێکی تر تەنیا «فەوزیە» و کچە بچکۆلەکەی نەبێ کەس نزیکی قەبرەکە نەبوو.

فەوزیە بە ئامەی وت:

- ئامە من گوناحم چەس ئەیە سێ مانگە عالەمەگە وە بوونەی «دەستی بۆ قەبرەکەی درێژ کرد» ئەی جوانەمەرگە شمارنە پیم و نەفرەت لەلیم کەن... من گوناحم چەس ڕەحمەتی پیاوکوژ بی. ئاخر دایە من چە بکەم ئەیە کوشتن، منیش ڕاسی تواید ڕوژی باد دۆیتەگەم بکوشن یا خراوی بکەن... ئامە چە بکەم؟ خۆم و ئەی دۆیتە ڕووی وە کوورە بکەین؟

- ڕووڵە قار مەخۆ خودا کەریمە.

- ئاخر خودای چە، ماڵم کاول بییە؟!

- زانم گووش مەتەکن. ئیوارە بەوە ماڵمان... نەترسید...

- ئاخر.

- من ئیژم نەترس.

- کەسوکارم قەبووڵ نێکەن.

- د بیلا بڕەسنە دادد... ئەرا ئەوە گوزەران بکەید.

- ئاخر.

- نەترس دی... ژنەگەی مردییە و کوڕ خاسیگە شووی بکە پی.

-...

- دۆیتم جاری جاهڵ و جوانید... خودا قەبووڵ نێکەد وە بیوەژنی بمینید. عاڵەمیش لە خودا نێترسن خراو ئیژن... دویاخرکی ئیوەت دۆیتەگەد کەد؟ کی بوودە خاوەنی؟ سوو دسوو عازەو بوود... باوگد هە، براگەد؟ تڕحەو ئەرا ئیباو هە ئیباو دۆیتەگەد گەورا کەد هەی هەی... چەکردنەس ئەراد؟.

- وە خودا میم ئامینە- قسەی خۆمان بوود- هیچ ئەیە دوو مانگە کرای حوجرەگەم نەدامەس، خاوەن ماڵەگە دوێکە ڕسوام کرد لە وەردەم عاڵەم گسەعاتی تێدە گیانم و قاب و قەزانەگەم فڕە دەدە دەشت و عالەم جەم کەد وەبانم، ئیژد دەربچوو، ئاخر کورەم هەس، وە کورە بچم؟ باوگ ئەرا خۆی خاسە! برا ئەرا ژن خۆی خاسە کی؟ ئیباو ئەرا کار ماڵ خۆی وەڕیخەد؟ ئەیە دوو مانگە ژنەگەی فڕە دایەسە بان باوگم، باوگمیش ئیژد عەیبە، دۆیت عاڵەمە، ئەگەر ئیوەتی نەکەم حەیام چد. بەس وەبان حەیای دوێت خۆی نێترسد، لە قسەی عاڵەم ترسد؟ نەوەک تانە بدەن لەلی. پیرەکە ئەرا ماڵ ڕەشیدئاغا نان کردم دەسم ها «تەماشای بکە» گشتی سووزیا، «خوو تۆقڵەگان دوینید» پارەگەش هەر نێزانم دامەی چە بەش هیچ چشتیگ نەکرد، بەرەکەتی نەوی، چونکە چاویان وە شوینی بی، مچەش لەو ڕۆژەوە شووی کردمەس، قسە وەگەلم نێکەد ئاخر مچە ئەرا؟ ترسم دایگمیش تەماشای دەمی کەد و ئەگەر قسە بکەم وەگەلی ئیژد «د بخۆرەی وەتیمن شووی وەی «پیاوکوژە» مەکە- دەست بۆ قەبرەکە دەبات- عارەقخۆر و شلاتیەنەکەی بەیانی دوو بەیانی خەدەدە بان ساج عەلی؟!...» ئامە بیژ چە بکەم بوومە قورباند خۆد خاس زانید. شەرم کەم دەس ئەرا عاڵەم دریژ بکەم و دوو برا و باوگ مل قەوی دیرم.

- شووی بکە ئەرا خۆد.

- وەڵڵاهی لە ڕوویم نێتیەد دوو شووی بکەم جاری...

- ئەرا دزی کردیدە؟ حیزی کردیدە؟ من ئیژم کوڕ خاسیگە کەسی نییە بەس دو مڵاڵ دیرد و کاسبکارە.

ئەو دیمەنە جەرگبڕەی «عەلئەکبەر و فەوزیە» لە ئێوارەی جەژندا، هەر کەسێ لە کونجەکەی ئامەدا ئەو دوو زەردەخەنەیەی بدیبا هەستی دەکرد کە مرۆڤ لە هەموو کات و سەردەمێکدا و پاش هەموو کارەساتێک هێشتا ژیان ئەوەندەی بەبەرەوە ماوە کە تەنیا ساتێکی حەقیقەتی هەموو ئەشکەنجە و ئازارەکان بتوێنێتەوە لەناو کارێکی مرۆڤایەتیدا کە کێشەی دوو کەس لە بۆتەی چارەسەرکردنی ئاوارەییی مناڵانی بێگوناهدا دەست نیشانی ژیانی ڕۆژانی داهاتوو بکات...

