ئافرەتی زگپڕ کە ژان ئەیگرێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1028 بینین
ئافرەتی زگپڕ کە ژان ئەیگرێ
وای لێ دێ هیوای لە گیان ئەبڕێ
هاوار ئەکاتە شەخس و پیرەکان
ئەڵێ دەخیلە بمگەنێ ئامان
ئەیشڵێ تۆبەم بێ ئیتر هیچ شەوێ
لاقم لە لاقی مێردم نەکەوێ
کە ڕزگاری بوو جارێ لە ڕاوێ
حەوتە حەمامی بە وشکی ناوێ!!
قوماریش وایە کە بیدۆڕێنێ
وای لێ دێ ئیتر پارەی نامێنێ
هەزار سوێند ئەخوا، تەڵاقیش باوە
کە ئیتر قومار نەکا تا ماوە
هەر ئەوەندەیە تا ئەگاتە شەو
نانی پێ ناخورێ ئەڕوا بە سەرڕەو
لە هەر شوێنێ بێ پارە ئەسێنێ
کەوتە کۆڕ ئەوەیش زوو ئەدۆڕێنێ
دەردێکە قومار کە بێ دەوایە
کەچی لای هەموو عالەم ڕەوایە
ئینسان لە «زینا» و «شەراب» تێر ئەخوا
قومار هەتا بێ شێتگیرتر ئەڕوا
جاران بە قانوون مەمنووع بوو قومار
ئێستا بە ڕەسمی هاتۆتە ڕووی کار