پاییزمان بۆ هات بۆ گیپە خواردن
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
815 بینین
پاییزمان بۆ هات بۆ گیپە خواردن
هەندێکیش پارووی یەکتر ژماردن
دوای گیپە کەشکەک نەریتی کۆنە
کە بەفریش باری دۆکەشک و ڕۆنە
ئەم دوو خۆرایە خۆڕایی نییە
کەم دەست ئەیزانێ مەسرەفی چییە
ئیمام باییڵدی هێندەی تێ نەچوو
لە تاوا ئیمام لەسەر خۆی ئەچوو
کەشکەکیش ترێ ڕەشکەی پێ ئەوێ
ئەمانە بۆ من چۆن ڕێک ئەکەوێ
کەشکەک و گیپە بۆ دەورێ خۆش بوو
کەسوکار بۆ یەک دڵ بە پەرۆش بوو
ئێستا برایی بڕاوەتەوە
چرای دڵ ڕوونی کوژاوەتەوە
ئەیشخوا و پێت ئەڵێ لە باتی چاکە
مویێ لە بەراز بێتەوە چاکە
هەرچی ئەیبینی هەتا حەیوانات
بیلاوێنیەوە ڕوو ئەکاتە لات
ئەم بنیادەمە هی وامان تیایە
خزمەتی ئەکەی ڕەنجت بە بایە
ئەگەر ئایینی ئیسلام بگرین
وەک براین ڕەخنە لە یەکتر ناگرین