عیلمی قیافەت چشتێکی خاسە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
837 بینین
عیلمی قیافەت چشتێکی خاسە
ئەوی بیزانێ مەردووم شوناسە
کە پیاوی ناسی زوو لێی ناگۆڕێ
بە کۆسە کۆسە ناینێتە گۆڕێ
هەیە ڕەنگ پیاوە و جووتە وەشێنە
هەر بە دەماخ خۆی لە خەڵک خشێنە
هەیە بە پاروو دەستت ئەگەزێ
وا هەڵدەبەزێ بە بەرزیی گەزێ
ئەوی ناسینی لەمانە دوورە
کە دوور بێ قۆچی نابێ، ڕەنگ سوورە
ئیمساڵ زۆر لەبەر بێ ئاوی ترساین
وا گەلاوێژ کەوت جارێ خەلەساین
بیست و حەوت کارێز وا لە شارایە
تەنها بەلووعەی ڕووت لە کارایە
ئەگەر ئەوانە پاک بکرێنەوە
وەک جاری جاران وا بژیێنەوە
ئەبن بە ئاوی کەڵەگا فڕێن
لە هەموو ماڵێ حەوزی قولەتێن
جاران کە ئاوی بەلووعە نەبوو
خەڵک بە ئاوی شار بەڕێوە ئەچوو
ئێستا بۆچ وامان لێ هات تێناگەم
جارێ با بچم پرس کەم لای کاکەم