زۆر کەس لە ئاگر قازانج ئەبینێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  878 بینین
زۆر کەس لە ئاگر قازانج ئەبینێ
کەچی بۆ نەزان دەست ئەسووتێنێ
ئەوی بیزانێ و بیهێنێتە کار
لە ئاگر ئاڵتوون ئەبا بە خەروار
ئەوەیش نەیزانێ کە چی پێ ئەکرێ
دووکەڵ و خۆڵ و گەرمای پێ ئەبڕێ
گەورەیش بە سروشت وەک ئاگر وایە
خراپە و چاکەی وا لە بارایە
بەڵام بەو شەرتەی بە عەقڵ و فنوون
یا بۆ ماکینە یا بۆتەی ئاڵتوون
بە کاری بێنێ نەوەک بۆ خەرمان
پێی بسووتێنێ و زیان بۆ خزمان
ئەڵێن کە قەومێک ئاتەش پەرەست بوون
ئەو خەرافاتە ئێستا بەسەرچوون
ئایینی ئیسلام دیموقراتییە
موسوڵمانی ڕاست ڕوو لە هاتییە
ئێمە عەقڵمان وەها ببڕێ
لەم لاو لەو لامان ئاگر ئەگڕێ
وا چاکە وەک ئەو ئەسحابەی سەفەین
لە هەرا خۆمان بێ تەرەف لادەین
نانی موعاویە و نوێژی پشت عەلی
لە مەعرەکەیش دا «جلوس التلِ»