مانگی سەفەری ئەمساڵ زۆر تووش بوو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
863 بینین
مانگی سەفەری ئەمساڵ زۆر تووش بوو
گێچەڵ و شەڕ و هەرامان تووش بوو
دەعوای فەلەستین وەک غەزای غەیبەر
جیهادی دینی هێناوینەبەر
لەم لایشەوە وا موعاهەدەیە
لە سیاسەتدا موزایەدەیە
گەڕەکی خواروو یۆنان بۆی دەرچوو
گەڕەکی ژوورویش قەوامی تێکچوو
مەکتەبەکانیش کەوتنەوە غرێو
سەر کێوی قافیش پڕی بوو لە دێو
دنیا کەوتبوە شەڕە کەڵەشێر
سەری جووجووڵە ببوە کەللەی شێر
هەموو گێچەڵی مانگی سەفەر بوو
کوڵە چوارشەموو دوێنێ تێپەڕ بوو
ئیتر خوا فەتحی ئیسلامی هێنا
دیارە نامێنێ نەگبەت لە بەینا
دوای تەنگانە خوا خۆشی ئەنێرێ
هەندێ جاریش مەڕ بە گورگ ئەسپێرێ
خوا هیچ کارێکی بێ حیکمەت نییە
کەم کەس ئەزانێ مەبەسی چییە
بزانین چۆن ئەبێ ئەم ئازوگوێزە
ئاوی زۆر ئەوێ ئاردی بە پێزە