دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە
لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
1 خولەک
458 بینین
دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە
وجوودی وەک کەتانم لەت لەتی شوعلەی مەهی ڕووتە
دڵم دایم کە وا زامارە ئەی شۆخی دڵئازارم
هەمیشە خەستە و مەجرووحی شمشێری دوو ئەبرۆتە
وەکوو شەمع ئەر دەمێ ئەگریم و گاهێ وام لە شەوقا من
هەموو سیحر و دەسیسەی عیلم و مەکری چاوی جادووتە
لە بازاڕی مەحەببەتدا من ئێستا زۆر بە سەرمایەم
ڕەقیبی سەگ سیفەت ئەلحەمدولیللا ئێستە تابووتە
بچۆ بیمارخانەی عیشقی ئەو شۆخە تەماشا کە
لەلایێ ناڵە و دەنگی نەخۆشە، لایێ تابووتە
ئەگەر سەد ساڵ جەفا کەی دڵبەرا من بەندەفەرمانم
کە چونکە من ئەزانم دائیمەن بەدخوویی هەر خووتە
نیگارم تووتییە بۆ خۆشزوبانی و لەنجە و عیشوە
ئەما حەیفێ کە ئەو شۆخە لەگەڵ زاغی سیا جووتە
ئەگەر ئەحمەدناسناوی ئەدەبی بەدایم عاشقی مەجنوون سیفەت ڕووتە
مەکە مەنعی هەموو تاوانی شەوق و شوعلەیی ڕووتە