هەر بارگیرێکی بە سەرسم فێر بێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  869 بینین
هەر بارگیرێکی بە سەرسم فێر بێ
پێی ئەڵێن یاخوا ناڵبەندت کوێر بێ
تەربییە لەسەر دایک و باوک فەرزە
کە تەربییە بوو کردەوە بەرزە
خووی چاک لە خوێندن گەلێ پێشترە
بەدخوویی عالم زۆر بە ئێشترە
ئەو خراپەیەی خوێندەوار ئەیکا
ئوممی نایزانێ دەرکی پێ ناکا
ئەوەیش باوکی چاک تەربییەی دابێ
هیچ باوەڕ مەکە سەردەرهەوا بێ
نازی ڕۆڵەی چاک لەسەر باوکە
تیشکی تەربییە وەک چراوکە
زۆری وایش هەیە کەوا ئەسیلە
کەچی لە ڕاستی شەیتان زەلیلە
شەیتان هەر لە دووی چاکان دەگەڕێ
ئەیەوێ پیاوچاک لە دین وەرگەڕێ
ئەگینە بۆ بەد ئەو هەوڵ نادا
هەیە کە دەرسی ئیبلیس دائەدا
جلی ڕەش و بۆر کە چڵک هەڵئەگرێ
لەککەیێ لەسەر سپی ئەبینرێ
کەمترە تاڵیی ترۆزی و خەیار
هەنگوین و کاڵەک ئەبنە ژاری مار