کە تۆ خۆت ناسی خوایشت ئەناسی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  627 بینین
کە تۆ خۆت ناسی خوایشت ئەناسی
ئەوسا کەس ناڵێ: کاسی و کەساسی
خواناس لە بەندی بەندەگی دوورە
لە بەندە دوورە وا ڕەنگی سوورە
ستەمە لەگەڵ ئەبنای زەمانا
هەڵکەی لە شێوەی ئەمن و ئەمانا
هی ئەوتۆ هەیە کە زۆر لێت پرسی
ئەو وائەزانێ کە لێی ئەترسی
زۆر کەسمان دیوە کاتی کەم دەستی
ڕوویەکی خۆش و دۆستی پەرەستی
لەگەڵ بە ڕێکەوت کە کەوتە کارێ
خۆی بەرز گرتووە هێندەی چنارێ
کاتێ لینگەوقووچ کەوتوەتە خوارێ
سەروگوێلاکی ورد بووە بە جارێ
ئەوی لە پێشا بایەزیدێ بوو
بای ڕێکەوت و «با»ی بایەزید لاچوو
هەموو ئایەتێک لە سوورەی قورئان
فەرموویە خۆتان لادەن لە شەیتان
بەڵام ئەو هێندە فریوی زۆرە
زۆر کەس لە خشتە ئەبا بە نۆرە
خوا وای داناوە ئەبێ هەروا بین
ئێمە لە ئادەم عاقڵتر نابین