بەخۆوەنەدیو چەشت بوو لە پڵاو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
787 بینین
بەخۆوەنەدیو چەشت بوو لە پڵاو
دەست بە سەر ئەسڕی و چەور ئەبێ کلاو
گەدا کە چڵم بە قۆڵ ئەسڕێ
سەرکەوت کلکی گا بە مەندیل ئەگرێ
لە «توونچێتێ»یەوە بووی بە حەمامچی
لە کاری خۆتا بە غەڵەت ناچی
عیزەت پاشایێک بە عەجەم مەشهوور
ببوو بە والی لە وڵاتێکی دوور
هەرچی بۆ ئیشێک ئەچوو بۆ دیوان
ڕجای لێ ئەکرد، ئەیگوت بە چاوان
کابرا ئەڕۆیی و ئەو بە زەریفی
ئەیگوت: قاندیردک [قولای] هەریفی
«صَدْرَاعْظَم» بانگی ئەکاتە لای خۆی
ئەڵێ وەزیری خارجیەی تۆی
بە خۆشی خۆشی ئەچێتە شوێن خۆی
چاوەڕێ ئەبێ فەرمان ئەچێ بۆی
نووسرابوو قالدیر ملتی بویلە
جزا من جنسی العلما شویلە
با سیاسەتیش درۆی پێ بوێ
درۆزن شایش بێ، دوایی ئەکەوێ
کە واتە پیاوی ڕاست و کارشوناس
ئەتوانێ لە قەید بمانکا خەلاس