کارشناس گەڕا لە شوێنی دانا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  565 بینین
کارشناس گەڕا لە شوێنی دانا
لە شوێنی نەزان هات دانای دانا
حیکمەتی «أعطِ القوسَ باریها»
لە گەلێ کارا دەرکەوت دیاری دا
ئەو دەمەی پیاویان لە دار ئەتاشی
ئیشیان نەئەدا بە پیاوی ناشی
دارتاشێ لە ناو کاروانێکا بوو
بۆ سەنعەتی خۆی بۆ لادێ ئەچوو
جەردە هات لە ڕێ کاروانی ڕووت کرد
لە خوانەترسێ تەشوێی ئەوی برد
پیاوێکی تریش سەد لیرەی بریا
ئەو باکی نەبوو دارتاش ئەگریا
وتیان ئەو خەڵکە کە ڕووت کراوە
سەد ئەوەندەی تۆ ماڵی براوە
ئەوان ناگرین تۆ شینت چییە
وتی دەردی من بۆ تەشوێ نییە
نازانن بیسوون دەمەسوێی ئەکەن
ئابڕووی سەنعەت و وەستایی ئەبەن
سەد جارمان نووسی کەس گوێی نەدایە
هەر کەس پیاوی خۆی دێنێتە کایە
پیاو بۆ ئیش نییە هەر ئیش بۆ پیاوە
کاری دیوانی وەک خوم شێواوە