«عەلیئەکبەر» مناڵەکانی بۆ لای ئامە هێنابوو بۆ ئەوە ئامە بیانشوات... فەوزیەیش هاتبوو بۆ...

مناڵەکان چەندێ چڵکن بوون... دەستە زبرەکەی ئامە خاوێنی کردنەوە... کێشەی فەوزیە و عەلیئەکبەر چەند دژواریش بوو قسە ناسکەکانی ئامە خاوی کردەوە... جەژن بووە دوو جەژن.

فەوزیە شووی بە عەلیئەکبەر کرد... ئامە لە هەردووکیان بەختەوەرتر بوو... منیش ئەگەرچی لە کاکڵەی ئەم بەختەوەرییە تێنەدەگەیشتم، بەڵام ئەگەر بڵێم لە هەموویان بەختەوەرتر بووم ئەوا زۆرم بەسەرەوە نەناوە، بەختەوەری بەلای منەوە تەنیا بەختەوەریی ئامە بوو، هەر وەها ئازار و غەمیشم هەر هی ئەو بوو.

لەبەرئەوەی ماڵەکەمان لەتەنیشتی مزگەوتەکەوە بوو... بەیانییانی جەژن زوو لەگەڵ شەفەق لە خەو هەڵدەسام، بەو دەنگە خۆشەی مەلا ڕەفعەت کە سوورەتی یووسفی دەخوێند، هەزار خەیاڵی سەیر سەیر لە مێشکما دروست دەبوو. لەگەڵ دەنگدانەوەی «الله اکبر الله اکبر لااله الا الله... الله اکبر ولله الحمد»ی سەماعەی مزگەوت، لەبەردەم دەرگای مزگەوتا نەجیبە عەرەب وەکوو هەموو ڕۆژانی هەیینی بەرماڵێکی دادەخست و دەپاڕایەوە، بەڵام جەژن ئەوەندە پارەی بۆ دەهات سەر بەرماڵەکەی پڕ دەبوو... زۆر حەزم لەوە بوو لەبەردەم مزگەوتدا ئەو خەڵکە ببینم یەکتری ماچ دەکەن و بە یەکتری دەڵێن:

- عەیدد موبارەک، عەید شەریفد موبارەک، وەبان خۆد وەبان کوڕەگاند. ئینشەڵڵا ساڵێک تر لە ماڵ خودا حەج کەید. گەردنم ئازا بکە. گەردند ئازا بوود ئەرا ڕۆژ قیامەت...

باوکم لە نوێژ دەگەڕایەوە یەکە یەکە هەموومانی ماچ دەکرد... نانی جەژنمان دەخوارد و دایکم یەکە یەکە ئەیگۆڕین. گوڵاوی نەجەف «مسقتی» ئەکرد بە سەرماندا و جەژنانەمان وەردەگرت بۆ جۆڵانە.

کراسی تازە زەرد و سوور دەبریسکایەوە... لەگەڵ مناڵاندا بەرەو «چایلغ» بۆ سواری جۆلانە و گۆرانی چڕین... ئیتر چایلغ لەو ڕۆژەدا نەک تەنیا نموونەی هەموو جیهان بوو بە هەموو دژایەتییەکیەوە، بەڵکوو مێژووی هەموو مرۆڤایەتی لە ڕوخساری ئەو چەند سەد مناڵەدا بە وردی دیار بوو. دەستەیەک لە مناڵان دەستیان بە دەستی باوک یا براگەورەوە بوو و بەرەو جۆلانە و یاری مناڵان دەچوون، هەموو جلوبەرگی نوێ و پێڵاوی تازە و گیرفانی پڕ لە تۆو کولیچە و... و... و دەستەیەکی تر لەناو خۆیانا دەستی یەکتریان گرتبوو.

لەملاشەوە مناڵێکی شڕ، دەموچاو چڵکن، بە سەرنجێکی زۆر سەیر، سەیری مناڵە خواپێداوەکانی دەکرد و بە ملیار پرسیاری بێدەنگی تێکەڵ بە سەرنجەکانی دەبوو... مناڵێکی چڵکنی تر تەبەقێک شەکەراتی پێیە «جا کێ لە ڕۆژی وادا شەکەرات دەکڕێ؟» مناڵێکی تر چاوساغی کوێرێکە بەناو خەڵکەکەیا گڕی دەدا و سواڵیان دەکرد. یەکێکی تر قوماری لگاوی داناوە... یەکێ ئاو دەفرۆشێ. یەکێ هەر هاوار دەکات:

- باقلە باقلە بان لەدەسدان چد باقلەی خاس.

