مار و دووپشک و زەردەواڵە و مێش
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
898 بینین
مار و دووپشک و زەردەواڵە و مێش
هاوین دەست ئەکەن بە ئازار و ئێش
زستانان زۆریان ئەچنە کونەوە
چەندێ لە یەخەی عالەم ئەبنەوە
ماری پێدرا و دووپشکی مەلعوون
لە هەر چوار فەسڵا وا پێمان فێر بوون
لە پڕ چزەمان لێ هەڵدەستێنن
بە ژانی ژاریان دڵمان یێشێنن
با وجوود ئێمە بەوانە فێرین
بە خۆشی خۆشی هەڵیان ئەبژێرین
حکوومەت وەک شوان گورگ ئەتەرێنێ
مەڕ دووی ئەکەوێ خۆی واز ناهێنێ
وتمان خوێندەوار پارێزگارترە
ئەوی خوێندوویە باڕەی خۆشترە
بە حوشتریان وت خوا کوڕی دایتێ
وتی بە من چی، بێ بار نیم ساتێ
لەگەڵ ئەم دەردەیش ڕوانیمە دنیا
وەنەبێ ئێمە وابین بە تەنیا
دنیا بە جارێ وەها تێک چووە
شێواوە ئەڵێی خومخانەی جووە
ئێمە لە گەلێ جێگا چاکترین
قەلەباچکەین بۆ شەیتان شاترین