سەرکەوتن بۆ جێی بەرز چەند گرانە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
943 بینین
سەرکەوتن بۆ جێی بەرز چەند گرانە
هاتنەخوارەوە هێندە هاسانە
کە بەرز بوویتەوە هەوادار ئەبی
لە پەستیدا بی هیوادار ئەبی
هەوات کەوتەسەر پێی بایی ئەبی
بایی بی لای خوا پووڵ بایی ئەبی
دەساڵ ڕەنج ئەدەی دۆستێ ئەگری
بە ساتێ وای لێ ئەکەی ئەگری
بە تکە تکە گۆزە پڕ ئەبێ
کە بە قڵپ ڕژا کوتوپڕ ئەبێ
کە بە ڕەنجی شان چشتێ پەیدا کەی
هەڵناگرێ شەن و کەوی تێدا کەی
ئەوی دەست کەوێ بە بادی هەوا
بایەخی نییە بە فیڕۆ ئەروا
دوو کەلیمەیە دەوری های و هوو
ئەوی بە هوو هات بەهای لەدەست چوو
ئەمانە واتەی گوێ ئاگردانە
ئێستا دەور دەوری تۆپ ئاگردانە
ئەبینن دەوڵەت ڕووی کردە کەسێ
عەقڵ و حیکمەتی تیا دە حەبەسێ
هەیشە بە زۆری شەقی ئەخوڕێ
بەو شەقە حەقی بێدەست ئەخورێ