- چنجگ چنجگ قەسقەوان، قەسقەوان ن ن، چنجگ شامی چنجگ کاڵک چنجگ.

- وەی وەی بەقلاوە. زلابیە، حەڵوا شەککەری، شرووب حار و تیب شرووب ب.

یەکێ تر: لەبلەبی، هۆ، لەبلەبی، لەکیسدان چد هۆ...

یەکێ تر: گوی موویش، نوقڵ، چکلێت گیەلن بەرماغی نوقڵ و نەواد...

ئەوی تر بە تورکمانییەوە:

- یاڵڵا، بادەم، فستق، میوە، ڕوح دنیا، شەککەر لەمە یاڵڵا- عەرەبانە و سینی و دەنگی جیکەجیکی جۆلانە و هاواری مام عومەری حەفتا ساڵان کە پاڵ بە جۆلانەوە دەنێ... سەد کەسی وەکوو مام عومەر عارەبانەیان پێیە و بە عانەیەک مناڵەکان سوار دەکەن.

مناڵێک دەگری، لە مناڵانی هاوسێ گووم بووە. چڵمەکەی تێکەڵی فرمێسکی ڕوومەتی بووە، یەکێ تر لە برسا دەگری و مناڵان هێدیی دەکەنەوە و بە جۆلانە هەڵیدەخەڵەتێنن، دەی تر لە شەرمانا لەبەر بێپارەیی و شڕیی جلوبەرگیان نەدەهاتن بۆ سەیران... هەر لە کۆڵان پاڵیان دابووە دیوارەکان و خەونیان بە جۆلانەوە دەدی و لەپڕ گێژ دەبوون و دەخەوتن... قوڕ بەسەر ئەو مناڵانەی کە بەر لە جەژن ڕووداوێک لە ماڵیاندا ڕووی دابێ... چییان بەسەر دەهات، کۆمەڵە مناڵیان لێ کۆ دەبوونەوە:

- ها... ئەیە فەتاحە... دایگی تەڵاق دریاس.

-..........

- ئەوە قادرە نەنگی سواڵ کەد...

-.......

- ئەیە فڵانە... دایگی لەبان... حەپس کریاس لە ماڵ موختارە...

-.........

- ئەوە فڵانە باوگی عەرەقخۆرە... دایگم ئیژ قوماربازیشە...

باوگم وەت کەلپەل عەید مڵاڵەگانی دایەسە قومار! جەژنانەی نییە، گوناحە، بیلا وە چەفکە بچین پارە بدەینە پی- نە وە ئیمە چە؟ خو باوگ دیرد ئەرا یەتیمە؟!... دایگم ئیژد بەس وە یەتیم ڕەحم بکەن گوناحن خێردان ڕەسدە ئاسمان.

- ئەوە عەبە شیتە بیلا وە جەفکە بچین و بدەین لەلی.

- نە، گوناحە، حەرامە، ڕوژ عەیدە ناود شەڕ بکەین دایگم ئیژد خودا لەو دونیا نیردەمان ئەرا جەحەننم.

ئەم قسە و تانانە، تەنیا قسەی ئەم مناڵانە نەبوون، بێشک ئەم قسانەیان لە دەمی دایک و باوک و کەسوکاریانەوە بیستبوو و گوێیان لێ ببوو، کە چۆن باسی خەڵکی دەکەن، بە هەر جۆر بێ هێشتا ئەم مناڵانە بە جەرگ و بە جورئەتترن... یەکسەر ڕووبەڕوو قسە دەکەن، وەکوو دایک و باوکیان نیین لە پاشملە قسە بکەن و نەوێرن ڕووبەڕوو دەم بکەنەوە... زۆربەی مناڵان، بەرەوڕوو و بێشەرمانە تانەیان لە ئامە دەدا و قسەی سووکیان پێ دەوت.

«ئامە» هەر بێدەنگ دەبوو هەر کە بتوتایە بۆ قەبووڵ دەکەی؟ دەیوت.

- توو نێزانید... ئەیانە گوناحیان نییە و ئەی قسانەیش قسەی خۆیان نییە، قسەی دایگ و باوگیانە... شەوان ژن ئەرا شووی خۆی یا پیاو ئەرا ژن خۆی ئەی باسەیلە کەد و ئەی مناڵانەش گووش تەکنن و لەلییان فیکارە بوون.

منیش دەموت:

- خاس ئەرا. دایگ و باوگ «ڕەحمانە سەر گەورا» کەتوو دوینن دەس و پاد ماچ کەن، بزانم هیچ نایژن.

ئامەش دەیوت:

- نەدۆیتم... تەربیەت، تەربیەت.

سەرەڕای جۆلانە و گۆرانی چڕین و یاری کردنی «خەت خەتان» لە گۆڕەپانی چایلغ، دەبوایە مناڵە ون بووەکان بەکۆمەڵ کۆ بکەمەوە کۆڵان بە کۆڵان بیانگێڕم و بیاندەمەوە دەستی دایک و باوکیان... هەر لە مەزرەعە و پاشا کۆپری و تێلخانە و ئەسکی خان و کۆردەرە تا عەبدوڵڵا بەگ و سەعید بەگ و مەحەتە و تۆڵە فرووش و ئاغا و خەلیفە، یەک یەک لە دەرگای ماڵەکانم دەدا.

