باو و باپیرمان بە ئامۆژگاری

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  827 بینین
باو و باپیرمان بە ئامۆژگاری
پێیان ئەگوتین بە ڕاست و دیاری
ڕۆڵە چاوی پیس وەک تیغ کار ئەکا
زۆر پەنجەی بەهێز کۆڵەوار ئەکا
کە چاو بە ماڵی کەسێ هەڵدێنن
بەردی بنچینەی لە بن دەردێنن
حاکمی «بابان» چارەیان دیوە
زۆر چاوی پیسیان کە هەڵکۆڵیوە
هەروەک چاوی پیس بە تەجروبەیە
نەگبەتی و شوومیش زۆری بۆ هەیە
نەگبەتی لە چوار چشتا بینراوە
ئێستایش ئەو چوارە شوومییان ماوە
یەکەم وڵاخە، کە وا هەندێکیان
شوومە و زەرەری زۆرە بۆ ئینسان
دووەم خانووە ئەویش مەعلوومە
هەندێکیان ڕزقی تیا نییە شوومە
سێیەم ژن، کە پێی بە مێرد ناکەوێ
خۆشی نابینن پێکەوە شەوێ
چوارەم پیاوێکە، تا بڵێی عاقڵ
لە ئیدارەدا زۆرزان و کامڵ
کەچی ئەمەندە نەگبەت گرتوویە
دەستی هەر کەسی بۆ بێ خستوویە