تا پێکوڕەی خۆت لە لا وەستا بێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  816 بینین
تا پێکوڕەی خۆت لە لا وەستا بێ
بێگانەت نەوێ، با لات وەستا بێ
ئەگەر لە ماڵا نانت بۆ بکڕێ
لە بازار مەکڕە کەڵکت ناگرێ
ئەگەر لە شاری خۆت دۆستت نەگری
بێگانەت تووش دێ ئەتکاتە گری
خوا لەگەڵ هەرچی کردتی بە هاوماڵ
وا بکە هەر دوو لا پێی ببن خۆشحاڵ
تۆ لێم ئەپرسی جامیعەت کامە؟
ماڵ ڕاوەستا بێ، «جامع» حەرامە
ئەوی کە لەسەر تەجروبە بڕوا
هەر چییەک بڵێت پێی بکە بڕوا
پیرەمێردێک زوو پێی وتبووم بەستە
پەل مەهاوێژە، بۆ خۆت بنج بەستە
مەڕوانە وەعدەی هیچ قەوم و خوێشێ
هەموو کەس بە لای خۆیا دەکێشێ
«بسمارک» زانیویە سیاسەت چییە؟
هەل هەڵکەوت مام و برایی نییە
بۆ ئیسلام وەفای وەعدە ئایینە
ڕابوورد ئەو عەهدەی عەهدی پێشینە
دیموقراتییە و لافی وەتەنی
بەم دوو تەفرەیە شەیتان پێکەنی