- میمی، ئەی مڵاڵە گوم بییە و هاوردمەی، هەر ئەگیرست وتوو ئەتواست، منیش ئەوەنە پرسیم تا وە مردن ڕەسیمە ماڵدان.

- وی عەزیزەگەم خودا ناجحد بکەد... توو دۆیت کید؟

دەمویست بڵێم: ئامە ڕەش.

بەڵام دەترسام نەوەک خێرا دەرگاکەم بەڕوودا داخات. بۆیە ناوی باوکمم ئەدایە دەست.

- وی باوگد پیاو خاسیگە، ها بگر ئەیە پەنجا فلس عەیدانە- نە میمی نێتوام پارەم فرەس.

- دبگر ڕووڵە... عەیدانە نێود بادە دویا.

هەر کە بەڕێکەوت ئەو ئافرەتە دایکمی بدیبا و پێی بووتبا ئەوا بەردەبووە گیانم.

- چەس، بیدەسە موختار، گوم بوون نێون وەجیر و جەهەننم، ملد شکنید ئەرا چایلغ، ئەرا موختارید؟ سوار هەلووگ بەو بەس... فامستی؟... دی مناڵ کەس نێڕەسنیدە ماڵ، خاوەن خۆیان هەس. شورتە هەس.

کەم جەژنی وا هەبوو بەبێ کێشە بەسەر بچێت، ئەگەر لەسەر شەڕی دوو مناڵ، پیاوێک و یەک دوو گەنج نەکوژرابێت ئەوا لەسەر قومار، چەقۆ، بەر یەک دوو کەس هەر دەکەوت.

ئەمە جگە لەو شەڕانەی کە لە هەر چوار سینەماکەی خانەقیدا ڕووی دەدا.

هەر مناڵە و سەری شکاوە، دەستی لە ملی هەڵبەسراوە، دەشەلێ و دەم و ددانی شکاوە!!.

ڕۆژی جەژن، ئەو ڕۆژە تایبەتییە کە ئەمسەر و ئەوسەری هەموو دژایەتییەکان یەکیان تیا دەگرت، دۆست و دوژمن دەست لە دەست یەکترن، دوو دۆست دەبن بە دوژمن... ماڵی پرسەدار بە سەرەخۆشیی هاوسێکان و بەسەرکردنیان ئازاریان کەم دەکرایەوە...

جەژن ڕۆژێ بوو بۆ هەژاران دەبووە هەزار سەعات. ئەو ڕۆژە هەژار و هەتیو و بێکەس زیاتر لە هەموو ڕۆژانی تر هەستیان بە هەژاری و کەساسیی خۆیان دەکرد. ئەو ڕۆژە کە پێکەنینی خواپێداوەکان دەبووە خوێ و دەڕژایە ناو برینی هەژارەکان. ئای لەو ڕۆژە!!

چەند پێکەنین بۆ ئاسمان دەفڕی و چەند فرمێسکی گەرمیش بۆ زەوی دادەچۆڕا... ئەم بەرزبوون و نزمبوونەوەیە... ئەم جۆلانە و چەرخ و فەلەک و سەیرانە... ئەم گشت بەرگە زەرد و سوور و سەوزە... ئەم گشت باوک مردوو و هەژار و بێدەرەتانانە لە بازنەی ئەو ڕۆژەدا و لە دڵی ئامەی دایەنمدا کۆدەبوونەوە... هەر ئامە دەیتوانی بزانێ جەژن یانی چێ...

ئای کە ئامە ئەو ڕۆژە دەگریا وەک ئەوەی هەرچی فرمێسکی ئەو چەند مانگەی لەوە بەری هەبووە و پەنگاوەتەوە، بەجارێ لەو ڕۆژەدا هەمووی بەردەدا، بە فرمێسک، ئای لەو فرمێسکە بێدەنگانەی چۆن دەکردە وشە... وشەی بێدەنگ، ڕەنگە هەر لەبەر دیمەنی «ئامە»ی دایەنم بووبێ، وا حەزم لە ئێوارانی جەژن نەدەکرد. نەمدەوێرا بڵێم حەزم لە جەژن نییە، ترسام دایکم بڵێ:

- هەی «قەشمەر» لە عەید ئەرا وەها کەی؟ کید مردییە؟ هەی سەرەخۆر! ئەیجارە تواید کی بکوژید؟ یاڵڵا هەڵس شەوی موغازەگەد بکە وە وەرد پیسی نەکەی، چڵم هیچ مڵاڵی وەپی نەسڕی، هەڵیبگر ئەرا عەید قوربان، کەس نەڕەسنیدە ماڵ، حەقد لە مڵاڵە وردکە نەود، شەڕ وەگەل کەس نەکەید، مەقەیەت گیرفاند بە، پارەی فرە نەدەیدە حەڵواشەککەری، مەگەز لە بانی نیشد. فرە بەرز نەچووە عاسمان لەناو هەلووگەگە پاوپلد دیار نەون ڕاند نەکەفدە دەشت زوی بەورە و برنج و قوبڵی کشمیش و مامر دیریمن...

