وا بە خلە خل مام ڕەمەزان هات

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  859 بینین
وا بە خلە خل مام ڕەمەزان هات
ڕەمەزان بۆ ژنان مەرگی موفاجات
کەس مانگی نەدی تۆپ ئاگر درا
نەمزانی چۆن بوو ئەم حوکمە درا؟
کەیفی خۆیانە کە من نەیگرم
چیمە لە خەڵکی لە بەریان مرم
ڕەمەزان ناویان ناوە «مَرَضان»
دوو نەخۆشییە برسی و ئاوبەندان
برسیەتی ڕاستە هەژار بێ نانە
ئاوبەندیش نییە کە ئاوبەندانە
کەبابخانەکەم دەرکی داخرا
بێ کەبابی هات بە سەرا، سەرا
بەڵام ئەوانەی خوایان خۆش ئەوێ
بە بارقورسی نەوس شانیان نانەوێ
کە هیوای دایە فیکر و یادی خوا
هەرچی کە ویستی لە بەهەشت ئەخوا
پیاو باری خەمی کە هات بە سەرا
ئەبینی چەند ڕۆژ ئیشتیهای بەسرا
دیارە بە خۆشی و زەوقی ڕۆحانی
زۆر گوێ ناداتە خواردنی نەفسانی
بەڵام شەیتانمان ئەمەندە زاڵە
ئەم پەندە لامان وەک گڕوگاڵە