چەند خۆشە مەردوم ئینسانی ناو بێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
862 بینین
چەند خۆشە مەردوم ئینسانی ناو بێ
بە تەنها ماڵە گلێنەی چاو بێ
یوسف لە کاری خوادا ئاڵا بوو
هەر هێندەی خۆش بوو کە لە چاڵا بوو
من ڕۆژی حەشرم بۆیە لا شەوە
کە دیسان تێکەڵ بە خەڵک ئەبمەوە
ئەلەکتریکمان کەوتۆتە نۆرە
بۆیە ئەمەندە تالبی زۆرە
بەری دوو برا بەربوونە هەرا
ئێستا دوو برا بوون بە دۆ بڕا
تاعوون و وەبا پێکەوە هاتوون
هەر دوکیان لە دەست.... هەڵاتوون
ئەوان بە جووتە بەڕێیان ئەکەن
بۆ سەر ئەوانەی سەرپێچی ئەکەن
کەوابێ ئێمە لێیان ناترسین
برسیش بین دیسان بە ڕا و پرسین
ئەو جووتە هەر چەند جووتە وەشێنن
چوارەی لای ئێمە ئەوان ئەشکێنن
قسە هەزارە و دوانی بەکارە
وەبا بێ و با بێ مەرگ بۆ هەژارە
خواستی خوا وایە پیاوی دەوڵەمەند
قەزای ئاسمانیش پێی ناخاتە بەند