ئیتر منیش بە نادڵییەوە و بە بارێ ترس و لەرزەوە لەگەڵ مناڵان بەرەو چایلغ دەکەوتینە ڕێ... یەک یەک دەمزانی مناڵان چییان لەبەردایە، کامەیان کراسی ئیمساڵیان لەبەردایە و کامەیان هی پار... هەمیشە کە گوم دەبوون دایک و باوکیان دەهاتنە گیانم و دەیانپرسی:

- سوعاد نەدوینستیدە؟.

- بەلی، شەوی قرمز لەوەری بی. قردێلەش بەسابییە سەری، بەس ئەوەنە سوار هەلووگ بی قردێلەگەی گوم کرد، فرە گیرست و لە ترس دایگ و باوگی نەچیە ماڵ، چی وەو دەربوونەیە و خۆی حەشار کرد.

- وەی ڕووڵە، دایگد بوودە قورباند، قردێلەگەی گوم بییە و ترسیاس نەوەک فەلاقەی بکەم و بچمە خوینێی. ئیسە لە کورەس؟.

- نێزانم. بەس کەمیگ تر دوینستمەی لەلای عەرەبانگەی خاڵو ئەمین وەسیابی و مینەی قردێلەگەی ئەکرد... جەنتەگەیشی بەتاڵە فلسیگ لەناوی نەمابی... من عانەییگ دامەپی و دوو کولیچەش!

- وی ڕووڵە! دایگم بودە قورباند. بەیانی یەک تەنویر کولیچە ئەراد کەم...

کەچی درۆیشیان دەکرد، هەرکە سوعادیان دۆزییەوە لە چایلغ بە هەڕەشە و پەلەکێش دەیانبردەوە ماڵێ... سوعادیش هەر لە چایلەغەوە تا ماڵ هەر دەیزیڕاند:

- وە خودا من گومی نەکردمە، قردێلەگەم لە خۆیەوە گوم بی چایلغ قەڵەباڵغ بی.

دزینەی لە سەرم دی نایەمە چایلغ تۆبە!!

تا ئێوارە دەماینەوە سەیری ئاوابوونی هەتاومان لە ناو ئەڵوەندا دەکرد...

ئامەش دەیوت: نەدۆیتم خۆر چدە ناو چاڵیگەوە.

- ئەی ئەوە نییە لەناو دارەگانە؟

- نە، توو نێفامید.

- هەم وەت نێفامید... نەییژ نێفامید... بەیانییان لەناو ئەڵوەن دیارە ئەیە چوین ماسییەگان خۆر نێخۆن؟.

- ها ها ها.

- ئەرا خەنید؟

- ئەوە عەکس خۆرە.

- عەکس چەس؟

- نێزانم چە بیشمە پید... عەکس یانی وەک گوزگی.

لەپڕ وەکوو ئەوەی شتێکی تازەم دۆزیبێتەوە دەموت:

- دایە ئەڵوەن گوزگییە.

ئامەیش دەیوت: ئا گوزگییە.

لە تەنیشتی ماڵە دەرەبەگەکاندا، خانووە قوڕەکانی هەژارەکان بەکزییەوە مات ببوون، گەڕەکەکەیش پێی دەوترا «جەلەوە»!! پردی خانەقین ئەمبەر و ئەوبەرێکی سەیری دروست کردبوو، جەلەوە کورد بوون ئەمبەریش تورکمان... لە چایلغدا سیرکەوانێ هەبوو بۆ خۆی پڕ بوو لە قووتوو و شووشەی شکاو، تەپاڵە و جلوبەرگی کۆن، جار نەجارێ بەکۆمەڵ دەچووین و مووروو و قۆپچەمان لە جلە کۆنەکان دەکردەوە و یاری «مووروو»مان پێ دەکرد.

خانێکی گەورەش لە پشتی چایلغ و لە بەرانبەری مزگەوتەکە بوو، مەڕ و بزن و مانگای زۆری تیا بوو. «ڕەحمانە کوێر» بە کرێی گرتبوو، پوورە فاتە مانگایەکی جوانی هەبوو ملی پڕکردبوو لە موورووی شین و نووشتە. ئێواران دەهات بۆ دۆشینی و گۆرانی بۆ دەوت:

توێ توێ توێ توێ مانگای خۆمە و خۆم دووشمەی قمشی نێکەم بفروشمەی توێ توێ توێ توێ ئیتر ڕۆژی پێش جەژن قڕ دەکەوتە ناو ئەو مەڕ و بزنانە، مانگا، گا، هەرچییەکی تیا بوایە دەفرۆشرا و هەر لەوێ سەریان دەبڕا... ئیتر ناو ئەو خانە پڕ دەبوو لە خوێن و خانەکەیش دەبووە قەسابخانە... تەنیا مانگا جوانەکەی پوورە فاتە نەبێ کە بەر چەقۆی ئەحمەد شوان نەدەکەوت... هەرچی ئاژەڵ لەو ناوە هەبوو سەر دەبڕان... ئای کە ڕۆژانی پێش جەژن بەلای منەوە ناخۆش بوو... ناخۆشتر لە ڕۆژی جەژن...

