هەندێ بە پیری ئاخر شەڕ ئەبن
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1123 بینین
هەندێ بە پیری ئاخر شەڕ ئەبن
فێری گەڕ ئەبن، ئەوسا کەڕ ئەبن!
هەندێکی تریش کە گەڕانەوە
ئەبینی لە خووی بەد گەڕانەوە
هەندێ مێزەری سپی عالمی
دائەگرن ئەبنە پەندی عالەمی
سێدارەدارێ خوا لێی بێ ڕازی
مێزەری بەست و، چوو بوو بە قازی
خوا کە بییەوێ پیاوێ بێ دین کا
کردەوەی بەدی لا شیرین ئەکا
حیرسی دنیایی و ئارەزووی لیرە
هێند بەداخەوە لەشیان بۆی لیرە
نازانن دنیا کورتە و کەم ماوە
مەرگ زۆر نزیکە و عومریش کەم ماوە
بە زللەی ئەجەل کە هات بەلادا
لێی لادە، کەسی ناچێ بەلادا
کە کەوا و کفن کران ئاڵوگۆڕ
ئەوسا ئەزانی کە هاتۆتە گۆڕ
دەست ئەکوتێ لە دووی پریاسکەی پارە
هەر وا ئەزانێ زیندووەکەی پارە!