جاران ئەگەڕان بۆ ئیش لە شوێن پیاو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  769 بینین
جاران ئەگەڕان بۆ ئیش لە شوێن پیاو
یەکێکیان ئەویست ڕەسەنی ناسراو
وەجاغزادەیی بە ئیرس سەندبێ
دەرسی مەجلیسی باوکی خوێندبێ
شەرمی نامووسی باوکی بیگرێ
بە هەوای جاهـ و مەسنەد نەخوڕێ
چونکو ناوەجاغ نۆرەی کەوتە بەر
خۆی لێ ئەگۆڕێ، کار ناباتە سەر
ئەمە ئیجابی چەرخی دنیایە
حوکمی ئەزەلی و تەقدیری خوایە
«إِنَّ الْإِنْسَانَ لَیَطْغَی»ی فەرموو
کە ئیستیغنای دی، بایی ئەبێ زوو
پەست پایە لەگەڵ کەوتە سەرمەستی
جڵەوی هۆشی دەرچوو لە دەستی
بواری ئاو و شەراب ئەم دوانە
مەحەکی لەش و عەقڵی ئینسانە
ئێستا ئەمانە باوی نەماوە
خۆ هەڵکێشان و دەم گەرمی باوە
بۆیە وا دنیا تێکچوو بە جارێ
لە ئاسمانیش هەر بەفر ئەبارێ
باوجوود هەمووی خواستی یەزدانە
چەوتی و چەوێڵی ئێمە بەهانە!!