جارێ ڕۆژی یەکەمی بەر لە جەژن یەکێکە لەو ڕۆژانەی کە هەرگیز لەبیرم ناچنەوە. وا باو بوو هەموو کەسێ پێش جەژن خۆی بشوات... خانەقیش چوار حەمامی تیا بوو، دوان بۆ پیاوان و دوان بۆ ژنان...ئەشێ نەفرەتی من بۆ جەژن بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژەی پێش جەژن کە دایکم وەکوو گیسک بەزۆر ڕایدەکێشامە حەمامەوە، حەمام، چ حەمامێ... چ بۆنێ؟! چ هەرا و هوریایەک؟! چ جیهانێکی سەیر و پڕ لە هەموو شتێ... لە دووریی سەد مەترەوە بۆنی حەمامەکە خەڵکی گێژ دەکرد... دەرگایەکی دارین، بە هەزار ڕەنگی جۆراوجۆر و بزماری زل زل نەخشاو بوو...زنجیر و ئەڵقەڕیزێکی ژەنگاوی بەقەد دەرگاکەوە هەڵواسرابوو و هەندێ کونی گەورە و بچووکیشی پێوە بوو، لە ژوور دەرگاکەدا بە خەتێکی سەوزی تۆخ و ناشیرین نووسرابوو «ماشەڵڵا» هەر بە هەمان ڕەنگ وێنەی منارەی مزگەوتێک و گۆمەتێکی ناشیرینیان کێشابوو... لە دە دوانزە شوێنی دیواری لای دەرگاکە نووسرابوو «حەمامی عەلی بەگ» هن ژنەگان.

ئەگەر لە دیوی دەرەوە سەیری حەمامەکەت بکردایە، دەتبینی سێ چوار گومەتی قوڕینی سوور و خانوویەکی نزم و کولخانێکی ڕەش و جۆگەیەکی پانی یەک مەتری، کەفی بۆری خەست و پیسی و بۆنێکی سەیر... هەمیشە دووکەڵێکی ڕەش بە ئاسمانی گومەتەکانەوە بوو... هەندێ شووشەی ڕەنگاوڕەنگ لە جیاتی پەنجەرە بەملا و بەولای گومەتەکانەوە بوو...

هەرکە لە دەرگای حەمامەکەوە بچوویتایەتە ژوورێ، یەکسەر دەتدی پوورە ڕەعنەی بێوەژن وەکوو بووکەشووشە لەسەر ئەسکەملێکەوە قیت دانیشتووە، ئەملا و ئەولای بە سابوونی ڕەقی و جۆرەها دەرمان و بەردەپێ و لفکە و کیسە و پەشتەماڵ هەڵچنراوە...

تەسبیحێکی سەد و یەک دەنکی بە دەستیەوە «الله اکبر»ی بە دەنگی بەرز دەژمارد، بە لالێوەوە بەخێرهاتنی خەڵکی دەکرد و ئیتر بێدەنگ دەبوو... هیچی نەدەوت تا لەپڕ بە دەنگێکی کەرخەوە و بەدەم کۆکینەوە دەیوت:

- دۆیتم تەمین... بەو خزمەت دایگ لەیلا بکە! قەوم خۆمانە.

