بۆ کاری دەوران خەم مەیێنە بەر
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
909 بینین
بۆ کاری دەوران خەم مەیێنە بەر
هەر چۆنی بیگری ئەو دەچێتە سەر
درەختی دنیا پڕیە لە میوە
هیچ کەسێ تا سەر بەری نەچنیوە
هەندێ کە نسیب بۆی ئەگەیێنێ
تێر ئەخوا و لق و پۆپی ئەشکێنێ
هەندێکیش کەوا قسمەت نایداتێ
هەر هەڵدەپەڕێ و دەستی نایداتێ
سێبەرەکەیشی هەر تاوە تاوە
جێ جێ ئەگۆڕێ، لەگەڵ هەتاوە
ئەیشزانین تا سەر بۆ هیچ کەس نییە
کەچی ئەم خەڵکەی لەدوو «شەقی»یە
دوو کەس گرەویان لێ بردووتەوە
کەوا پشتێنیان لێ کردۆتەوە
یەکەمیان ئەوەی کە لە هیچ ناگا
بوون و نەبوونی کاری لێ ناکا
شەیتان بەم خەڵکە وا پێدەکەنێ
ئەم بە پێکەنین ئەو دەتەقێنێ
دووەمیان ئەوەی کە بە هیدایەت
کەوتۆتە سەر ڕێی عەقڵ و دیرایەت
هەمیشە لەگەڵ خوای خۆی هەڵدەسێ
بەوە لایداوە لە هەموو کەسێ