تەمینی کچی پوورە ڕەعنای حەمامچی مەگەر هەر کامێرا بتوانێ وێنەی بگرێ، پیرە کچێکی ڕەش و سەری کەچەڵ، دوو مەمکی نائاسایی لە سنگیەوە شۆڕ ببوونەوە، ئەگەر بڵێم ملی نەبوو، ڕەنگە بپرسن ئەی سەری بە چییەوە گیر ببوو؟... سەری وەکوو دوومەڵێ وا بوو لەسەر شانی دەرچووبێ، چاوێکی کوێر و ئەوی تریان هەمیشە سوور و خوێناوی بوو، قەڵشی پاژنەی پێی ئەوەندەی دەمێ دەبوو، هەر کە لە جێگەکەی خۆی دەجوڵایەوە، گۆشتی لەشی وەکوو مەمکەکانی دەلەرایەوە و بە هەزار یا ئەڵڵا هەڵدەسایە سەر پێ... تەمین لە باتی ئەوەی خزمەتی دایکم بکات، دایکم بە سەد یا ئەڵڵا وە دەستی دەگرت و لە جێیەکەی خۆی بەرزی دەکردەوە. ئەوەندە قورس بوو وەک ماسی لە دەستی دایکم دەخزا و بەردەبووەوە... خزمەتی چی هەر ئەوەندە جێیەکی لەلای بوخچەکاندا بۆ بوخچەکەی دایکم دەکردەوە، ئەمە هەموو خزمەتێکی تەمین بوو، بۆ ئەوەیش ئەمەی دەکرد تا سێ عانەکەی حەڵاڵ بکات. ئیتر بە هەزار نکەنک و یا ئەڵڵا خۆمان ڕووت دەکردەوە و قاپقاپە زلەکانمان لە پێ دەکرد و دەرگای ناوەوەی حەماممان دەکردەوە... هەڵمێکی گەرم و بۆگەن هاڵاوی بۆ دەهێناین و هەر سێ چوار ئافرەتە و چواردەوری حەوزێکی گەورە دانیشتبوون. ئیتر هەر لە باسی پار و پێرار و گەنم و ڕۆن و سپییاو سووراو و چێشت و مەڕ و بزن تا تووکی سنگی مێردەکانیان و خەتەنکردنی کوڕەکانیان دەکرا.

ناو بەناویش بە بۆڵەبۆڵ ئەیانقیژانە سەر «میم شەمسە»ی ناتر و گوڵعوزاری کچی، کە ئاویان بۆ بێنن. حەمام بۆ من تەڵەیەک بوو... دایکم دەبووە ڕاوچی و منیش نێچیر... لە ئاوی گەرم دەترسام و لفکەکە زبر بوو، لە بەردەستی دایکما خۆمم بۆ نەدەگیرا... ئەویش زیاتر دەستی دادەگرت و دەیوت:

- ئا... ئاوها... دوێکە وەتمە پید شەوی عەیدەگەد نەکە وەوەرد، چاو قایم شەوییەگەد پیس کردید و عەیدەگە گوی کردە بانی... منیش ئاوها کەم لەلید... پیرەکە لە نان خواردن توریاید - استغفرالله- گوی کردیدە ناو ئاشەگە وەتید... حەز لە قەیسی نێکەم نێخۆمەی، گەرەک کوچگ بنریەدە وەرد بخۆیدەی وەئیلللا.

هەرکە وشەی «ئاوها کەمە پید» لە دەمیەوە دەردەچوو بە هەردوو دەست چەپۆکێکی دەکێشا بە سەرما و دەیوت:

- ئەگەر جاریگ تر داوان شەوییەگەد هەڵگردید، ئاوها کەمە پید. ئەگەر میوان هات و زووی دەس بردید ئەرا چنجگ، وەها کەمە پید. ئەگەر قسەی ماڵ بردیدە دەشت و فیتنەچێتی کردید، ئاوها وەپیدکەم.

لەسەر ئەم چەپۆکانە و دووبارەکردنی «ئاوها دەم لەلید» دەمقیژاند و دەگریام... ئەوا ئیتر ئەوەندەی تری لێ دەدام ئەمجارەیان لەسەر ئەوەی بۆ دەگریم. خەڵکەکە بەزۆر لەژێر چنگی دەریان دەهێنام و گلەیییان لێ دەکرد. گشت گیانم سوور و شین دەبووەوە. هەڵم و بۆن و گەرما هەراسانیان دەکردم. لەپڕ بە دەنگی قیژەی ئافرەتێک ڕادەپەڕیم کە پەنجەی ڕادەوەشان و بە دەنگی بەرزەوە دەیوت:

- ها ژنەگە هەی «قەحپە» ئەوە باس کی کەید؟ ها؟...دڕنمەد وەک پاتسقە، دۆیتە هەی «گاندەر» قەڵەت نەکەی باس من بکەێ!

ئافرەتێکی بەستەزمانیش لەولاوە بە پاڕانەوە دەیوت:

- وەخودا باس تو نەکردەمەس.

- خۆم ژنەفتم.

- وەڵڵاهی باس توو نەوی، باس «خەجەی میم لەیلێ» ئەکردین.

- ئنجا توو خودا عەیب نییە باسی کەن، نەخەڵەتیەن. باسی بکەن کوسدان دڕنم قەوممە قەوم.

- ئاخر وە خراوی باسی نەکردیمن.

- قەبووڵ نێکەم هەر باسی بکەن.

- خاس.

لەولاوە ئافرەتێکی تر دەیوت:

- قیژە قیژ مەکەن ئەی هاوار هاوارە چەس، وەبان کییە؟ وەبان منە؟!.

ئافرەتێ تر:

- خەجەی لەیلێ ها ها ها.

یەکێ تر لە یەک دوو دەقیقەدا ئەوەی ئازایە خۆی بپێچێتەوە و ڕابکات. گەر پرچی بە سەرەوە نەهێڵن و بە جام شین و مۆری نەکەنەوە، ئەوا لەژێر دەست و پێدا ڕۆحی دەردەچێت. دەبووە ڕۆژی حەشر... پاش دە دەقیقە هەموو خانەقی بەم هەرایەی دەزانی.

ئیتر هەر مێرد و برا و ئامۆزا و کوڕەزای هەرچی ئەو ئافرەتانە هەیە لە دەوروبەری حەمام کۆدەبوونەوە. هەرکە ئافرەتان لە حەمام دەردەچوون چاویان بە ڕۆژێکی تری حەشری «نێرەکەر» دەکەوت. دار و چەقۆ و قامە... پشتوێن و بەرد و جنێو و هەڕەشە دەبووە ئیفادەی پۆلیسخانە. هەر زەلام بوو بەدوای کەفیلدا دەگەڕا... هەر زەلام بوو تاوی ئەدایە خۆی بۆ مواجەهەی برا... یا برازای حەپس بووی... لە لایەکی ترەوە هەر ژن و مناڵ و زەلام بوو لەبەر دەرگای نەخۆشخانە لە پۆلیسەکان دەپاڕانەوە بچن بریندارەکان ببینن...

ئەمە هێشتا ئازاری ئەوە نییە کە لە حەمامەکەدا هەژار و دەوڵەمەند بە ئاشکرا دیار دەبوون و لە یەکتری جیادەکرانەوە. جارێ هەرچی ژنە دەوڵەمەند هەبوو کە دەهاتە حەمام مێردەکەی پاش یەک دوو سەعات سینییە کەباب و پرتەقاڵ و شتی تریان بۆ دەناردن. ئیتر هەر لیکاوی مناڵە هەژارەکان بوو بە لێویانەوە دەهاتە خوارێ و دەوڵەمەندەکانیش بەم دیمەنە دەگەشانەوە و زیاتر لە جیاوازی نێوان خۆیان و هەژارەکان دڵنیا دەبوون... من خۆم نەمدەزانی سەر بە کامیانم!!.

لە ڕاستیدا لە دووباری سەیردا دەژیام... هەژارێکی تەواو و نیمچە دەوڵەمەندێ...

ئەویش ئەگەر لەگەڵ ئامەی دایەنمدا بوومایە ئەوا ڕەوشتی هەژار و بەرگ و بێدەنگی و دڵپاکیی هەژاران دەلکا بە گیانمدا و هەرکە دەکەوتمە ژێر چەپۆکی دایکم ئیتر بە سەر کوێرێ و بە زۆر دەبوایە جلەکانم پاک بێ، پێم پەتی نەبێ و قژم شانەکەم بە ئیشارەت هەڵسم و دانیشم. جا لە حەمام بۆنی پیاز و کەباب و پرتەقاڵ تێکەڵی هەڵمەکە دەبوو. هەندێ ئافرەت تا یەک دوو سەعاتێ بە بۆڵەبۆڵەوە باسی خراپی کەبابەکەیان دەکرد و دەیانوت ئاردی زۆر تیایە چاک نەبرژاوە.

ئامەی دایەنیشم جەژناوجەژن وەکوو فریشتە لەپڕ حەمامی دەبینی، دڵی بە من دەسووتا کە دەیبینی دایکم لێمدەدا و لەژێر چەپۆکیدام، نەمدەوێرا هانای ببەمە بەر چونکە ئەمە دایکمی زیاتر لێ توڕە دەکردم.

کە ئامە خۆی ڕووت دەکردەوە زۆربەی ئافرەتەکان سەیری لەشیان دەکرد. ئامەیش زۆر بێدەربەستانە سەرنجی ئافرەتەکانی دەدا و جگەرەکەیش بە لێویەوە بوو... تاقەتی نەبوو خۆی بشۆرێ و دەیوت:

- دایگ گوڵزار تاقەتم نییە سەرم بشوور.

- چە توو ساڵی جارێگ تێید ئەرا حەمام، تواید ئەی عالەمە وەجی بیڵم و بام بشورمەد. ئنجا لە ئیسەوە تا ساڵیگ تر وە کیسە و لیفە و دیمە شوورە بشورمەد و پاد وە کوچگ حەمام بساوم، چرکد دەرنێچد... دایگ ڕەشە خەنەگەی لەناو جامەگەس، گەرەگ بچم بگرمەی سەری... دایگ ئەحمەد تازە مڵاڵی بیە گەرەگ شانەگەی ئەرای بخەمە ناو ئاو...

بەوردی گوێم بۆ ئەم قسانە شل دەکرد وەکوو ئەوەی لە نهێنییەک بدوێن ئاوها دەکەوتە بەر گوێم ئەگەرچی چەند جارێ بە ئامەم دەوت:

- شانە خستنە ناو ئاو یەعنی چە دایە؟.

ئەویش هەر وەڵامە حازر بەدەستەکەی جارانی دووبارە دەکردەوە:

- گەورا بووید خۆد فامید. توو جاری مڵاڵی و نێفامید فرە مەپرس!!

***